رۆژنامەی ھەولێر

كچە كوردێك دەرمانی شێرپەنجەی جگەری دۆزییەوە

شیڤان شێرزاد – هەولێر

د. پەرەستوو قادرمەرزی توێژەر و توێژەری زانستیی خەڵکی دێولان (دێگوڵان)ـی پارێزگای سنە، بۆ چوارەم جار توانی لەگەڵ تیمەکەی مەدالیای زێڕ بەدەست بهێنێت بۆ توێژینەوە و دۆزینەوەی ڕێگەیەکی نوێی چارەسەری نەخۆشیی شێرپەنجە لە ڕێگەی زیرەكی دەستكردەوە.

پێشتر پەرەستوو و تیمەكەی، لە فێستیڤاڵی زانستیی جیهانی لە ئەڵمانیا و توركیا و هەروەها لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی Silicon Valley-ی ئەمریکا، مەدالیای زێڕیان بۆ ئەم داهێنانەیان پێ بەخشراوە و حەوتوویەكیش بەر لە كۆتایی ساڵ، مەدالیای زێڕی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی (داهێنانە پەرەپێدراوەكان)ـی دووبەی بۆ نێردرا و داهێنانەكەیان بە گرنگ وەسف كرا لەسەر بەكارهێنانی زیرەكی دەستكرد بۆ خانە بنچینەیەکانی شێرپەنجەی جگەر (جەرگ) و دۆزینەوەی ڕێکاری نوێ و کاریگەر لە چارەسەریی ئەم نەخۆشییە.
ئاڤا قسەی لەگەڵ دكتۆر پەرەستوودا كرد و پیرۆزبایی لێ كرد بۆ ئەم داهێنانە گەورەیە كە تا ئێستا مرۆڤایەتی پێی نەگەیشتووە و پرسیاری ئەوەمان لێ كرد كە ئاخۆ دەرمانەكەی كەی دروست دەكرێت، بەڕێزیان گوتی بڕیار وایە لە مانگی یەك بەشداری فێستیڤاڵێكی گەورەی ئەمریكا بكەین و ئیتر داهێنانەكەمان بگاتە قۆناغی بەرهەمهێنانی دەرمان، بەڵام لەبەر تێچوونەكەی كە ئێمە ناتوانین بیكەین، نیازمان وایە بیفرۆشین.
دكتۆرە پەرەستوو، چەندین وتار و كتێبیشی لەسەر شێرپەنجە و چۆنیەتی چارەسەركردنی ئەم نەخۆشییە و سیستەمی نانۆ ئیمپێنت ڕادیۆتراپی هەیە و هەروەها هەر ئەم حەفتەیە كتێبێكی زانستی ـ توێژینەوەیی لەسەر ڤایرۆسی كۆڕنا و گۆڕانی ئەم ڤایرۆسە بۆ فۆڕمێكی دیكە و بە چوار زمان لە لایەن ئەمازۆن چاپ و بڵاو بووەوە.