رۆژنامەی ھەولێر

پیساییگیران و قەبزی چییە؟

ماكوان عێزه‌‌ت – هەولێر

قەبزی تەنها بێزارییەکی کاتی نییە، بەڵکو ئەگەر بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بێت، ڕەنگە مرۆڤ تووشی گرفتێکی مەترسیدار بکات.

د. هەرمان سابیر نانەکەلی، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی، زەنگی مەترسی لێ دەدات و ڕێگاکانی دەستنیشانکردن و خۆپاراستن بۆ هاووڵاتیان دەخاتە ڕوو دەڵێت: هەندێك جار، قەبزی بۆ ماوەیەكی زۆر دەبێتە هۆی پیساییگیران، كە بریتییە لە گیرانی قۆلۆن بەهۆی گرێیەك، ئەم گرێیە لە پیسایی پێك دێت، كە كار دەكاتە سەر كرژبوونی ماسوولكەكانی قۆلۆن، ماندوویان دەكات، وایان لێ دەكات نەتوانن ئەو گرێیە بجووڵێنن. پیساییگیران دەكرێ ببێتە هۆی ژانەسك و ڕشانەوە، بەهۆی ئەمەش لەوانەیە پێویستی بە داخلبوون بێت. ئەم نەخۆشییە، پیساییگیران، زیاتر كەسە تەمەن گەورەكان تووش دەکات یان ئەوانەی بۆ ماوەیەكی زۆر لەسەر جێگا كەوتوونە.
د. هەرمان ئاماژە بە نیشانەكانی قەبزی دەكات كە بریتین لە:
-كەمتر لە سێ جار چوونە سەرئاو.
-پیسایی ڕەق و بچووك و وشك، كە شیوەی قشپل وەردەگرن، كە دەبێتە هۆی ژان و ناڕەحەتی بۆ دەرچەی كۆم.
-پێویستكردن بە زەخت لەخۆكردن بۆ تەواوكردنی سەرئاوی.
-هەستكردن كە رێكە (المستقیم)، تەواو بەتاڵ نەبووە پاش چوونە سەرئاو.
-بە بەردەوام بەكارهێنانی دەرمانی قەبزی.
ئەو پزیشكە پسپۆڕە باس لە دەستنیشانكردنی قەبزی دەكات و دەڵێت: زۆربەی ئەو كەسانەی كە قەبزن دەتوانن خۆیان دەستنیشان و تا رادەیەكیش چارەسەری پێویستی حاڵەتەكەش بكەن.
بۆ نموونە، ئەگەر تۆ تووشی قەبزی بوویت، سەرەتا دەست بكە بە سەیركردنی شیوازی ژیانت، سەیرێكی خواردنەكانت بكە، بنۆرە ئاستی چالاكی و جووڵانەوەت، لەگەڵ شیوازی چوونە سەر ئاوت، تا ڕادەیەك تێدەگەیت كە گرفتەكە لە كوێیە. هەروەها هەر كە پیسایی هات، دەچیت بۆ سەرئاو یان وەلاوەی دەنێی لەبەرئەوەی نەگونجاوە؟
دواتر دەست بكە بە چەند كردارێكی ڕێگریكەر، وەك: زیادكردنی ڕیشاڵ بۆ خواردنەكانت، زیاد خواردنەوەی ئاو، وە جووڵانەوە و وەرزش كردن. ئەگەر ئەم كردارانە هیچ سوودی نەبوو، ئەوا پێویست دەكات دكتۆری پسپۆر بتبینێ.

