رۆژنامەی ھەولێر

هێڵکاریی دڵ (ECG)؛ دەروازەیەک بۆ پاراستنی ژیان و دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان

ماكوان عێزەت – هەولێر

لە جیهانی پزیشکی دڵدا، هێڵکاری دڵ وەک یەکێک لە سەرەتاییترین و گرنگترین ئامرازەکان دەبینرێت بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتیی کارکردنی ئەم ئەندامە هەستیارە. ئەم ڕێکارە سادەیە بەڵام پڕ بایەخە، زانیاری ورد لەسەر لێدانی دڵ و هەر تێکچوونێکی کارەبایی دەبەخشێت.

هێڵکاری دڵ چییە؟
د. سوارە عەلی مەولود، پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی دڵ و قەستەرە و ئیکۆ، لەبارەی ئەم پشکنینەوە ڕوونی کردەوە کە “هێڵکاری دڵ ڕێکارێکی پزیشکیی بێئازار و بێزیانە. بەکار دێت بۆ یارمەتیدانی پزیشک لە دەستنیشانکردنی زۆرێک لەو نەخۆشییە باوانەی کە ڕەنگە ڕووبەڕووی دڵ ببنەوە”.

کێ پێویستە هێڵکاریی دڵی بۆ بکرێت؟
بەپێی ڕێنماییەکانی ئەم پزیشکە پسپۆڕە، کۆمەڵێک نیشانە و حاڵەت هەن کە وا دەخوازێت کەسەکە بە زووترین کات هێڵکاریی دڵی بۆ بکرێت؛ گرنگترینیان ئەمانەن:
• نیشانە جەستەییەکان: ئەو کەسانەی هەست بە ئازاری سنگ، سەرگێژخواردن، بوورانەوە، یان تەنگەنەفەسی دەکەن.
• ناڕێکلێدان: ئەو کەسانەی هەست دەکەن دڵیان زۆر بە خێرایی یان زۆر بە خاوی لێ دەدات.
• بێهێزیی گشتی: ئەو کەسانەی هەست بە لاوازی و ماندوێتی دەکەن، یان توانای جەستەییان بۆ ئەنجامدانی ڕاهێنان کەمی کردووە.
• کەسانەی پێشینەی نەخۆشییان هەیە: ئەوانەی پێشتر نەخۆشیی دڵیان هەبووە یان ئێستاکە دەرمانی دڵ بەکار دەهێنن.
• ئامادەکاری بۆ نەشتەرگەری: وەک هەنگاوێکی سەرەکی بۆ دڵنیایی لە تەندروستیی دڵ پێش هەر نەشتەرگەرییەک.

فاکتەرە مەترسیدارەکان
دکتۆر سوارە جەخت لەوە دەکاتەوە کە تەنها نیشانەکان بەس نین، بەڵکو هەندێک گرووپ هەن کە بەهۆی بارودۆخی تەندروستییانەوە پێویستە زیاتر گرنگی بەم پشکنینە بدەن، لەوانەش:
1. تووشبووانی نەخۆشیی شەکرە.
2. ئەوانەی بە دەست فشارخوێنی بەرز (زەخت)ـەوە دەناڵێنن.
3. ئەو کەسانەی کێشی لەشیان زۆرە و قەڵەون.
لە کۆتاییدا، هێڵکاری دڵ وەک پشکنێنێکی خێرا و سەلامەت، نەک هەر تەنها بۆ دەستنیشانکردن، بەڵکو وەک ئامرازێکی خۆپارێزییش دەبێتە هۆی ڕێگەگرتن لە مەترسییە گەورەکانی وەک جەڵتە و وەستانی دڵ.