رۆژنامەی ھەولێر

خۆپاراستن لە خەمۆكییەکەی ماوەی زەیسانی

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

پزیشكان ئامۆژگاری دایكان و كەسوكاری ئەو ئافرەتانە دەكەن كە تازە منداڵیان بووە ئاگاداری دۆخی دەروونییان بن ئەم چاودێرییەش پێویستیەكی گرنگە بۆ ئەوەی ئافرەتان تووشی خەمۆكی دوای منداڵبوون نەبن.

ھەستکردن بە دڵتەنگی و گریان، کەمبونەوەی ئارەزووی خواردن، بێخەوی و خەوی ناخۆش، کەمبونەوەی تەرکیز و لاوازی توانای بڕیاردان، بیركردنەەی خراپ سەبارەت بەخۆی کە ناتوانێت بایەخ بدات بە کۆرپەکەی ئەمانە نیشانەكانی خەمۆكی دوای منداڵبوونن.
دکتۆرە چرۆ حسەین پزیشکی نەشتەرگەری و پسپۆڕی ژنان و منداڵ بوون و نەزۆکی لە بارەی خەمۆكی دوای منداڵبوون گوتی: ئافرەتان لە دوای منداڵبوون و لە ماوەی زەیسانیدا بە کۆمەڵێک گۆڕانکاری دەروونی و جەستەیدا تێپەڕ دەبن، کە پێویستە لەسەریان زانیاری تەواوەتیان لەسەر هەبێت بۆ ئەوەی لایەنی دەروونی و جەستەییان بە تەندرووستی بمێنێتەوە.
پێویستە دایكان بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە نوێیە بكەن، جگە لەوەش لەسەر كەسوكاریان پێویستە ئاگاداری باری دەروونی ئافرەتەكەبن.
دکتۆر چرۆ حسەین لە چەند خاڵێكدا ئامۆژگاری هەیە بۆ ئافرەتان:
1. پشوودان: منداڵبوون پڕۆسەیەکە کە دایکەکە ماندوو دەکات، بۆیە پێویستیان بە پشوودانە لە دوای منداڵبوون، وە ئەم پشووە یارمەتیدەر دەبێت بۆ کەمکردنەوەی ئازار و زوو چاک بوونەوە.
2. پەیڕەوکردنی سیستەمی خۆراکی تەندروست: خۆراکی تەندرووست ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە تەندرووستی خانمان لە دوای منداڵبوون، بۆیە پێویستە پەیڕەوی ئەو سیستەمە خۆراکیانە بکەن کە دەوڵەمەندە بە دانەوێڵە، سەوزە، میوە و پڕۆتین، هەروەها پێویستە بڕێکی باش شلەمەنی بخۆن ئەگەر هاتوو شیر بدەن بە منداڵەکانیان.
3. دوورکەوتنەوە لە هەڵگرتنی قورسایی: پێویستە خانمان لە دوای منداڵبوون دوور بکەونەوە لە هەڵگرتنی قورسایی، چونکە هەڵگرتنی قورسایی ئەگەر داخزانی منداڵدان زیاد دەکات لە دوای منداڵبوون.
4. ڕێگریکردن لە ڕەقبوونی مەمک: دەبێت گرنگی بە تەندرووستی مەمک بدرێت لە دوای منداڵبوون، وا باشترە خانمان مەمکیان بە پەڕۆیەکی تۆزێک گەرم داببۆشن بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی ڕەقبوونی مەمک و دروستبوونی ئازار.
5. ئەنجامدانی وەرزش: ئەنجامدانی وەرزش لە دوای منداڵبوون گرنگە بۆ تەندرووستی دایکەکە بەڵام نابێت وەرزشی قورس ئەنجام بدرێت.
دکتۆرە چرۆ حسەین لە كۆتاییی گوتەكانیدا ئامۆژگاریی ئافرەتان دەكات بەوەی كە گرنگی بە تەندرووستی دەروونییان بدەن چونكە لەگەڵ ئەوەی کە خانمان بە گۆڕانکاری جەستەیدا تێپەڕ دەبن بە کۆمەڵێک گۆڕانکاری دەروونیشدا تێپەڕدەبن کە دیارترین کێشەی دەروونی کە تووشی خانمان دەبێتەوە لە دوای لە دایکبوون بریتییە لە خەمۆکیی زەیسانی و دوای منداڵبوون، کە نزیکەی ٨٠٪ خانمان تووشی دەبن و ماوەی ئەم خەمۆکییە لە خانمێکەوە بۆ خانمێکی تر دەگۆڕێت و، دەتوانرێت چارەسەر بکرێت بە وەرگرتنی دەرمانی دژەخەمۆکی یان سەردانکردنی پزیشکی دەروونی پسپۆڕ.