رۆژنامەی ھەولێر

هەوکردنی کــــــۆئەندامی میز

ماكوان عيززه‌‌ت – هەولێر

 

هەوکردنی کۆئەندامی میز بریتییە لە هەوکردنی ئەندامێك یان زیاتری کۆئەندامی میز وەک گورچیلە، میزەڵدان، میزەڕۆ یان دەرچەی میز، بەزۆری بەهۆی بەکتریاوە ئەم هەوکردنە درووست دەبێت.

د. چرۆ حسین عزیز پزیشکی نەشتەرگەری و پسپۆڕی ژنان و منداڵ بوون و نەزۆکی
ئاماژە بەوەدەدات كە: لە چەند حاڵەتێکی کەمدا بەهۆی ڤایرۆس یان کەڕووەوە درووست دەبێت، و بە گشتی هەوکردنی کۆئەندامی میز لە خانماندا باوترە لە چاو پیاواندا .
د. چرۆ حسین نیشانەکانی هەوکردنی کۆئەندامی میز دەخاتە ڕوو كە بریتین لە:
یەكەم: ئەگەر هەوکردنەکە لە گورچیلەدا بوو:
• درووستبوونی ئازار لە پشت یان لە لاوە.
• لەرزین.
• هێڵنجدانەوە.
• ڕشانەوە.
• تا.
دووەم: ئەگەر هەوکردنەکە لە میزەڵداندا بوو:
• پلەی گەرمی لەش بۆ ئاستێکی نائاسایی دادەبەزێت.
• پەستان لە ناوچەی حەوز زیاد دەکات.
• هەستکردن بە ناڕەحەتی لە بەشی خوارەوەی سکدا.
• زۆر میزکردن .
سێهەم: ئەگەر هەوکردنەکە لە میزەڕۆ یان لە دەرچەی میزدا بوو
• درووستبوونی ئازار لە کاتی میزکردن.
• سووتانەوەی دەرچەی میز .
• درووستبوونی ئازار لە کاتی سێکسدا.
• گۆڕانی بۆنی میز.
لە بارەی چارەسەرییەكەشەوە د. چرۆ حسین ڕێنمایی ئافرەتان دەكات كە: چارەسەری هەوکردنی کۆئەندامی میز بە دەرمان دەکرێت، بەڵام جۆر و بڕی دەرمانەکە بەپێی تووندی هەوکردنەکە دەگۆڕێت کە ئەمەش پزیشکی پسپۆڕ دیاری دەکات.