رۆژنامەی ھەولێر

لە کاتی بڵاوبوونەوەی پەتا ڤایرۆسییەکاندا ژیانی ئەم گروپانە لە مەترسیدایە

لە چەند ساڵی ڕابردوودا، جیهان و ناوچەکە ڕووبەڕووی شەپۆلە جیاوازەکانی پەتا ڤایرۆسییەکان بوونەتەوە، کە دیارترینیان ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو. لە ئێستاشدا لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و هاتنی وەرزە جیاوازەکان، جارێکی دیکە جۆرە جیاوازەکانی پەتا ڤایرۆسییەکان سەریان هەڵداوەتەوە. پزیشکان هۆشداری دەدەن کە ئەم پەتایانە بۆ هەندێک گروپی کۆمەڵگە مەترسیی ڕاستەقینەن و پێویستیان بە چاودێریی ورد هەیە.

گروپە بەرمەترسییەکان کێن؟
د. ڕێباز هەمزە سار مەمی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و هەناو، ئاماژە بەوە دەکات کە ئێستاکە چەندین جۆری پەتای ڤایرۆسی بڵاو بوونەتەوە. ناوبراو جەخت دەکاتەوە کە دەبێت زۆر ئاگاداری ئەو کەسانە بین کە ئەگەری تووشبوونیان بە شێوەیەکی توند هەیە، چونکە ڕەنگە ژیانیان بکەوێتە مەترسییەوە.
بە وتەی ئەم پزیشکە پسپۆڕە، ئەو گروپانەی کە پێویستە پارێزگارییەکی تایبەتیان لێ بکرێت بریتین لە:
• تەمەن سەروو 60 ساڵان: بەهۆی لاوازبوونی سروشتیی کۆئەندامی بەرگری.
• خاوەن نەخۆشییە درێژخایەنەکان: ئەوانەی گیرۆدەی نەخۆشییەکانی وەک (شەکرە، نەخۆشیی دڵ، بەرزەفشاری خوێن، هەوکردنی درێژخایەنی سییەکان، پەککەوتنی گورچیلە، کێشەی جگەر و گرێ شێرپەنجەییەکانن).
• کەسانێک کە بەرگری لەشیان لاوازە: وەک ئەوانەی چارەسەری کیمیایی یان شێرپەنجە وەردەگرن، یان ئەو نەخۆشانەی چارەسەری (کۆرتیزۆن) بە شێوەیەکی درێژخایەن بەکاردەهێنن. هەروەها ئەوانەی نەشتەرگەریی چاندنی ئەندامەکانیان (وەک جگەر و گورچیلە) بۆ کراوە.
• کێشەی قەڵەوی: ئەو کەسانەی کێشی جەستەیان زیادە.
• ئافرەتانی دووگیان: کە لەم قۆناغەدا جەستەیان پێویستی بە پارێزگاری زیاترە.
• جگەرە کێشەکان: ئەو کەسانەی بە ڕێژەیەکی زۆر جگەرە دەکێشن و سییەکانیان بەرگری کەمی هەیە.
پێویستە کۆمەڵگە هۆشیار بێت لەوەی کە پەتا ڤایرۆسییەکان بۆ هەمووان وەک یەک نین؛ ئەوەی بۆ گەنجێکی تەندروست تەنها پەتایەكی ئاساییە، بۆ کەسێکی بەتەمەن یان نەخۆشێکی درێژخایەن مەترسییەکی کوشندەیە.

پاشاخان
چۆن پارێزگاری لە گروپە مەترسیدارەکان بکەین؟
بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی تووشبوون و پاراستنی ژیانی ئەو کەسانەی لە لیستی مەترسیدان، پزیشکان و شارەزایانی تەندروستی جەخت لەسەر ئەم خاڵانە دەکەنەوە:
• دوورکەوتنەوە لە قەرەباڵغی: پێویستە ئەو کەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە یان بەتەمەنن، لە کاتی بڵاوبوونەوەی پەتاکاندا کەمتر بچنە شوێنە گشتییە داخراوەکان.
• بەکارھێنانی ماسک: لە کاتی ناچاریدا بۆ چوونە دەرەوە، بەکارهێنانی ماسک وەک بەربەستێکی سەرەکی کاردەکات بۆ ڕێگری لە گواستنەوەی ڤایرۆسەکان.
• پاکوخاوێنی دەستەکان: شتنی بەردەوامی دەستەکان بە ئاو و سابوون یان بەکارهێنانی ماددە تەعقیمکەرەکان .
• وەرگرتنی ڤاکسینی وەرزی: ڕاوێژکردن بە پزیشک بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی ئەنفلۆنزا و ئەو ڤاکسینانەی کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە پێشنیار دەکرێن.
• سیستەمی خۆراکی تەندروست: گرنگیدان بەو خواردنانەی ڤیتامینەکان و ماددەی زینکیان تێدایە بۆ بەهێزکردنی کۆئەندامی بەرگری.
• پەیوەندی خێزانی هۆشیارانە: ئەگەر یەکێک لە ئەندامانی خێزان نیشانەی پەتاکەی تێدا دەرکەوت، پێویستە خۆی لە کەسە بەتەمەنەکان و نەخۆشەکان دابڕێت تا بە تەواوی چاک دەبێتەوە.