رۆژنامەی ھەولێر

ساردهەڵگەڕانی دەستوپل؛ نیشانەیەکی سادە یان زەنگی ئاگادارکردنەوە بۆ نەخۆشییەکی مەترسیدار؟

ماكوان عێزەت – هەولێر

لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما، هەستکردن بە سەرما و ساردهەڵگەڕانی دەست و قاچ دیاردەیەکی باوە، بەڵام کاتێک ئەم ساردبوونە دەبێتە حاڵەتێکی بەردەوام و تەنانەت لە ژینگەیەکی گەرمیشدا هەستی پێ دەکرێت، لێرەدا دەبێت هەڵەوەستەی لەسەر بکەین.

پزیشکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ساردیی هەمیشەیی دەستەکان تەنها پەیوەندی بە کەشوهەواوە نییە، بەڵکو دەکرێت نیشانەیەک بێت بۆ تێکچوونی سووڕی خوێن یان بوونی کێشەیەکی تەندروستی لە ناوەوەی جەستەدا.
هۆکارە سەرەکییەکانی ساردهەڵگەڕانی دەستوپل
بەپێی توێژینەوە پزیشکییەکان، چەندین هۆکاری جیاواز لە پشت ئەم دیاردەیەوە هەن، کە گرنگترینیان ئەمانەن:
• کێشەکانی سووڕی خوێن: کاتێک خوێن بە باشی ناگاتە پەلەکان، دەست و قاچەکان سارد دەبن. ئەمەش بەهۆی داخرانی هەندێک لە دەمارەکان یان باریکبوونەوەیان ڕوو دەدات کە ڕێگری لە گەیشتنی خوێنی پێویست دەکەن.
• نەخۆشیی شەکرە: تووشبووانی شەکرە زۆرجار بەدەست سڕداگەڕان و مووچرکەکردنی دەست و قاچەوە دەناڵێنن. پاراستنی کێشی تەندروست، وەرزشکردن و کۆنترۆڵکردنی فشاری خوێن ڕێگەی سەرەکین بۆ کەمکردنەوەی ئەم گرفتە.
• کەمخوێنی (ئەنیمیا): ئەگەر جگە لە ساردیی دەستوپل، هەست بە ماندوویەتی، سەرەگێژە و تەنگەنەفەسی دەکەن، ئەوە نیشانەی کەمبوونی ئاستی ئاسنە لە جەستەدا.
• تەمەڵی تیرۆئید: کاتێک غوودەی تیرۆئید کەمتر لە پێویست هۆرمۆن دەڕێژێت، میتابولیزمی جەستە سست دەبێت. ئەمەش وا لە مرۆڤ دەکات بەرامبەر سەرما هەستیار بێت و نیشانەی تری وەک وشکبوونی پێست و هەڵوەرینی قژی لەگەڵ بێت.
• کاریگەرییە لاوەکییەکانی دەرمان: هەندێک جۆری دەرمانی فشاری خوێن، سەراسێ (میگرێن؛ شەقیقە)، هەستەوەری (ئالەرژی) و دەرمانەکانی شێرپەنجە دەبنە هۆی ساردهەڵگەڕانی دەستوپل.
پزیشكان هۆشیاری دەدەن لە ئەگەری ساردهەڵگەڕانی دەستوپلتان لەگەڵ گۆڕانی ڕەنگی پێست یان ئازاری توند بوو، پێویستە دەستبەجێ سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەن.

چۆن خۆمان دەپارێزین؟
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو حاڵەتە، پسپۆڕان ئەم ئامۆژگاریانەمان پێ دەدەن:
1. پارێزگاری لە گەرمی: بەکارهێنانی دەستکێش لە کاتی چوونەدەرەوەدا، بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ سەرما لێی نەدات.
2. گەرمکردنەوەی خێرا: هەرکات هەستت بە ساردهەڵگەڕانی دەستوپلت کرد، هەوڵ بدە خێرا گەرمیان بکەیتەوە و مەهێڵە بۆ ماوەیەکی زۆر بە ساردی بمێننەوە.
3. دیاریکردنی سەرچاوەی کێشەکە: چاودێری جەستەت بکە و بزانە چ هۆکارێکی دەروونی یان ژینگەیی ئەم دۆخە زیاد دەکات بۆ ئەوەی لێی دوور بکەویتەوە.
4. سیستمی خۆراکی: گرنگیدان بەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ئاسن و ڤیتامینەکان بۆ بەهێزکردنی سووڕی خوێن.