ماكوان عێزەت – هەولێر
کێشەی دڵی منداڵان یەکێکە لەو بابەتە هەستیارانەی پێویستی بە ناسینەوەی پێشوەختە و چارەسەری ورد هەیە. زۆرێک لە منداڵان لە کاتی لەدایکبووندا بەدەست هەندێک کێشەی زکماکی دڵەوە دەناڵێنن کە ئەگەر لە کاتی خۆیدا دەستنیشان بکرێن، دەتوانرێت بە زانستی پێشکەوتوو چارەسەر بکرێن.
د. نادین عەبدولڕەزاق، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان و تازە لەدایکبووان، تیشک دەخاتە سەر گرنگترین جۆرەکانی نەخۆشی زکماکی دڵ و ئەو ڕێگە نوێیانەی بۆ چارەسەر بەکار دێن.
دیارترین نەخۆشییە زکماکییەکانی دڵ کامانەن؟
وەکو دکتۆر نادین، چەند جۆرێکی سەرەکی کێشەی زکماکی لە دڵی منداڵاندا هەن، کە بریتین لە:
١. کون لە دیواری دڵدا: ئەمە کاتێک ڕوودەدات کە کەلێن یان کون لە نێوان ژوورەکانی دڵدا (وەک نێوان هەردوو گوێچکۆکە یان هەردوو سکۆڵە) هەبێت. ئەم کێشەیە دەبێتە هۆی تێکەڵبوونی خوێنی روون (ئۆکسجیندار) و خوێنی تیر (بێ ئۆکسجین)، کە ئەمەش کاریگەری لەسەر چالاکی جەستەی منداڵەکە دەبێت.
٢. تەسکبوونەوەی ڕێڕەوەکان: لەم حاڵەتەدا زمانەکانی دڵ یان ئەو دەمارە گەورانەی خوێن لە دڵەوە دەگوازنەوە، تووشی تەسکبوونەوە دەبن. ئەمەش ڕێگری دەکات لەوەی خوێن بە شێوەیەکی ئاسایی و پێویست بۆ بەشەکانی جەستە بڕوات.
٣. پێکهاتەی هەڵەی دڵ: هەندێکجار دڵ بە شێوەیەکی نائاسایی دروست دەبێت، بۆ نموونە بەسرانەی دەمارە گەورەکان بە ژوورە هەڵەکانی دڵەوە، کە ئەمە پێویستی بە دەستێوەردانی خێرای پزیشکی هەیە.
قەستەرەی دڵ؛ جێگرەوەیەکی زیرەک بۆ نەشتەرگەری کراوە
ئێستاکە پزیشکە پسپۆڕەکان پەنا بۆ “قەستەرەی دڵ” دەبەن وەک ڕێگەیەکی پێشکەوتوو بۆ چارەسەر، کە تێیدا پێویست بە بڕینی سنگ و نەشتەرگەری گەورە ناکات.
کارەکە چۆن جێبەجێ دەدرێت؟
پزیشک لە ڕێگەی لوولەیەکی زۆر باریکەوە لە خوێنهێنەری قاچ یان دەستەوە دەچێتە ناو جەستە و بۆرییەکە دەگەیەنێتە ناو دڵ، لەوێوە دەتوانێت کێشەکە چارەسەر بکات.
ئەرکە سەرەکییەکانی قەستەرە بریتین لە:
• داخستنی کونەکان: دانانی ئامێرێکی بچووک وەک (چەتر) بۆ داخستنی ئەو کونانەی لە نێوان ژوورەکانی دڵدا هەن.
• فراوانکردنی تەسکبوونەوە: بەکارهێنانی باڵۆنێکی تایبەت بۆ فراوانکردنی ئەو زمانە یان دەمارانەی کە تەسک بوونەتەوە.
• دانانی پشتیوان (ستێنت): جێگیرکردنی بۆرییەکی بچووکی تەلدار بۆ ئەوەی ڕێڕەوی خوێن بە کراوەیی بمێنێتەوە.
بۆچی قەستەرە هەڵبژێردراوە؟
د. نادین عەبدولڕەزاق ئاماژە بەوە دەکات کە قەستەرەی دڵ چەندین سوودی گرنگی هەیە، لەوانە: چاکبوونەوەی منداڵەکە زۆر خێراترە، مەترسییەکانی کەمترن و منداڵەکە پێویستی بە مانەوەی زۆر لە نەخۆشخانە نابێت بەراورد بە نەشتەرگەرییە گەورەکانی دڵ.
ئەم پێشکەوتنە پزیشکیانە هیوایەکی گەورە دەبەخشنە ئەو خێزانانەی منداڵەکانیان کێشەی دڵیان هەیە، بۆ ئەوەی منداڵەکانیان ژیانێکی تەندروست و ئاسایی بەڕێ بکەن.

