ماكوان عێزەت – هەولێر
منداڵبوونی سروشتی ڕێگایەکی فیسیۆلۆجی و تەواو سروشتییە، کە بەهۆی گرژبوونی خودی جەستەوە بە سروشتی ڕوو دەدات و دەست پێ دەکات و کاتێک کە ملی منداڵدان بە تەواوەتی کرایەوە و منداڵەکە هاتە دەرەوە کۆتایی پێ دێت.
منداڵبوونی سروشتی بریتییە لە پرۆسەی دەرچوونی کۆرپەلە لە منداڵداندا. لە نەشتەرگەری قەستەرەدا، بە دەستێوەردانێکی نەشتەرگەری ئەنجام دەدرێت بۆ منداڵبوون لە ڕێگەی بڕینێکەوە لە سکدا. جۆری منداڵبوون لەلایەن پزیشکی چاودێری نەخۆشەوە دیاری دەکرێت و بەزۆری لە کۆتایی مانگی هەشتەم و سەرەتای مانگی نۆدا باس لەوە دەکرێت. دوای ئەوەی پسپۆڕەکە پێداچوونەوە بەو داتایانە دەکات کە پەیوەندییان بە تەندروستی هەردوو کۆرپەلە و دایکەوە هەیە، لەسەر باشترین شێوازی منداڵبوون ڕێک دەکەون. شایانی باسە ساڵانە ڕێژەی منداڵبوون بە قەستەرە لەسەر ئاستی جیهان بەرز دەبێتەوە، لەنێویاندا لە هەرێمی كوردستان بە تایبەت لە گەڵ نزیك بوونەوەی سەری ساڵ كە ئەم خواستە لەلایەن دایكانی دووگیانەوە زۆرە، ئەمەش لە بەر جوانی رێکەوتی لە دایكبوونەكە. هەرچەندە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی پێشنیاری ئەوە دەکات کە ڕێژەی منداڵبوون بە قەستەرە لە نێوان لەسەدا ١٠ بۆ ١٥ بێت، بەڵام ژمارەی ڕاستەقینەی منداڵبوون بە قەستەرە لەو ڕێژەیە زیاترە. وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ڕێگری لەو دیاردەیە فەرمانی دەركردوە كە سەرجەم نەخۆشخانە گشتی و تایبەتەکان ئاگادار کراونەتەوە، کە نابێت بەهیچ شێوەیەک نەشتەرگەری بۆ ئەو ئافرەتانەی دووگیانن بکرێت، کە نیازیانە لە رێکەوتێک جوان، لە دایکبوونی منداڵەکانیان بە نەشتەرگەریی پێش وادەی لە لەدایکبوون بخەن. وەزارەتی تەندروستی جەختدەكاتەوە كە هەموو ڕێکارێک دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی ڕێگەنەدرێت ژیانی کۆرپەلە بخرێتە مەترسییەوە، هەربۆیە پێش نەشتەرگەریی ئافرەتی دووگیان پێویستە بەڵگەنامەی زانستی هەبێت، کە بسەلمێنیت کاتی لەدایکبوونی کۆرپەکەی هاتووە.
منداڵبوونی سروشتی بریتییە لە لەدایکبوونی منداڵ بە شێوەیەکی سروشتی لە ڕێگەی زێیەوە، لە نێوان ٣٧-٤٢ هەفتەی دووگیانی. لەدایکبوونی سروشتی یارمەتی لەدایکبوونی منداڵێکی تەندروست دەدات، هەروەها پرۆسەی چاکبوونەوەی دایک خێراتره لە چاو نەشتەرگەری منداڵبوون .
د. بنار ئەحمەد دزەیی پسپۆڕ لە بواری منداڵبوون و ئافرەتان لە بارەی لەدایکبوونی سروشتی چەند زانیارییەك دەخاتە ڕوو جەختیشدەكاتەوە كە لەدایکبوونی سروشتی یارمەتی لەدایکبوونی منداڵێکی تەندروست دەدات.
د. بنار ئەحمەد دزەیی سوودەکانی منداڵبوونی سروشتی بۆ دایک دەخاتە ڕوو كە بریتین لە:
1. هەستکردن بە پەیوەندی زیاتر لەگەڵ کۆرپەکەدا لە کاتی لەدایکبووندا.
2. چاکبوونەوەی خێراتر .
3. کەمبوونەوەی مەترسییەکانی نەشتەرگەری وەک جەڵدەی سییەکان، خوێنبەربوون.
4. کەمبوونەوەی کاریگەرییە لاوەکییەکانی بێهۆشکردن (دەرزیی پشت).
5. یارمەتی دایک دەدات زووتر دەست بە شیرپێدانی سروشتی بکات.
د. بنار ئەحمەد دزەیی لە بارەی سوودەکانی منداڵبوونی سروشتی بۆ کۆرپەلە دەڵێت:
* لە کاتی منداڵبووندا گۆڕانکاری لە هۆرمۆنەکاندا ڕوو دەدات کە یارمەتی سییەکانی کۆرپەلە دەدات بە شێوەیەکی دروست گەشە بکات، ئەمەش ڕێگەی پێدەدات کە بە باشی کار بکات و هیچ کێشەیەکی هەناسەدان دروست نەکات.
* یارمەتی زیادکردنی بەرهەمهێنانی پڕۆتینەکان دەدەن لە مێشکی کۆرپەلەدا، ئەم پرۆتینانە یارمەتی گەشە و کارەکانی مێشک دەدەن. لە کاتێکدا منداڵبوون لە ڕێگەی نەشتەرگەرییەوە هانی جەستە نادات بۆ دەردانی ئەم پرۆتینانە.
* ئەو منداڵانەی لەڕێگەی منداڵبوونی سروشتییەوە لەدایک دەبن، سوودمەند دەبن لە خواردنی بەکتریا. ئەم بەکتریایانە سیستمی بەرگری منداڵ بەهێز دەکەن و یارمەتی دەدەن بۆ خۆپاراستن لە هەوکردن و نەخۆشییە باوەکانی منداڵان.

