رۆژنامەی ھەولێر

دووگیان و چۆنیەتیی تێپەڕاندنی قورسترین قۆناغەکانی دووگیانی بە سەلامەتی

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

 

لەگەڵ دەسپێکی قۆناغی دووگیانی، جەستەی دایک ڕووبەڕووی چەندین گۆڕانکاریی فیزۆلۆژی و دەروونی دەبێتەوە. د. بنار ئەحمەد دزەیی، پسپۆڕی بواری منداڵبوون و ئافرەتان، لە ڕێگەی چەند ڕێنماییەکی زانستییەوە تیشک دەخاتە سەر گرنگترین ئەو هەنگاوانەی کە پێویستە دایکان بیگرنە بەر بۆ پاراستنی تەندروستی خۆیان و کۆرپەلەکانیان.

سێ مانگی یەکەم؛ ئالنگارییە گەورەکە
د. بنار ئاماژە بەوە دەکات کە مانگەکانی یەکەمی دووگیانی بە “قورسترین قۆناغ” دادەنرێت، چونکە دایک تێیدا تووشی نیشانەکانی وەک:
• هێڵنجدان و سەرگێژخواردن.
• ئازاری ناوچەی سک.
• لەدەستدانی ئارەزووی خواردن.
کۆڵەکەکانی پاراستنی تەندروستی دایک و کۆرپەلە
بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە بە کەمترین گرفت، دکتۆرە بنار ئەم ڕێنماییانە بە پێویست دەزانێت:
١. کواڵێتی خۆراک و ڤیتامینەکان: پێویستە دایکان بایەخێکی تەواو بدەن بەو خۆراکانەی بەهای خۆراکییان بەرزە، وەک (سەوزەوات، میوە و چەرسات). لە بەرامبەردا دەبێت بە تەواوی دووربکەونەوە لە خواردنە ناتەندروستەکان و ئەو گۆشت و خۆراکانەی کە بە باشی نەکوڵاون، چونکە مەترسی بۆ سەر کۆرپەلە دروست دەکەن. هەروەها جەخت دەکاتەوە لەسەر خواردنی ڤیتامینەکانی تایبەت بە دووگیانی بە شێوەیەکی ڕێک و پێک.
٢. شێوازی ژیانی ڕۆژانە:
• خواردنەوەی ئاو: پێویستە بە بەردەوامی و بە بڕی پێویست ئاو بخورێتەوە.
• خەو و پشوودان: پێویستە دایک شەوانە زیاتر لە 8 کاتژمێر بخەوێت بۆ ئەوەی جەستەی وزەی پێویستی هەبێت.
• وەرزش: ئەنجامدانی پیادەڕەوی (ڕۆیشتن) زۆر گرنگە بۆ چالاککردنی سووڕی خوێن و بەهێزکردنی جەستەی دایک.
هێڵە سوورەکان؛ ئاگاداری ئەمانە بن!
لە کۆتایی ڕێنماییەکانیدا، د. بنار ئەحمەد هۆشداری دەدات لە چەند ڕەفتارێکی مەترسیدار:
“پێویستە خانمانی دووگیان بە تەواوی دووربکەونەوە لە جگەرە و نێرگەلە کێشان. هەروەها نابێت هیچ جۆرە دەرمانێک بەبێ ئاگاداری و ڕەزامەندی پزیشکی پسپۆڕ بەکار بهێنرێت، چونکە کاریگەری ڕاستەوخۆ و مەترسیداریان لەسەر گەشە و سەلامەتی کۆرپەلە دەبێت.”