ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای لەش یان ئەوەی پێی دەوترێت “تا”، یەکێکە لەو حاڵەتانەی کە زۆرترین دڵەراوکێ لای دایکان و باوکان دروست دەکات. بەڵام پزیشکان پێمان دەڵێن کە “تا” خۆی لە خۆیدا نەخۆشی نییە، بەڵکو نیشانەیەکی گرنگە کە جەستەی منداڵەکەمان ئاگادارمان دەکاتەوە لە بوونی نائاسایەتییەک لە ناوەوە، وەک هەوکردن یان هەر گرفتێکی تر.
د. کاوێس زەنگەنە، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان، ڕوونی دەکاتەوە کە پلەی گەرمای ئاسایی جەستە لە نێوان ٣٦.٥ بۆ 37.7 پلەدایە. هەرکاتێک ئەم پلەیە گەیشتە ٣٨ پلەی سیلیزی یان زیاتر، ئەوە بە “تا” هەژمار دەکرێت و پێویستی بە چاودێری و دەستوەردان هەیە.
چۆن لە ماڵەوە مامەڵە لەگەڵ تا بکەین؟
بۆ پاراستنی منداڵەکەت و هێورکردنەوەی جەستەی، د. کاوێس کۆمەڵێک هەنگاوی کرداری پێشنیار دەکات کە پێویستە هەموو دایک و باوکێک بیزانن:
1. سوککردنی جلوبەرگ: یەکەم هەنگاو کەمکردنەوەی جلوبەرگی منداڵەکەیە. داپۆشینی منداڵ بە لێفە و جلی ئەستوور نەک هەر تا دانابەزێنێت، بەڵکو گەرمای لە ناو جەستەدا قەتیس دەکات.
2. ڕێکخستنی کەشی ماڵ: پێویستە ژووری منداڵەکە فێنک بێت. پلەی گەرمای گونجاو بۆ ناو ماڵ لە کاتی بوونی تادا دەبێت لە دەوروبەری 25 پلەی سیلیزی بێت.
3. پێدانی شلەمەنی: تا دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی جەستە. بۆیە پێویستە بڕێکی زیاتر لە ئاو و شیر بە منداڵ بدرێت بۆ ئەوەی جەستەی بە شێداری بمێنێتەوە.
4. بەکارهێنانی ئاوی شلەتێن: تەڕکردنی جەستەی منداڵەکە یان زۆرترین بەشی پێستی بە ئاوی شلەتێن (نەک سارد) زۆر کاریگەرە. ئەگەر تا دانەبەزی، دەکرێت منداڵەکە بخرێتە ناو بانیۆ یان تەشتێکی ئاوەوە.
تێبینی گرنگ: هەرگیز ئاوی سارد بەکارمەهێنە، چونکە دەبێتە هۆی لەرز و نائارامکردنی زیاتری منداڵەکە.
5. دەرمانی دابەزێنەری تا: بەکارهێنانی دەرمان (وەک پاراسیتامۆڵ یان هاوشێوەکانی) دەبێت بەپێی کێشی منداڵەکە و ڕێنمایی پزیشک بێت، بە شێوەیەک کە هەر ٤ بۆ 6 کاتژمێر جارێک بێت.
کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت؟
ئەگەر پلەی گەرمای جەستە بەردەوام بوو لە بەرزبوونەوە و بەم هەنگاوانە دانەبەزی، یان ئەگەر منداڵەکە تووشی نیشانەی تری وەک بێهێزی زۆر، گۆڕانی ڕەنگی پێست، یان گریانی بێدەنگ بوو، پێویستە بەبێ دواکەوتن سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت بۆ دۆزینەوەی هۆکاری سەرەکی تاکە و وەرگرتنی چارەسەری پێویست.

