رۆژنامەی ھەولێر

جیهـــــــــــــانی داگیرکراوی تاک، یان…؟

ئارام كۆشكی – سلێمانی

ولیەم ڕایش لە کتێبی “گوێبگرە پیاوی بچووک”دا ڕستەیەک لە زۆرێک لە بەشەکاندا دووبارە دەکاتەوە، کە ئەویش “خۆت ڕزگارکەری خۆتی”یە. ئەم ڕستەیە چەندە سادەیە، بەڵام جەوهەریی بوونی هەر مرۆڤێک دیاری دەکات. مرۆڤ بە کردەوەکانی ناوەرۆک بە ژیانی دەدات و جەوهەری بوونی دەنەخشێنێت، بەڵام چۆن بتوانین جەوهەرێکی پتەو و داهێنەرانە و بەرهەمدارمان هەبێت. جەوهەرێک بێت، کە لەگەڵ شەپۆلی ڕۆژگاردا فریو نەخوات و لەگەڵ هەموو بارانێک سەما نەکات؟

ڕەنگە مرۆڤ دەستکورتتر بێت لەوەی بتوانێت هەموو شتێکی ژیانی خۆی دیاری بکات، بەڵام لانیکەم دەتوانێت زۆربەی ئەو شتانەی دوای تەمەنی 20 ساڵی دێنەڕێگەی خۆی دیاری بکات. مرۆڤ مەحکوم نییە بەوەی هەمان ڕێگەی ئەوانی تر بگرێت، بەڵکو توانادارە بەوەی ڕێگەی خۆی بدۆزێتەوە. بەڵام کاتێک بە وردی سەرنج دەدەین و بەشێک لە تاکەکان دەدوێنین دەبینین بەشێکی زۆر تاکەکان داگیر کراون، بەڵام داگیرکردنەکە بەڕێژەی جیاواز جیاوازە و هەموان بە یەکسانی داگیر نەکراون.
بەڵام بۆچی تاکی کوردی تاکێکی داگیر کراوە؟
تاکی کوردی بەهۆی ئەوەی تاکێکی پتەوی خاوەن کەسایەتییەکی تۆکمە نییە (هەڵبەت ئێمە قسە لەسەر وێنەیەکی گشتی دەکەین بۆ تاکی کورد)، بۆیە بە ئاسانی داگیر دەکرێت. تاکی کورد لەنێو خێزان و کۆمەڵگە و ئاییندا بەردەوام سەرزەنشت دەکرێت و وەکو تاکێکی هیچنەزان و گوناهبار و لادەر سەیر دەکرێت و زۆرجار بێمەبەست دەشکێنرێتەوە لەبەرچاوی لەخۆی گەورەتر، وەکو جۆرێک لە نەریتی کۆمەڵایەتی، ئەمەش ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ کاریگەریی نەرێنی سەرەتا لەسەر دەروونی ئەم تاکە و دواتر لەسەر کەسایەتی دروست دەکات. هاوکات لەنێو سیستمی پەروەردەشدا ئەم تاکە جارێکی دیکە دەشکێنرێتەوە، جارێک دابین نەکردنی ژینگەیەکی لەباری فیرکاریی، جارێکی دیکە لەڕێی ئەوەی خواستەکانی لەبەرچاو ناگیرێت و تەنها لەڕێگەی نمرەوە بڕیار لەسەر تواناکانی دەدرێت. سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بەهۆی خراپی میتۆدی وانەوەتنەوەوە و ئەو شێوازە کۆنەی وانەی پێدەوترێتەوە لەبری ئەوەی تاکێکی بەهێز دروست بکات، تاکێکی لاوازی ڕووخاو دروست دەکات. تاکێک کە توانای بڕیاردانی نەبێت و نەتوانێت ببێتە خاوەنی جیهانێکی تایبەت بەخۆی.
بەشێک لە تاکی کورد لە دەرەوەی ئەو نەریت و ڕێگریانەی کۆمەڵگە جیهانی خۆیان بونیاد ناوە، جیهانێک کە خۆیان خاوەنداریی دەکەن و دەیانەوێت لەنێو ئەم جیهانەدا بۆ واتایەک بگەڕێن و لەوێوە لەنێو بەهەشتی ڕاستەقینەی خۆیان بژین. ژیانێک کە داهێنراوی خۆیانە و خۆیان بڕیاردەری ئەو ژیانەن. بەڵام لەبەرامبەردا بەشی زۆری تاکی کورد جیهانەکەی داگیر کراوە و زۆرجاریش ئەو تاکە ئاگاداری ئەو داگیرکارییە نییە، ئەو بوونی ون بووە، بەس ئاگای لەوە نییە و هێندە سەرقاڵی دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆیەتی ئاگاداری ئەوە نییە کاتی نەماوە بۆ ئەوەی “لەنێو ژیاندا بێت”، بەڵکو هەموو بوونی بووە بەوەی “لەنێو کاردا بێت”، یان “لەنێو سەرگەرمییدا بێت”.
بێگومان کار و سەرگەرمی دوو کۆڵەکەی گرنگی ژیانن، بەڵام داگیرکردنی تەواوی ژیان لەلایەن ئەم دوانەوە، یان یەکێکیانەوە ئەوە کارەساتی لێ دەکەوێتەوە و ئیدی تاک جیهانی تایبەت بەخۆی نابێت. بەڵکو جیهانەکەی داگیر کراوە و کەسیش ناتوانێت ڕزگاری بکات، بەڵکو تەنها خۆی ڕزگارکەری خۆیەتی. بەڵام ئایا دەتوانێت خۆی ڕزگار بکات؟
کاتێک ئێمە باس لە بە کولتوورکردنی خوێندنەوە و وشیاربوونەوەی تاک دەکەین، مەبەستمان لەوەیە تاک بتوانێت ببێتە خاوەنی جیهانی تایبەت بەخۆی و لەنێو ئەو زەلکاوەی ئێستا سەرمایەداریی و نیولیبڕالیزم بۆ تاکیان دروست کردووە و کردوویانە بە بوونەوەرێکی مەسرەفگەرای بەردەوام بتوانێت لەگەڵ ئەو شەپۆلە مەسرەفگەراییەدا نەبێت و جیهانەکەی لەڕووی ئابووریی و میدیاییەوە داگیر نەکرێت، بەڵکو جیهانێک بێت بەپێی خواستەکانی خۆی، کە ئەمەش تەنها ڕێگەی وشیاربوونەوەوە دەبێت و شاڕێگەی وشیاربوونەوەی خوێندنەوەی کتێب و هاونیشبوونە لەگەڵ سەرچاوەکانی دیکەی مەعریفە.