رۆژنامەی ھەولێر

پێویستە چی بزانین لە بارەیانەوە؟

ماكوان عێزەت – هەولێر

 

زۆربەی خەڵک زانیارییان لەسەر شەکرە و فشارخوێن هەیە، بەڵام کەم کەس هەیە بزانێت پێش‌فشارخوێن چییە و پێش‌شەکرە چییە؟

د. خالس قادر پزیشكی هەناو ڕوونیدەكاتەوە كە بۆچی گرنگە پێش‌شەکرە و پێش‌فشارخوێن زانیاری وەربگرین و بیزانین ؟
د. خالس قادر دەڵێت: ئێستا زانستی پزیشکی پێمان دەڵێت بەتەنها شەکرە زیانی نییە بەڵکو پێش‌شەکرەش زیانبەخشە، وە بەشێک لە ماک و خراپیەکانی شەکرە لەو قوناغەدا روودەدەن کە کەسەکە لە قوناغی پێش‌شەکرەدایە. بۆ فشارخوێنیش هەمان شت راستە.
وەک زاندراوە ماکەکانی هەردوو نەخۆشی درێژخایەن و بەردەوام و پەرەسەندوون.
پێش‌شەکرە ئەو حاڵەتە بێنیشانە و نەزانراوەیە (لە لای کەسەکە) کە تێیدا رێژەی شەکری ناو خوێن، بەرزترە لە ئاستە ئاساییەکەی خۆی، بەڵام هێشتا نەگەیشتۆتە ئاستی شەکرەی زانراو.
پێش‌شەکرە بەپشکنینی خوێن دەردەکەوێت:
شەکرەی سێ مانگی (تەراکومی) HbA1c
1. کاتێک ڕێژەکە لە نێوان ( 5.7 بۆ 6.4 )ـە
2. یان شەکرەی خوێن بەبێ نانخواردن ( ١٠٠ بۆ ١٢٥)
3. یان شەکرەی دوای نان (١٤٠ بۆ ١٩٩) میلیگرامە .
پێش‌فشارخوێن بریتیە لەو حاڵەتەی فشارخوێن نەگەشتۆتە ئاستی زانراو بە فشارخوێن؛ واتە (١٤٠/٩٠ و زیاتر)؛ پێش‌فشارخوێن کاتێکە فشارخوێن لەنێوان ١٣٠/٨٠ بۆ ١٣٩/٨٩ میلیمتری جیوەدایە لە هەندێک سەرچاوەدا پێی دەڵێن فشارخوێنی پلە یەک و، رێژەی ١٤٠/٩٠ پێی دەڵێن فشارخوێنی پلە دوو.
زۆر جار ئەو دوو حاڵەتە، گرفتی تەندروستیی نەزانراو بۆ نەخۆشەکان دروست دەکەن بەبێ ئەوەی خۆیان پێی بزانن؛ هەندێک جار بۆ پزیشکانیش دەستنیشانی حاڵەتی نەخۆشەکە ئاسان نییە و نایگەڕێننەوە بۆ هۆکاری پێش‌شەکرە و پێش‌فشارخوێن.