رۆژنامەی ھەولێر

تەسکبوونەوەی حەوزی گورچیلە؛ نەخۆشییەکی زگماکی کە هەڕەشە لە تەندروستی منداڵان دەکات

ماكوان عيززه‌‌ت – هەولێر

تەسکبوونەوەی حەوزی گورچیلە لەو شوێنەی دەگاتە بۆری میز (حاڵەب)، یەکێکە لەو گرفتە تەندروستیانەی هەرچەندە ڕێژەی تووشبوون تێیدا کەمە، بەڵام پشتگوێخستنی مەترسیی جددی بۆ سەر کاركردنی ئەندامی گورچیلە دروست دەکات. ئەم حاڵەتە کە زیاتر لە ڕەگەزی نێردا دەردەکەوێت، پێویستی بە چاودێرییەکی ورد و دەستنیشانکردنی پێشوەختە هەیە.

هۆکارەکان و کاتی دەرکەوتن
د. لاوان توانا، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی گورچیلە و میزەڕۆ، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم نەخۆشییە لە هەر هەزار کەسێکدا تەنها یەک کەس تووشی دەبێت. دەڵێت: “هۆکاری سەرەکی ئەم حاڵەتە زگماکییە و زۆربەی کات پزیشکی سۆنار دەتوانێت لە کاتی دووگیانی دایکەکەدا و کاتێک کۆرپە لە نێو سکیدایە، هەستی پێ بکات.”
دکتۆر لاوان دەشڵێت: “هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ناڕێکی لە ماسولکەی نێوان حەوزی گورچیلە و میزەرۆ، کە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو ناوچەیە تەسک بێتەوە و نەتوانێت بە ئاسانی میز بەرەو دەرەوە پاڵ بنێت. هەرچەندە لە گەورەکانیشدا دەردەکەوێت، بەڵام زۆربەی جار یان لە منداڵییەوە هەیانبووە و هەستی پێ نەکراوە، یانیش بەهۆی گیرانی بۆرییەکە بەهۆی بەردی گورچیلەوە دروست بووە.”

ڕێگاکانی چارەسەر و پێشکەوتنە پزیشکییەکان
سەبارەت بە چارەسەری ئەم گرفتە، د. لاوان توانا ڕوونی کردەوە کە چارەسەرەکان بەپێی قورسی حاڵەتەکە دەگۆڕێن:
• نەشتەرگەری: بەشێکی زۆری نەخۆشەکان پێویستیان بە نەشتەرگەری و کردنەوەی شوێنە تەسکبووەکە هەیە.
• نازوور: لە هەندێک حاڵەتدا دەتوانرێت لە ڕێگەی تەکنیکی نازوورەوە چارەسەرەکە ئەنجام بدرێت.
• دەستنیشانکردنی ورد: ئاماژەی بەوەش کرد کە تیشکی تایبەت بۆ دەستنیشانکردنی ئەم نەخۆشییە لە هەرێمی کوردستان بەردەستە، کە جاران نەخۆش ناچار بوو بۆ ئەو مەبەستە گەشتی دەرەوەی وڵات بکات.
ڕێنمایی بۆ دایکان و باوکان
لە کۆتاییدا، دکتۆر لاوان ڕێنمایی گرنگ ئاراستەی خێزانەکان دەکات و دەڵێت: “ئەگەر لە کاتی دووگیانیدا زانرا کە کۆرپەکە کێشەی تەسکبوونەوەی میزەرۆی هەیە، پێویستە دەستبەجێ دوای لەدایکبوون سۆنەری بۆ بکرێت.”
جەختیشی کردەوە کە ئەگەر گورچیلەکە زۆر ئاوسابوو، پێویستی بە نەشتەرگەری خێرا دەبێت بۆ پاراستنی گورچیلەکە لە لەناوچوون، بەڵام ئەگەر ئاوسانەکە کەم بوو، تەنها لەژێر چاودێرییەکی وردی پزیشکیدا دەهێڵرێتەوە.