كەی پێویستە دكتۆر بتبینێت؟
-بوونی قەبزی و بینینی خوێن لەكاتی سەرئاوی.
-قەبزی لەگەل ژانەسك.
-قەبزی لەگەڵ ئاوسان و گەورەبوونی سك.
-قەبزی لەگەڵ ڕشانەوە.
-بەردەوام بەكارهێنانی دەرمانی قەبزی، بە شیوەیەك نەتوانی بەبێ ئەو دەرمانانە بچیتە سەرئاو.
-قەبزی لەو كەسانەی كە بۆ ماوەیەكی زۆر لەسەر جێگا كەوتوون، بەتایبەتی بەساڵاچووان.
-بوونی نیشانەكانی تەمبەڵی ڕژێنی دەرەقی، وەكو قەڵەوبوون، كەمخواردن، زۆر سەرمابوون و هتر.
-قەبزی و تێكچوونی سووڕی مانگانە لە ئافرەتاندا، لەوانەیە نیشانەی تەمبەلی ڕژێنی دەرەقی بن.
ئەگەر بەدەست ئەمانەی سەرەوە دەناڵێنی ئەوا پێویستە یەكسەر و بەبێ دواكەوتن سەردانی پزیشك بكەیت چونكە قەبزی لەوانەیە نیشانەیەك بێت بۆ نەخۆشی پیسی (گرێ، شێرپەنجە) قۆلۆن.

د. هەرمان نانەکەلی چەند هەنگاوێکی زێڕین بۆ خۆپاراستن و چارەسەرکردنی قەبزی دەخاتە ڕوو دەڵێ: چۆن هەموومان دەزانین یەكەم هەنگاو بریتییە لە خۆپاراستن، چونكە بەردەوام خۆپاراستن باشترە لە چارەسەركردن.
1. زیادكردنی ڕێژەی ڕیشاڵ لەناو خواردنەكان – سەوزە و میوەكان بە شیوەیەكی گشتی ڕێژەیەكی زۆر لە ڕیشاڵیان تێدایە، جگە لە سەوزە و میوەكان، هەندێك خۆراكی تر هەیە كە ڕێژەیەكی زۆر ڕیشالیان تێدایە لەوانە دانەوێلەكان (پاقلە و نۆك و هیتر)، كەپەك، دانەوێلەی تەواو (واتە ئاردی تەواو نەك ئاردی سفر، بە بێ جیاكردنەوەی كەپەكەكە)، چەرەزات.
2. هەندێك كەس گرفتی ئەوەی هەیە، یان گلەیی ئەوە دەكات كە ئەم خۆراكانەی كە ئاماژەیان پێ كراوە، دەبێتە هۆی باوبژ (غازات)، ئەمە راستە، ئەی چی بكەین؟ بۆ ئەوەی تووشی باوبژ نەبیت، دەبێ ئەم خواردنانە بە شێوەیەكی بڕبڕ زیاد بكرێت. ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئافرەتان پێویسیان بە بڕێكی زیاتر لە ڕیشالەكان هەیە بەراورد بە پیاوان.
3. بڕێكی باش ئاو خواردنەوە – بۆ زۆربەی زۆری كەسەكان ئەمە یەكسانە بە 6 -8 پەرداخ ئاو، بەڵام بیرمان نەچی ئەم بڕە دەگۆڕێت بە گوێرەی ڕێژەی جووڵانەوەمان و پلەی گەرمی دەورووبەرمان، واتە كەسێك كە وەرزش دەكات پێویستی بە بڕێكی زیاتر لەم برە هەیە، هەروەها لە هاویندا پێویستمان بە بڕێكی زیاتر هەیە لەم بڕە.
4. ورزشكردن – تەنیا 20 خولەك ڕۆژانە لە ڕۆیشتنێكی تۆزێك خێرا بەسە بۆ هاندانی ڕیخۆڵەكان بۆ ئیشكردن.
5. یارمەتی كۆئەندامی هەرست بدە بۆ گەیشتن بە سەرئاوکردنێكی ڕێكوپێك – خشتەیەك بۆ خۆت دابنێ كە ڕۆژانە و بۆ هەموو ڕۆژێك بۆ ماوەی دە خولەك دابنیشی لەسەر توالێت لەهەمان كات هەموو ڕۆژێ. باشترین كاتیش بۆ ئەم كردارە، بەیانیان پاش لەخەو هەڵسان یان پاش نانخواردنی بەیانیانە.
6. بەلاوەنەنانی لەش – كاتێك لەش پێت دەڵێ كە پێویستە بچیت بۆ سەرئاو، بڕۆ؛ نەكەی وەڵامی نەدەیتەوە، چونكە ئەمە دەبێتە هۆی قەبزی.