رۆژنامەی ھەولێر

شێرپەنجەی کۆڵۆن؛ بکوژە باوەکەی پیاوان و مەترسییە گەورەکەی سەر ژنان

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

 

شێرپەنجەی کۆڵۆن چیتر تەنها ناوێکی پزیشکی نییە، بەڵکو بووەتە یەکێک لەو نەخۆشینە پڕ مەترسیانەی ساڵانە دەبێتە بایس (باعیس) گیانی نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە جیهاندا؛ بەپێی ئامارە جیهانییەکان، ئەم نەخۆشییە بە سێیەم باوترین جۆری شێرپەنجە دادەنرێت و %10ـی کۆی جۆرەکانی شێرپەنجە پێک دەهێنێت، کە زۆرینەیان لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندایە.

ڕیزبەندی مەترسی: پیاوان لە پلەی یەکەمدا
داتاکان ئاماژە بە ڕاستییەکی تاڵ دەکەن؛ شێرپەنجەی کۆڵۆن باوترین جۆری شێرپەنجەیە لەنێو پیاواندا، لە کاتێکدا بۆ ڕەگەزی مێ، بە پلەی دووەم دێت لە دوای شێرپەنجەی مەمک. ئەمەش وایکردووە ببێتە دووەم هۆکاری گیانلەدەستدان بەهۆی شێرپەنجە لەسەر ئاستی جیهان.
لە “پۆلیپ”ـەوە بۆ وەرەم؛ گۆڕانکارییەکی بێدەنگ
ئەم نەخۆشییە بە زۆری لە شێوەی گرێچکەی بچووک و بێزیان (Polyp) دەست پێ دەکات. پزیشکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم گرێیانە لە سەرەتاوە هیچ نیشانەیەکیان نییە، بەڵام بە تێپەڕینی کات دەگۆڕێن و دەبنە وەرەمی شێرپەنجەیی. هەر بۆیە پسپۆڕان هۆشداری دەدەن کە تەمەنی سەروو پەنجا ساڵان، قۆناغی زەنگە و پێویستە پشکنینی پێشوەختە بکرێت، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی مێژووی بۆماوەیییان هەیە.
نیشانەکان و زەنگەکانی مەترسی
نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت، بەڵام باوترین نیشانەکان بریتین لە:
• دانانی خوێن لە پیسایی و قەبزی یان سکچوونی توند.
• ئازار و ئاوسانی ناوسک و هەبوونی لینجاو لە پاشەڕۆدا.
• کەمبوونی ئارەزووی خواردن و دابەزینی کێش بە شێوەیەکی بەرچاو.
• هەستکردن بە ماندوێتی بەردەوام و گێژی (بەهۆی کەمخوێنییەوە).
شێوازی ژیان؛ هۆکاری سەرەکی تووشبوون
هەرچەندە تەنها %5ی حاڵەتەکان پەیوەندییان بە بۆماوەییەوە هەیە، بەڵام زۆرینەی هۆکارەکان دەگەڕێنەوە بۆ شێوازی ژیانی ناتەندروست، وەک:
1. سیستەمی خۆراکی خراپ، قەڵەوی و کەمجووڵەیی.
2. زۆر خواردنی گۆشتی سوور و گۆشتی پارازتە (لەقوتووکراو).
3. جگەرەکێشان و خواردنەوەی کحول.
خۆپاراستن و چارەسەر
پسپۆڕان جەخت دەکەنەوە کە دەکرێت مەترسییەکان کەم بکرێنەوە لە ڕێگەی:
• خواردنەوەی ئاو: لانی کەم 5 کوپ لە ڕۆژێکدا.
• وەرزش: ڕۆیشتن و پاسکیلسواری.
• خۆراکی ڕیشاڵی: زیادکردنی میوە و سەوزەوات لە ژەمەکاندا.
سەبارەت بە چارەسەریش، ئەگەر نەخۆشییەکە لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا بێت، لە ڕێگەی نەشتەرگەرییەوە چارەسەری تەواو دەکرێت، بەڵام لە کاتی بڵاوبوونەوەی بۆ بەشەکانی تری جەستە، پزیشکان پەنا دەبەنە بەر چارەسەری تیشکی، کیمیایی و شەپۆلی دەنگی.

شێرپەنجەی کۆڵۆن ئەگەر زوو دەستنیشان بکرێت، یەکێکە لەو شێرپەنجانەی زۆرترین ڕێژەی چاکبوونەوەی هەیە. پشکنینی پێشوەختە تەنها هەنگاوێک نییە، بەڵکو پاراستنی ژیانە.