ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
مەعروف مەجید سەرۆكی ڕێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە لە لێدوانێكی بۆ (هەولێر) دەڵیت:” دوای ئەوەی لەبەرواری ٤ی تەمووزی 202٥ پۆستێكمان كرد لەسەر بەڕێز( كاك عەلی گەزەڵانی)، خاوەنپێداویستی تایبەت، لە وەرزی هاوین سەرەڕای كارەكەی خۆی، بەشێك لەو درەختانەی ئاو دەدا كە لە تەنیشت عارەبانەكەیەوەن، هەر ئەو كات قسەمان كرد لەگەڵ بەڕێزان، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و كاك حاكم بەرزان بەڕێوەبەری چاودێری گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی چەمچەماڵ، خۆشبەختانە سوپاس و پێزانینی وەزیر درا بە كاك عەلی. .
مەعروف مەجید گوتیشی:” عەلی عومەر، دانیشتووی ناحیەی تەكیەی سەر بە قەزای چەمچەماڵ، سەرەڕای ئەوەی خاوەن پێداویستی تایبەتە ڕۆژانە سەرقاڵی كار و كەسابەتی خۆیەتی لەگەڵ عەرەبانەكەی.
هەڵكەوتەی شوێنی عەرەبانەكەی كاك عەلی دەكەوێتە سەر ڕێگەی تەكیە- سلێمانی، لەناو بازاڕی ناحیەكە، ئەم بەیانییە لە كاتی تێپەڕیندا بینیم كاك عەلی، سەرقاڵی ئاودانی یەكێك لە درەختەكانی سەر شۆستەكەیە . ئەوەی سەرنجی منی ڕاكێشا بۆ ئەو
دیمەنە، ئەم پیاوە بەڕێزە ژینگەدۆستە، وێڕای ئەوەی خاوەن پێداویستی تایبەتە و تەنها عارەبانەیەكی
هەیە بەڵام بە ئەركی سەرشانی خۆی دەزانێ لەو ئاوەی هێناوێتی بۆ خواردنەوە بڕێكی بكاتە ژێر ئەو درەختانەوە. بیرم لەوە كردەوە، دەیان خەڵكی تریش هەن نەك ئامادەنین نەمامێك ئاو بدەن، بۆ بەرژەوەندی خۆیان ئامادەن دەیان نەمام ببڕنەوە.
كەواتە دڵفراوانی و خزمەتكردن، نە بە دەوڵەمەندییە، نە بە لەشساغی و تەندروستباشییە.

