رۆژنامەی ھەولێر

پشتئێشە یان کێشەی گورچیلە؟ چۆن لێکیان جیا بکەینەوە؟

ماكوان عێزەت – هەولێر

زۆرێک لە هاووڵاتییان لە کاتی پەیدابوونی ئازار لە بەشی خوارەوەی پشت یان لاتەنیشتەکاندا، تووشی دڵەڕاوکێ دەبن و یەکسەر پەنا بۆ دەرمان دەبەن بەو پێشگریمانەیەی کە کێشەکە لە گورچیلەیاندایە. پسپۆڕانی تەندروستی هۆشداری دەدەن کە تێکەڵکردنی ئازاری پشت و گورچیلە و بەکارهێنانی چارەسەری هەڕەمەکی، مەترسیی گەورە بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ دروست دەکات.

د. ئەحمەد عەبدولحەمید عەبدولكەریم، پسپۆڕی نەشتەگەری گورچیلە و کۆئەندامی میز، جەخت لەوە دەکاتەوە کە زانینی جیاوازیی نێوان ئەم دوو ئازارە کلیلی دەستنیشانکردنی دروستی نەخۆشییەکەیە و ڕێگرە لە تێکچوونی دۆخی تەندروستیی نەخۆش.

نیشانەکانی ئازاری گورچیلە؛ تەنها ئازار نییە
ئازاری گورچیلە زۆرجار قووڵترە و لەگەڵ کۆمەڵێک نیشانەی بایۆلۆژیدا دەردەکەوێت کە گرنگترینیان ئەمانەن:
• گۆڕانکاری لە میزدا: پێویستیی بەردەوام بە میزکردن، هەستکردن بە سووتانەوە و ئازار لەکاتی میزکردندا، یان گۆڕانی ڕەنگی میز بۆ تۆخ و خوێناوی.
• نیشانە گشتییەکان: دڵتێکچوون، ڕشانەوە، کێشەکانی هەرس وەک قەبزی و سکچوون.
• کارلێکی جەستەیی: بەرزبوونەوەی پلەی گەرما (تا)، بێهێزیی گشتی، سەرسوڕان و هەڵئاوسانی پێ و ڕانەکان.
• کێشەی هەناسەدان: لە حاڵەتە توندەکاندا، نەخۆش هەست بە قورسی لە هەناسەداندا دەکات.

نیشانەکانی ئازاری پشت؛ پەیوەست بە جووڵە و ئێسک
بە پێچەوانەی گورچیلەوە، ئازاری پشت زیاتر پەیوەندی بە بڕبڕەی پشت و ماسوولکەکانەوە هەیە:
• شوێنی ئازار: هەستکردن بە گرژی و ئازاری بڕبڕەی پشت کە هەندێکجار دەگاتە ناوچەی مل.
• کاریگەریی جووڵە: دروستبوونی ئازاری توند لە کاتی ڕاوەستان، ڕۆیشتن یان چەمانەوە.
• کاریگەری دەماری: بێهێزی لە ڕانەکاندا و لەدەستدانی توانای کۆنترۆڵکردنی میزەڵدان یان بەتاڵنەبوونی میز بە تەواوی.
بۆچی ڕاوێژی پزیشک پێویستە؟
بەکار‌هێنانی دەرمان و حەبی ئازارشکێن بەبێ ڕاوێژی پزیشک، نەک تەنها چارەسەر نییە، بەڵکو لەوانەیە نیشانە ڕاستەقینەکان بشارێتەوە و زیانی کوشندە بە گورچیلەکان بگەیەنێت. ناسینەوەی ئەم جیاوازییانە یارمەتیت دەدات کاتێکی گونجاو سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەیت و لە چارەسەری هەڵە دوور بکەویتەوە.