ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
ئازاری مل یەکێکە لەو کێشە تەندروستییە باوانەی کە زۆرجار بەهۆی شێوازی هەڵەی ژیان یان ماندووبوونی ماسوولکەکانەوە دروست دەبێت. بۆ تیشک خستنە سەر ئەم بابەتە، د. شوان شێروان عەلی ئەمین، پسپۆڕی نەشتەرگەری مێشک و گازەرەی پشت (فەقەرات) و دەمارەکان، کۆمەڵێک ڕێنمایی و چارەسەری سەرەکی بۆ کەمکردنەوەی ئەم ئازارانە دەخاتە ڕوو.
1. هەنگاوە سەرەتاییەکان: پشوو و چارەسەری ماڵی
د. شوان ئاماژە بەوە دەکات کە یەکەم هەنگاو بۆ چاکبوونەوەی ماسوولکە و شانەکان بریتییە لە پشوودان. پێویستە نەخۆش لەو چالاکیانە دوور بکەوێتەوە کە فشاری زیادە دەخەنە سەر مل.
هاوکات بەکارهێنانی سارد و گەرم وەک چارەسەرێکی کاریگەر ناوزەند دەکات:
• سەهۆڵ: بۆ کەمکردنەوەی هەوکردن و سڕکردنی ئازارەکە.
• گەرما: بۆ حەواندنەوەی ماسوولکەکان و چالاککردنی سووڕی خوێن.
• تێبینی: باشترە ڕۆژانە چەند جارێک و هەرجارە بۆ ماوەی (١٥-٢٠) خولەک بەکار بهێنرێن.
2. چارەسەرە کلینیکی و جەستەییەکان
جگە لە بەکارهێنانی دەرمانی ئازارشکێن بۆ کۆنترۆڵ و بەرزەفتکردنی هەوکردن، دکتۆر شوان جەخت لەسەر گرنگی چارەسەری فیزیایی دەکاتەوە. ئەم چارەسەرە لە ڕێگەی ڕاهێنانی تایبەتی بەهێزکردن و ڕاکێشانی ماسوولکەکانەوە، دەبێتە هۆی باشترکردنی جوڵە و نەهێشتنی ئازاری درێژخایەن. هەروەها مەساج وەک هۆکارێک بۆ کەمکردنەوەی گرژی و باشترکردنی سووڕی خوێن ڕۆڵی گرنگی هەیە.
3. گۆڕینی شێوازی ژیان و ڕێگری
بۆ ئەوەی ئازارەکە دووبارە نەبێتەوە، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکە چەند گۆڕانکارییەک لە شێوازی ژیاندا بە پێویست دەزانێت:
• ڕاستکردنەوەی دۆخی جەستە: پاراستنی هاوسەنگی جەستە لە کاتی دانیشتن و وەستان بۆ کەمکردنەوەی فشار.
• وەرزشکردن: کردنی چالاکی جەستەیی بەردەوام بۆ بەهێزکردنی ماسوولکەکانی مل.
• دۆخی خەوتن: بەکارهێنانی پشتییەکی گونجاو و خەوتن لەسەر پشت، کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان لەسەر تەندروستی فەقەرات هەیە.
کورتەیەک دەربارەی پزیشک: د. شوان شێروان عەلی ئەمین، پسپۆڕی نەشتەرگەری مێشک و فەقەرات و دەمارەکانە و خاوەن ئەزموونێکی زۆرە لە چارەسەرکردنی کێشە ئاڵۆزەکانی پەیوەست بە کۆئەندامی دەمار و گازەرە (فەقەرات)ـدا.

