رۆژنامەی ھەولێر

زستان و ژانوبای ئەژنۆ؛ بۆچی لەم وەرزەدا ئازارەکان زیاد دەکەن؟

ماكوان عيززه‌‌ت – هەولێر

 

لەگەڵ دابەزینی پلەکانی گەرما و هاتنی وەرزی سەرما، زۆرێک لەو کەسانەی بەدەست کێشەی ژانوبا (سەوەفان)ـی جومگەی ئەژنۆوە دەناڵێنن، هەست بە زیادبوونی ئازار و ڕەقبوونی جومگەکانیان دەکەن. ئەم دیاردەیە تەنها هەستێکی دەروونی نییە، بەڵکو چەندین هۆکاری زانستی و فیزۆلۆژی لە پشتەوەیە.

بۆچی لە زستاندا ئازاری ئەژنۆ توندتر دەبێت؟
د. دێدەوان نامق ڕسول، پسپۆڕی ئێسک و شکان، ئاماژە بە چوار هۆکاری سەرەکی دەکات کە دەبنە هۆی زیادبوونی ئازاری ژانوبا لە وەرزی زستاندا:
• کرژداگەڕانی ماسوولکەکان: سەرما دەبێتە هۆی ئەوەی ماسوولکەکانی دەوروبەری ئەژنۆ تووشی جۆرێک لە کرژبوون ببن. ئەم پەستانە زیادەی سەر جومگەکە دەبێتە هۆی دروستبوونی ئازارێکی زیاتر.
• کەمبوونەوەی سووڕی خوێن: لە ئەنجامی سەرمای زستان، خوێنبەرەکان تووشی گرژبوون دەبن، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی چوونی خوێن بۆ ناوچەی ئەژنۆ و جومگەکە، کە دەرەنجام ئازارەکە چڕتر دەکاتەوە.
• کەمجووڵەیی و وەرزش‌نەکردن: بەهۆی نالەباری کەشوهەوا، زۆربەی خەڵک لە ماڵەوە دەمێننەوە و جووڵەیان کەم دەبێتەوە. کەمبوونی وەرزشی ڕۆژانە دەبێتە هۆی ڕەقبوونی جومگەکان و لاوازبوونی ماسوولکە پاڵپشتەکانی ئەژنۆ.
• زیادبوونی هەستیاری بۆ ئازار: توێژینەوەکان دەریدەخەن کە لە وەرزی زستاندا، مرۆڤ هەستیارتر دەبێت بەرامبەر بە ئازار و کۆئەندامی دەمار بە شێوەیەکی خێراتر پەیامی ئازار دەگەیەنێت.
چۆن خۆمان بپارێزین؟
بۆ ڕێگریکردن لەم ئازارانە، پزیشکانی پسپۆڕ ئامۆژگاری هاووڵاتیان دەکەن کە بە شێوەیەکی باش جومگەی ئەژنۆیان لە سەرمای زستان بپارێزن، جلوبەرگی گەرم لەبەر بکەن و، لە ناو ماڵدا بەردەوام بن لە ئەنجامدانی هەندێک جووڵەی وەرزشی سادە بۆ ئەوەی جومگەکانیان بە نەرمی بمێنێتەوە.