رۆژنامەی ھەولێر

جیهان دژی “بکوژە بێدەنگەکە” یەک دەگرێت

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

 

چواری شوبات، جیهان یادی ڕۆژی جیهانی شێرپەنجە دەکاتەوە. ئەم ڕۆژە تەنیا یادکردنەوەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکو وێستگەیەکە بۆ یەکخستنی دەنگەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری بۆ ڕزگارکردنی ملیۆنان مرۆڤ لەو نەخۆشییەی کە ساڵانە هەڕەشە لە مرۆڤایەتی دەکات.

بەپێی ئامارە جیهانییەکان، شێرپەنجە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی گیانلەدەستدان، بەڵام پەیامی ئەمساڵ “جیاوازییەکانمان یەکمان دەخات” ئەم دروشمە ئاماژە بەوە دەکات کە هەرچەندە چیرۆکی هەموو تووشیارێک، جۆری شێرپەنجەکەی و، ژینگەی کۆمەڵایەتیی هەریەکێکمان جیاوازە، بەڵام هەموومان لە یەک ئامانجدا یەک دەگرین، ئەویش بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەیە.

ڕاستییەکان چی دەڵێن؟
توێژینەوە پزیشکییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە جۆرەکانی شێرپەنجەی (مەمک، سیپەلاک، کۆڵۆن و ڕیخۆڵە، لەگەڵ پرۆستات) باوترین جۆرەکانن؛ جا خاڵی هیوابەخش ئەوەیە کە دەکرێت ڕێگە لە سێهەک (١ لەسەر ٣)ـی هەموو جۆرەکانی شێرپەنجە بگیرێت ئەگەر کۆمەڵگەکان ئاستی هۆشیارییان بەرز بێتەوە.
هۆکارە مەترسیدارەکان؛ چۆن خۆمان بپارێزین؟
پزیشکان جەخت دەکەنەوە کە ٣٠٪ بۆ ٥٠٪ی حاڵەتەکانی شێرپەنجە دەکرێ ڕێگەیان لێ بگیرێت تەنیا بە گۆڕینی شێوازی ژیان. ئەو هۆکارە سەرەکیانەی دەبنە هۆی مردن بەم نەخۆشییە بریتین لە:
• جگەرەکێشان: گەورەترین دژمنی سییەکان و هۆکاری یەکەمی شێرپەنجەیە.
• قەڵەوی: بەرزیی پێوەری بارستەی جەستە (BMI) مەترسییەکی شاراوەیە.
• خۆراکی ناتەندروست و نەبێوەی: کەمخواردنی سەوزە و میوە و پەنابردن بۆ خواردنەوە کحولییەکان.
• تەمەڵی جەستەیی: کەمی چالاکیی وەرزشی بەرگری جەستە لاواز دەکات.
• ژینگە: پیسداگەڕانی هەوا وەک هۆکارێکی سەرەکی بۆ شێرپەنجەی سیپەلاک دەستنیشان کراوە.

دەستنیشانکردنی پێشوەختە: جیاوازیی نێوان ژیان و مردن
گرنگترین پەیامی ئەم ڕاپۆرتە ئەوەیە کە “ترس لە پشکنین، مەترسییەکە گەورەتر دەکات.” دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا نەک هەر ئەگەری چاکبوونەوە بە ڕێژەیەکی زۆر زیاد دەکات، بەڵکو بارگرانییە دارایی و دەروونییەکانی سەر نەخۆش و خێزانەکەشی کەم دەکاتەوە.

بەرپرسان و پزیشكان هانی هاووڵاتیان دەدەن كە:
1. دامەزراندنی هۆشیاری: گۆڕینی تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆ نەخۆشییەکە و ناساندنی ڕێگاکانی خۆپاراستن.
2. هاندان بۆ پشکنین: هاندانی تاکەکان بۆ ئەنجامدانی پشکنینی خولی و دەستنیشانکردنی پێشوەختە، کە دەبێتە هۆی دەرئەنجامی باشتر لە چارەسەرکردندا.
شێرپەنجە کۆتایی ژیان نییە، بەڵکو جەنگێکە دەکرێت تێیدا سەرکەوتوو بین ئەگەر بە چەکی “زانیاری و هۆشیاری” خۆمان پۆشتە بکەین. سبەی با هەموومان پێکەوە بەشدار بین لە بڵاوکردنەوەی هیوایەک بۆ ژیانێکی تەندروستتر.