رۆژنامەی ھەولێر

نەشتەرگەریی ڕاکێشانی چاو؛ لەپێناو جوانی و باشترکردنی بینیندا

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

 

 

نەشتەرگەریی ڕاکێشانی چاو (Blepharoplasty) تەنها ڕێکارێکی جوانکاری نییە، بەڵکو لە زۆر حاڵەتدا پێویستییەکی تەندروستییە بۆ باشترکردنی کوالێتی ژیانی مرۆڤ. لەم ڕاپۆرتەدا، د. بورهان تاهیر قەرەداغی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری، تیشک دەخاتە سەر گرنگی و وردەکارییەکانی ئەم نەشتەرگەرییە.

ئامانجەکانی نەشتەرگەرییە بۆ ئەوەی چاو گەنج ببێتەوە
ئەم ڕێکارە پزیشکییە بریتییە لە لابردنی پێستی زیادە، ماسوولکە و چەوری و بەزی کەڵەکەبووی ناو پێڵووی سەرەوە یان خوارەوەی چاو. دکتۆر بورهان ئاماژە بەوە دەکات کە هۆکارەکانی ئەنجامدانی ئەم نەشتەرگەرییە بۆ دوو لایەنی سەرەکی دابەش دەبن:
١. لایەنی کارایی (تەندروستی):
• باشتربوونی بینین: لە کەسانی بەتەمەندا، دابەزینی پێڵووی سەرەوە دەبێتە بەربەستی بینین. بە ڕاکێشانی ئەم پێستە، مەودای بینین فراوان دەبێت.
• ڕزگاری لە ماندووێتی: قورسداگەڕانی پێڵووی چاو دەبێتە هۆی ماندووبوونی بەردەوامی چاو، کە ئەم نەشتەرگەرییە ئەو ناڕەحەتییە ناهێڵێت.
٢. لایەنی جوانکاری:
• کەمکردنەوەی نیشانەکانی پیربوون: تەمەن دەبێتە هۆی خاوبوونەوەی ماسوولکەکانی دەوروبەری چاو و دابەزینی برۆ، ئەم ڕێکارە پێستەکە توند دەکاتەوە و دەرکەوتنێکی گەنجانە بە چاوەکان دەبەخشێتەوە.

ڕێنماییە زێڕینەکانی پاش نەشتەرگەری
بۆ دەستکەوتنی باشترین ئەنجام و دوورکەوتنەوە لە ئاڵۆزییەکان، پێویستە نەخۆش چەند هەنگاوێکی گرنگ پەیڕەو بکات کە دکتۆر بورهان جەختیان لێ دەکاتەوە:
• کەمکردنەوەی ئاوسان: لە شەوی یەکەمدا هەموو کاتژمێرێک بۆ ماوەی ١٠ خولەک “پادی سارد” بەکار بهێنە. لە ڕۆژانی دواتردا ٤ بۆ ٥ جار دووبارەی بکەرەوە.
• بەکارهێنانی دەرمان: پابەندبوون بە بەکارهێنانی قەترە، مەڵهەم و ئازارشکێنەکان وەک ئەوەی پزیشک بۆی دیاری کردوویت.
• دۆخی خەوتن: بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لە کاتی خەوتندا سەرت بە بە بەرزی (بە پشتییەک) ڕابگرە.
• پاراستن: بەکارهێنانی چاویلکەی خۆر بۆ پاراستنی پێڵووی چاو لە تیشکی زیانبەخش.
ماوەی چاکبوونەوە: بەپێی ئاماژەکانی پزیشک، ئاوسانی شوێنی نەشتەرگەرییەکە بە شێوەیەکی گشتی لە ماوەی ١٠ بۆ ١٤ ڕۆژدا کەم دەبێتەوە و شوێنەوارەکەی بەرەو چاکبوونەوەی تەواو دەچێت.
کورتەیەک دەربارەی پزیشک: د. بورهان تاهیر قەرەداغی، پسپۆڕی ناسراوی بواری نەخۆشییەکانی پێست، جوانکاری و لەیزەرە. خاوەن ئەزموونێکی زۆرە لە ئەنجامدانی ڕێکارە جوانکارییەکانی دەموچاو و نەشتەرگەرییە وردەکانی پێڵووی چاو، و بە یەکێک لە پزیشکە دیارەکانی ئەم بوارە دادەنرێت کە پەیڕەوی نوێترین تەکنەلۆژیا و ستانداردە جیهانییەکان دەکات بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی هەرە سروشتی.