ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
د.کەژان کاوە، پسپۆڕی نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون، تیشكی خستەسەر نیشانە سەرەکییەکانی هێلکەترووکان (هێلکەدابەزین) کە زۆر لە ئافرەتان لە ماوەی سووڕی مانگانەیاندا تێیدا تێدەپەڕن.
د. کەژان کاوە ڕوونی دەكاتەوە كە: نیشانەکانی هێلکەدابەزین لە ئافرەتێکەوە بۆ ئافرەتێكی تر جیاوازە ، بەڵام پێنج نیشانەی سەرەکی دەتوانرێت دیاری بکرێن.
نیشانە باوەکان
یەکەم نیشانە :گۆڕانی دەردراوی ملی منداڵدانە، کە د.كەژان ئاماژەی پێ دەدات کە “دەردراوی زۆر و لینج لە ملی منداڵدانەوە دەردەکەوێت، یاخود دەردراوێکی قاوەیی یان سوور دەبینرێت.”
دووەم، ئازارێکی کەم لە ناوچەی حەوز یان بەشی خوارەوەی سک ڕوو دەدات. سێیەم، زیادبوونی ئارەزووی سێکسییە، کە د.كەژان دەڵێت “زۆرێک لە خانمان هەست بە زیادبوونی ئارەزووی سێکسی دەکەن لە ماوەی هێلکەدابەزیندا.”
چوارەم ئازاری مەمک لەبەر گۆڕانی هۆرمۆنەکانی ئیسترۆجین و پرۆجیسترۆن.
پێنجەم: هەروەها لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای لەش لە نیشانە باوەکانی دیکەن.
د.كەژان کاوە ئاماژە بەوە دەکات کە “بە شێوەیەکی ئاسایی هێلکەدابەزین 14 ڕۆژ پێش سووڕی مانگانەی داهاتوو ڕوو دەدات، بەڵام ئەمە بەپێی درێژیی سووڕی مانگانەی هەر ئافرەتێک دەگۆڕێت.”
ئەم زانیاریانە دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ ئافرەتان لە تێگەیشتن لە سووڕی مانگانەی خۆیان و بەدواداچوونی تەندروستیی زاوزێییان.

