رۆژنامەی ھەولێر

برنج و نەخۆشینی شەکرە؛ بخورێت یان تەرک بکرێت؟

ماکوان عێزەت – هەولێر
– هەولێر

 

بۆ زۆرێک لەو کەسانەی بەدەست نەخۆشی شەکرەوە دەناڵێنن، پرسیاری “ئایا برنج بخۆم؟” گەورەترین مەراقە. برنج کە پێکهاتەیەکی سەرەکیی سەر سفرەی کوردەوارییە، زۆرجار وەک دژمنی یەکەمی تووشبووانی شەکرە دەبینرێت، بەڵام ئایا ڕاستییە پزیشکییەکە چییە؟

لە ڕاستیدا وەڵامەکە بەپێی جۆری شەکرەکە و شێوازی چارەسەرەکەت دەگۆڕێت.
بۆ زۆرێک لە تووشبووانی نەخۆشی شەکرە، برنج تەنیا ژەمێکی ئاسایی نییە، بەڵکو گەورەترین دڵەڕاوکێی ڕۆژانەیە. بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری “ئایا برنج بخۆین یان نا؟”، د. یوسف خەتێ، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو و کوێرەڕژێنەکان، چەند ڕێنماییەکی گرنگ و زانستی دەخاتە ڕوو کە جۆر و شێوازی خواردنی ئەم دانەوێڵەیە دیاری دەکەن.
کێ بۆی هەیە برنج بخوات؟
بەپێی ڕێنماییەکانی د. یوسف خەتێ، بڕی ڕێگەپێدراوی برنج بەپێی جۆری شەکرە و شێوازی چارەسەرەکە دەگۆڕێت:
• بەکارهێنەرانی ئەنسۆلین: ئەوانەی شەکرەی جۆری یەکیان هەیە، یان جۆری دووەمن و گەیشتوونەتە قۆناغی وەرگرتنی دەرزی ئەنسۆلین، دەتوانن بڕێکی کەم برنج بخۆن و پێویست ناکات بە یەکجاری لێی بێبەش بن.
• بەکارهێنەرانی حەب: ئەگەر شەکرەکەت جۆری دووەمە و هێشتا بە حەب چارەسەر وەردەگریت، باشترە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاستی شەکر لە خوێندا برنج تەرک بکەیت.
• تووشبوانی نوێ: ئەوانەی تازە تووشی شەکرە بوون و تەنیا بە “پارێز” شەکرەکەیان کۆنترۆڵ دەکەن، وازهێنان لە برنج بۆیان باشترین بژاردەیە.
• قەڵەوی و کێشی زیادە: بۆ ئەو کەسانەی شەکرەیان هەیە و کێشیان زۆرە، برنج خواردن زیانی دووقاتە؛ بۆیە وازهێنان لێی بە تەواوی ڕێنمایی دەکرێت.
ڕیزبەندی باشترین و خراپترین جۆرەکانی برنج
هەموو برنجەکان یەک کاریگەرییان نییە، د. یوسف خەتێ ئاماژە بە جیاوازییەکانیان دەکات:
1. برنجی قاوەیی (برنجی شەکرە): باشترین جۆرە، چونکە پڕە لە ڕیشاڵی خۆراکی و زۆر بە هێواشی شەکرەکە بەرز دەکاتەوە.
2. برنجی دەنکدرێژ (بەسمەتی): بە پلەی دووەم دێت، چونکە ڕیشاڵی زیاترە و لە چاو برنجی کوردی تەندروستترە.
3. برنجی پارزنراو: تەنیا سەدا پێنج باشترە لە برنجی نەپارزنراو، واتە جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە.
4. برنجی کوردی (خڕ): خراپترین جۆرە بۆ نەخۆشی شەکرە، چونکە زۆر بە خێرایی لە خوێندا هەڵدەمژرێت و شەکرەکە بەرز دەکاتەوە.
تێبینی: زۆر کەس وا دەزانن ئامادەکردنی برنج بە سرکە یان بەهارات زیانەکەی کەم دەکاتەوە، بەڵام ئەمە هیچ بنەمایەکی زانستیی نییە. سرکە و ساس کار ناکەنە سەر بڕی شەکری ناو برنجەکە.
دەرئەنجام
هەرچەندە برنج بەشێکی دانەبڕاوە لە خوانەکانمان، بەڵام بۆ پاراستنی تەندروستی، د. یوسف خەتێ جەخت دەکاتەوە کە “ئەگەر شەکرەدار برنج لەبیر خۆی بباتەوە، باشترە بۆ تەندروستییەکەی.”