ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
یەکێک لەو کێشە هەرە ئاڵۆز و باوانەی ڕووبەڕووی خێزانەکان دەبێتەوە، دیاردەی “کەمخۆری یان نەمانی ئارەزووی خواردن”ـە لای منداڵان. ئەم بابەتە تەنها پەیوەست نییە بە جەستەوە، بەڵکو تێکەڵەیەکە لە هۆکاری دەروونی، ژینگەیی.
دکتۆر پشدەر عەبدوڵڵا ئیسماعیل، پسپۆڕی وردەکاری نەخۆشییەکانی منداڵان، بەپێی قۆناغەکانی تەمەن هۆکارەکانی کەمخۆری پۆلێن دەکات:
1. قۆناغی ساوایی (لە کاتی لەدایکبوونەوە تا ١ ساڵان)
لەم قۆناغەدا گەشەی جەستەیی زۆر خێرایە، بۆیە هەر کەمخواردنێک پێویستی بە سەرنجی ورد هەیە:
• ددانهاتن (Teething): ئەمە باوترین هۆکارە. ئاوسانی پووک و ئازار وا دەکات منداڵەکە نەک هەر خواردنی ڕەق، بەڵکو مەمکەمژە و مەمۆڵەی شیرەکەشی پێ ناخۆش بێت.
• پێدانی زۆری شلەمەنی: هەندێک دایک و باوک بڕێکی زۆر ئاو یان شەربەتی میوە بە منداڵ دەدەن، گەدەی منداڵەکە بچووکە و بەو شلەمەنیانە پڕ دەبێت و شوێن بۆ خواردن نامێنێتەوە.
• نەخۆشییە کاتییەکان: هەوکردنی گوێی ناوەند یان برینی ناو دەم (کەڕووی دەم) خواردن بۆ منداڵ دەکاتە کارێکی بەئازار.
• دواکەوتنی پێدانی خواردنی ڕەق: ئەگەر منداڵەکە لە دوای ٦ مانگانەوە فێری تامی جیاواز نەکرێت، دوایی لە تەمەنی ٩-١٠ مانگاندا زۆر بە زەحمەت خواردنی نوێ وەردەگرێت.
2. قۆناغی نەومنداڵی (١ بۆ ٣ ساڵان)؛ “تەمەنی سەربەخۆیی”؛ ئەم تەمەنە بە قۆناغی “مانگرتن لە خواردن” دەناسرێت، هۆکارەکانی بریتین لە:
• خاوبوونەوەی گەشە: لە ساڵی یەکەمدا منداڵ کێشی دەبێتە سێ ئەوەندە، بەڵام لە ساڵی دووەمدا گەشە زۆر خاو دەبێتەوە. لێرەدا جەستە پێویستی بە بڕە خواردنی کەمترە، دایکان وا دەزانن منداڵەکە نەخۆشە، بەڵام لە ڕاستیدا جەستەی وای پێویستە.
• چەکەرەکردنی کەسایەتی (Autonomy)؛ منداڵ لەم تەمەنەدا دەیەوێت بڵێت “من هەم” و “نا” بەکار دێنێت بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی خۆی بسەلمێنێت. خواردن یەکێکە لەو بوارانەی کە منداڵ دەتوانێت تیایدا “نا” بڵێت و دایک و باوک ناچار بکات بە قسەی بکەن.
• ترس لە خواردنی نوێ (Food Neophobia)؛ ئەمە دیاردەیەکی دەروونییە کە منداڵ دەترسێت لە تاقیکردنەوەی هەر خواردنێک کە ڕەنگەکەی یان شێوەکەی بۆی نامۆ بێت.
• سەرقاڵی بە جیهانی دەوروبەر: یاری و گەڕان لای منداڵی ٢ ساڵان زۆر گرنگترە لە دانیشتن بۆ ماوەی ١٥ خولەک بۆ نانخواردن.
3. تەمەنی پێش قوتابخانە و قوتابخانە (٤ بۆ ١٠ ساڵ)
• خووی ناتەندروست: خواردنی “سناک” و شیرینی لە نێوان ژەمەکاندا ئاستی شەکر لە خوێن بەرز دەکاتەوە و مێشک سیگناڵی تێری دەنێرێت، هەرچەندە جەستە پێویستی بە ماددەی خۆراکییە.
• فشاری دەروونی و قوتابخانە: کێشەی نێوان هاوڕێکان، ترسان لە مامۆستا، یان گۆڕانی ژینگەی خێزانی (وەک لەدایکبوونی خوشک یان برایەکی نوێ) کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر ناوەندی برسییەتی هەیە لە مێشکدا.
• کەمیی چالاکی: بەسەربردنی کاتێکی زۆر بە دیار شاشەوە (تەلەڤیزیۆن و ئایپاد و هتد) دەبێتە هۆی ئەوەی میتابۆلیزمی جەستە خاو بێتەوە و منداڵەکە هەست بە برسیەتی نەکات.
هۆکارە پزیشکییە گشتگیرەکان (پێویستی بە پشکنین هەیە)
ئەگەر کەمخواردنەکە لەگەڵ دابەزینی کێش یان کەمئەوزەڵی (گەشەنەکردن)ـدا بوو، پێویستە بیر لەم هۆکارانە بکرێتەوە:
1. کەمخوێنی (Iron Deficiency)؛ کەمئاسنی یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی “نەمانی ئارەزووی خواردن”. ئەوە سووڕێکی داخراوە: کەمئاسنی حەزی خواردن ناهێڵێت، کەمخواردنیش رێژەی ئاسن کەم دەکات.
2. قەبزی درێژخایەن: کاتێک ریخۆڵەگەورە و رێکە (کۆڵۆن) پڕ بێت لە پاشماوە، منداڵەکە هەست بە قورسی و تێری دەکات و زۆرجار دڵی تێکەڵ دێت کاتێک خواردنی پێ دەدرێت.
3. مشەخۆر و کرمی گەدە: ئەم مشەخۆرانە ماددە خۆراکییەکان دەخۆن و دەبنە هۆی ئازاری سک و نەمانی حەزی خواردن.
4. پێنەکەوتن و هەستیاری بە هەندێک خواردن: وەک هەستیاری بە گەنم (Celiac disease) یان شیر، کە دەبێتە هۆی ئازاری ناوسک و منداڵەکە لە ترسی ئازار نایەوێت نان بخوات.
چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکەین؟
• یاسای ٢٠ خولەک: ڕێگە مەدە ژەمی نانخواردن لە ٢٠ بۆ ٣٠ خولەک زیاتر بخایەنێت. ئەگەر نەیخوارد، سفرەکە کۆ بکەرەوە بەبێ تووڕەیی.
• تایبەتمەندی ژەمەکان: پێویستە ژەمی بەیانی، نیوەڕۆ و ئێوارە کاتی دیاریکراوی هەبێت و لە نێوانیاندا بڕێکی زۆر شیرینی و شەربەت نەدرێت بە منداڵ.
• بەشداریپێکردنی منداڵ: لە کڕینی سەوزە و میوە و ئامادەکردنی نان، منداڵەکە بەشدار بکە؛ ئەمە حەزی بۆ تاقیکردنەوەی ئەنجامەکە زیاد دەکات.

