مستەفا محەمەد مستەفا
ئەکزیما چەورە: ئەمە دۆخێکە لە هەموو تەمەنەکاندا مرۆڤ ئەگەرى تووشبوونى هەیە، زیاتر لە رەگەزى پیاواندا باوترە وەک لە ئافرەتان، بەتایبەتى لە وەرزى پاییز و زستانى سارد و وشک، بە هەندێک هۆکارى جیاواز تووش دەبن، ئەم دۆخە لە سەرەتادا بە خورانى پێستى سەر و تۆشکەى زیاد دەکات، بەتایبەتى لە دەوروبەرى کەپوو و برۆکان ودەم و چەناگە و گوێ یەکان وبەشى سەرەوەى سینگ دەگرێتەوە، لەبەرئەوەى کوێرەڕژێنەکانى چەورى زیاتر لەم شوێنانەدا بەربڵاون، ئەم حاڵەتە پێى دەگوترێت ئەگزیماى چەورى Seborrheic dermatitis ئەم دۆخە کۆنترۆڵ دەکرێت بەڵام چارەسەرى بنبڕى نییە، لە سەرەتا چارەسەردەکرێت لە ڕێگەیى بەکارهێنانى هەندێک لە جۆرەکانى شامپۆى پزیشکى و دژەتۆشکە، بەڵام ئەگەر کەسى تووشبوو خورانەکەى زیادى کرد و بووە هۆکارى هەوکردن و سووربوونەوەى پێست، لەو کاتەدا پێویستە نەخۆش لەژێر چاودێرى وسەربەرشتى پزیشکى پسپۆرى تایبەت بە نەخۆشییەکانى پێست چارەسەرى تەواو وەربگرێت بۆ کۆنترۆڵکردنى ئەم نەخۆشییە بە دەرمان.
هۆکارەکانى تووشبوون بە ئەگزیماى چەورى
شارەزایان باس لەم دۆخە دەکەن کەوا ئەم نەخۆشییە لە دەرەنجامى کارلێکردنێکى ئاڵۆزى چەندین هۆکارە، بەڵام هۆکارى سەرەکى ئەم نەخۆشییە گەشەکردنى جۆرە کەڕوویەکە لەسەر پێست کە ناسراوە بە Malassezia yeast هەرچەندە بە شێوەیەکى سروشتى ئەم جۆرە کەڕووە لەسەر پێستى هەموو مرۆڤێکدا هەیە، بەڵام لە ئەنجامى بەرهەمهێنانێکى زۆر لە چەوریە رژێنەکانى ژێر پێست، دەبێتە دەرفەتێک بۆ گەشەکردنى ئەم جۆرە کەڕووە لەسەر پێست.
– هۆکارە بۆ ماوەییەکان.
– ئەو کەسانەى پێستیان زۆر چەورە.
– لاوازى لە سیستەمى بەرگرى لەش.
– بە هەستیاربوونى سیستەمى بەرگریی لەش.
– ئەو کەسانەى ماوەیەکى زۆر لەسەر جێگا کەوتوونە یاخود پەککەوتەن.
– پاڵنەرى ژینگەى دەرەکى وەکو کەشوهەواى سارد و وشک.
– پاڵنەرى ژینگەى ناوەکى وەکو دڵە ڕاوکێ وقەلەقى و گۆڕانکارى لە هۆرمۆنات لە لەشدا.
– گەشەکردنى جۆرە کەرووێکى سەر پێست ناسراوە بە مالاسیزیا یست Malassezia yeast ٠
نیشانەکانى نەخۆشینی ئەگزیماى چەورى
– هەڵوەرینى تۆشکەیەکى زۆر لەسەر پێستى سەر و ڕوخساردا.
– خورانى پێستى سەر و هەستکردن بە سووتانەوە.
– هەوکردن وسوورهەڵگەرانى پێست.
– دەرکەوتنى شوێنەوارى چەورى و زیبکە لە سەرپێستى سەر و ڕووخساردا.
– دروستبوونى شانە تۆشکە بەشێوەى کەڵەکەبوو، لەڕەنگى زەرد و سپى لە سەر پێستى سەر.
چارەسەر بە دەرمان
– ئەگەر نەخۆشییەکە سەرەتای بوو هەر بە هەندێک شامپۆى پزیشکى و دژەتۆشکە چارەسەر دەکرێت، شامپۆی وەکو:
Shampo – Zinc pyrithion Shampo Selsun – Shampo Ketoconazole Selenium sulfide Shampo – Coaltar Shampo – BM Shampo
چۆنیەتیی بەکارهێنانى شامپۆکان: ماوەى ٣ بۆ ٥ هەفتە بەکار دێت، بەم شێوازە:
هەفتەى یەکەم: رۆژک نا رۆژەک واتە لە ماوەى یەک هەفتەدا سێ جار بەکار دێت.
هەفتەى دووهەم: سێ رۆژ جارێک واتە لە ماوەى یەک هەفتەدا دوو جار بەکار دێت.
هەفتەى سێیەم: لە ماوەى یەک هەفتەدا یەک جار بەکار دێت.
پاشان لە کاتى پێویست بەکار دێت هەفتەى جارێک یان دوو هەفتە جارێک.
ئەم جۆرە شامپۆیانە ئەگەر لە ماوەى دیارىکراودا زیاتر بەکار بهێنرێت دەبێتە هۆى هەڵوەرینى پرچ.
– بەڵام ئەگەر نەخۆشییەکە پەرەى سەند و چووە قۆناغێکى دیکەوە وەک هەوکردن و خورانی زۆر، ئەوە ئیدی پزیشکى پسپۆڕى تایبەت بە نەخۆشییەکانى پێست بە دەرمان چارەسەری دەکات. دەرمانی وەکو:-
Hydrocortisone Creame – Ketoconazole Creame & Ointment Tacrolimus creame –
Betnovate + N drop & Solution – Betnovate drop

