رۆژنامەی ھەولێر

نیشانەکانی غودەی تەمەڵ و غودەی سام و ڕێگاکانی دەستنیشانکردنیان

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

ڕژێنی پەریزادە (غودە)، ئەو ئەندامە بچووکەی شێوەی پەپولەی هەیە و لە بەشی خوارەوەی پێشەوەی ملدا جێگیر بووە، بە یەکێک لە گرنگترین بزوێنەرەکانی جەستەی مرۆڤ دادەنرێت. ئەم ڕژێنە کە کێشی تەنها 20 گرامە، بەرپرسە لە دەردانی هۆرمۆنی (T3) و (T4) کە ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە ڕێکخستنی مێتابۆلیزم، پلەی گەرما و لێدانی دڵ.

غودە؛ هۆرمۆنی ژیان و وزە
د. ئەدیب عومەر، پزیشکی پسپۆڕی هەناوی و غودە، دەربارەی گرنگیی ئەم ڕژێنە دەڵێت: “ئەم غودەیە هۆرمۆنێک دەڕێژێت کە دەتوانین ناوی بنێین (هۆرمۆنی ژیان)، چونکە هەموو زیندەچالاکییەکانی لەش ڕێک دەخات و وزە لەو خواردنە وەردەگرێت کە دەیخۆین.”
بە وتەی دکتۆر ئەدیب، نەخۆشییەکانی غودە بەگشتی دەکرێن بە چوار جۆرەوە، بەڵام دوو جۆریان لە نێو خەڵکدا زۆر باون کە بریتین لە غودەی تەمەڵ و غودەی چالاک (سام). جگە لەمانە، هەندێک جار ڕژێنەکە تووشی گرێی شێرپەنجەیی یان گەورەبوونی قەبارە (ئەستووربوون) دەبێت.

چۆن جۆری نەخۆشییەکە بناسینەوە؟
نیشانەکانی تێکچوونی ئەم ڕژێنە بەپێی جۆرەکەی دەگۆڕێن:
١. غودەی تەمەڵ (کەمداگەڕانی دەردانی هۆرمۆن)؛ نەخۆش لە سەرەتادا هەست بە بێهێزییەکی زۆر دەکات. نیشانە سەرەکییەکانی بریتین لە:
• ئازاری ماسوولکە و هەموو جەستە.
• زیادبوونی کێش و وشکبوونەوەی پێست.
• تەنکهەڵگەڕانی پرچ و وەرینی نینۆک.
• تەنگەنەفەسی، خەمۆکی و تەمەڵی و حەزکردن بە خەوی زۆر.
٢. غودەی چالاک یان “سام” (زیاد دەردانی هۆرمۆن): لێرەدا جەستە لە ئاستی ئاسایی زیاتر وزە بەکاردەهێنێت، نیشانەکانیشی بریتین لە:
• خێرا لێدانی دڵ و هەستکردن بە گەرمایەکی زۆر.
• دابەزینی کێش سەرەڕای هەبوونی ئارەزووی زۆری خواردن.
• تێکچوونی سووڕی مانگانە لە خانماندا.
• کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستی چاو و قژ.

دەستنیشانکردن و پشکنین
پزیشکان جەخت دەکەنەوە کە زوو دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە هەنگاوی سەرەکییە بۆ چارەسەر؛ ڕێگاکانی دەستنیشانکردن بریتین لە:
• پشکنینی خوێن: بۆ زانینی ئاستی هۆرمۆنەکان لە سیرەمی خوێندا.
• سۆنەر: بۆ دڵنیابوونەوە لە قەبارە و شێوەی ڕژێنەکە.
• تیشک (X-Ray): بۆ دیاریکردنی شوێن و بارودۆخی وردی غودەکە.
• وەرگرتنی نموونە (Biopsy): لە کاتی هەبوونی گرێ یان ناڕێکییەک کە گومانی شێرپەنجەی لێ بکرێت.
لە کۆتاییدا، شارەزایان ڕێنمایی دەدەن کە هەر گۆڕانکارییەک لە کێش، وزەی جەستە، یان شێوەی ملدا بینرا، پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت بۆ پشکنینی پێویست.