رۆژنامەی ھەولێر

میز بەخۆداکردنی شەوانەی منداڵ؛ کێشەیەکی پزیشکییە نەک تەمبەڵی!

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر

 

لە وەرزی سەرمادا، کێشەی “میز بەخۆداکردنی شەوانە” لای منداڵان ڕوو لە زیادبوون دەکات. ئەم بابەتە کە زۆرجار وەک شەرمێک لێی دەڕوانرێت، دەبێتە بارگرانییەکی دەروونی و جەستەیی بۆ منداڵ و دایک و باوکەکەی. پزیشکانی پسپۆڕ جەخت دەکەنەوە کە ئەمە حاڵەتێکی پزیشکییە و پێویستی بە تێگەیشتن هەیە نەک سزادان.

کەی بە “نەخۆشی” هەژمار دەکرێت؟
بەپێی پێناسە زانستییەکان، ئەگەر منداڵێکی تەمەن ٥ ساڵان یان گەورەتر، هەفتەی لانی کەم دووجار جێگەکەی تەڕ بکات و ئەم حاڵەتە بۆ ماوەی ٣ هەفتە یان زیاتر بەردەوام بێت، ئەوا بە “خۆتەڕکردنی شەوانە” دادەنرێت.
د. مستەفا عوسمان، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی گورچیلە و میزەڕۆ، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم گرفتە لەنێو کوڕاندا زیاترە و لایەنی بۆماوەیی ڕۆڵێکی سەرەکی تێدا دەبینێت؛ واتە ئەگەر دایک یان باوک لە منداڵیدا ئەم کێشەیەیان هەبووبێت، ئەگەری تووشبوونی منداڵەکانیان زۆرترە.

ڕێنماییە گرنگەکان بۆ خێزانەکان
بۆ مامەڵەکردنێکی دروست لەگەڵ ئەم گرفتە، د. مستەفا چەند خاڵێکی سەرەکی دەخاتە ڕوو:
1. تەمەنی چارەسەر: منداڵی خوار ٦ بۆ ٧ ساڵ پێویستی بە دەرمان نییە، چونکە هێشتا لە قۆناغی گەشەکردنی میزڵداندایە. بەڵام سەروو ٧ ساڵ پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت.
2. سزادان قەدەغەیە: بە هیچ جۆرێک نابێت منداڵ سزای جەستەیی یان دەروونی بدرێت، چونکە سزادان کێشەکە قووڵتر دەکات. لەبری ئەوە، دەبێت لەو شەوانەی جێگەکەی وشکە، پاداشت بکرێت.
3. پاراستنی نهێنی: باسکردنی کێشەی منداڵ لای خزم و دۆستان ستەمێکی گەورەیە؛ ئەم بابەتە دەبێت تەنها نهێنیی نێوان دایک و باوک و منداڵەکە بێت.
4. کۆنترۆڵی شلەمەنی: پێویست ناکات لە ڕۆژدا ئاو لە منداڵ بگیرێتەوە، بەڵام دوو کاتژمێر پێش نوستن دەبێت شلەمەنی کەم بکرێتەوە. هەروەها خواردنەوە کافاینییەکان (چا، قاوە، خواردنەوە گازییەکان) بە شەو و ڕۆژ کەم بکرێنەوە.

ئامارەکان و گەشەی منداڵ
منداڵ لە تەمەنی ٢ بۆ ٤ ساڵیدا فێری بەکارهێنانی تەوالێت دەبێت. هەرچەندە ڕێژەی خۆتەڕکردن بە تێپەڕبوونی تەمەن کەم دەبێتەوە، بەڵام بەپێی ئامارەکان:
• لە تەمەنی ٥ ساڵاندا: ٧٪ی کوڕان و ٣٪ی کچان ئەم کێشەیەیان هەیە.
• لە تەمەنی ١٨ ساڵاندا: ڕێژەکە بۆ تەنها ١٪ دادەبەزێت.

پەیامی کۆتایی پزیشک
زۆرجار دایک و باوک کاتێک دەبینن منداڵەکە بە دەرمان باش دەبێت و بە وەستاندنی دەرمانەکە دووبارە جێگەکەی تەڕ دەکاتەوە، بێ ئومێد دەبن. د. مستەفا ڕوونی دەکاتەوە کە ئەمە ئاساییە و ڕەنگە منداڵەکە تا تەمەنی ١٥ ساڵی پێویستی بە بەردەوامی بێت لەسەر چارەسەر، تا ئەو کاتەی جەستەی بە تەواوی کۆنترۆڵی میزڵدان دەکات.