رۆژنامەی ھەولێر

گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە؛ ١١ هەنگاوی زێڕین بۆ ڕزگاربوون لەو ئازارە

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

د. زاگرۆس غەفور داراغا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو و شەکرە و کوێرە گلاندەکان، کۆمەڵێک ڕێنمایی و ئامۆژگاریی گرنگ بۆ ئەو کەسانە دەخاتە ڕوو کەوا کێشەی گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدەیان هەیە؛ (GERD).
زۆربەی خەڵک گیرۆدەی سووتانەوەی سنگ و گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدەن؛ ئەمەش کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر کوالێتی ژیانیان دروست دەکات. دکتۆر زاگرۆس جەخت لەوە دەکاتەوە کە گۆڕینی شێوازی ژیان و ڕەچاوکردنی چەند خاڵێکی سەرەکی، نیشانەکانی ئەم حاڵەتە بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە.

ڕێنماییەکان بۆ کاتی خەوتن و حەسانەوە
• کات دیاری بکە: پێویستە ٣ کاتژمێر پێش خەوتن لە خواردن دوور بکەویتەوە.
• شێوازی خەوتن: لە کاتی خەوتندا هەوڵ بدە لەسەر لای چەپت بخەویت و سەرینەکەت کەمێک بەرزتر بێت بۆ ئەوەی ڕێگری بکات لە گەڕانەوەی ترشەڵۆک.
• دوای نانخواردن: هەرگیز دوای ژەمەکان یەکسەر ڕامەکشێ و مەخەوە، هەروەها زۆر خۆت مەچەمێنەرەوە.
گۆڕینی سیستەمی خۆراک و خواردنەوە
• ژەمە بچووکەکان: لەبری ٢-٣ ژەمی گەورە و قورس، ڕۆژانە ٤-٥ ژەمی بچووک بخۆ.
• خواردنە قەدەغەکراوەکان: دووربکەوە لە خواردنی تیژ (بەهارات)، چەوری، پیاز، دۆشاوی تەماتە و شۆکۆلاتە.
• مزرەمەنییەکان: شەربەتی مزرەمەنی فرێش ڕەنگە کێشەکەت زیاتر بکات، بۆیە وریایان بە.
• لیک زیاد بکە: جوینی بنێشت یارمەتیدەرە بۆ زیادکردنی لیک، کە دەبێتە هۆی هاوتاکردنی ترشەڵۆکی گەدە.

شێوازی ژیان و جەستە
• کێشی زیادە: ئەگەر کێشت زۆرە، دابەزاندنی کێش یەکێکە لە چارەسەرە سەرەکییەکان.
• جلوبەرگ: هەوڵ بدە جلی تەسک لەبەر نەکەیت، چونکە فشار دەخاتە سەر گەدە.
• دوورکەوتنەوە لە ماددەی زیانۆک؛ جگەرەکێشان، خواردنەوە کحولی و، گازییەکان و کافایین نیشانەکان خراپتر دەکەن.
• دۆخی دەروونی: خەم و دڵەڕاوکێ کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە؛ هەوڵ بدە بەو کارانەوە خۆت سەرقاڵ بکەیت کە ئارامت دەکەنەوە.
: “پابەندی بەم ڕێنماییە سادانە، لە بەکارهێنانی زۆرێک لە دەرمانەکان دەتپارێزێت.”