رۆژنامەی ھەولێر

چــــــــــۆن خۆتان لەم پەتایە دەپارێزن؟

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

 

لەبەر گۆڕانی کەشوهەوا لەم وەرزانەدا، ڕێژەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان (پەتا) زیاد دەکات؛ ئافرەتی دووگیان زووتر و زیاتر تووشی پەتا دەبێ، هۆکارەکەیشی ئەوەیە لە کاتی دووگیانیدا، رێژە و رادەی هۆرمۆنەکانی دەگۆڕێت و، بە شێوەیەکی کاتی، هێزی سیستەمی بەرگریی جەستەیشی کەمترە لە جاران.

د. پۆیلە حەبیب زەنگەنە دکتۆرا لە نەخۆشیەکانی ژنان و منداڵبوون و نەزۆکی چەند ڕێنماییەك بە ئافرەتان دەدات بۆ ئەوەی خۆیان بە دوور بگرن لەم پەتایە و ڕێكارەكانی خۆپارێزی بگرنە بەر.

د. پۆیلە حەبیب زەنگەنە نیشانە سەرەکییەکان دەخاتە ڕوو کە پێویستە ئاگاداری بن:
1-هەڵئاوسان و گیرانی قوڕگ و لووت.
2-سەرئێشە و شەکەتیی جەستە.
3-کۆکەی وشک و پاشان کۆکەڕەشە.
4-بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای لەش (لەرز و تا)؛ ئەم حاڵەتە پێویستی بە چاودێریی چڕە چونکە کاریگەریی نەرێنی لەسەر دووگیانی دەبێت.
5-لە هەندێک حاڵەتدا، ڕشانەوە و ئازاری گەدە لەگەڵیدا دەبێت.
د. پۆیلە زەنگەنە ڕێنماییەکان بۆ خۆپاراستن لە گۆڕانکاریی وەرزەکان ئاماژە پێدەدات كە بریتین لەمانە:
1- دوورکەوتنەوە لە قەرەباڵغی: خۆپارێزی لە شوێنە داخراو و قەرەباڵغەکان و هەڵپێچانی دەمامک (ماسک).
2- وەرگرتنی ڤیتامینەکان: بە پێی ڕێنمایی پزیشک، بەردەوام بێ لەسەر وەرگرتنی ئەو ڤیتامین و تەواوکەرە خۆراکییانەی کە بۆ دووگیانی پێویستن.
ئەو پزیشكە پسپۆڕە، ڕێنوێنیی ئافرەتانی دووگیان دەكات لە کاتی پەتاگرتندا ئەم رێکارانە بگرنە بەر:
* پشووی تەواو: دابینکردنی کاتی پێویست بۆ پشوودان و خەوتن.
* هەڵمژینی هەڵم: بەکارهێنانی هەڵمی ئاوی گەرم بۆ کرانەوەی ڕێڕەوی هەناسە.
* فێنک ڕاگرتنی جەستە: بەکارهێنانی پەڕۆی تەڕ بۆ دابەزاندنی پلەی گەرمای لەش.
* شله‌مه‌نی و تەڕاو (سوپ)ـی گەرم: خواردنەوەی بڕێکی زۆر لە شلەمەنییە گەرمەکان (وەک شۆربا) بۆ هێشتنەوەی شێی جەستە.
* خواردنە سوودبەخشەکان: بەکارهێنانی لیمۆ، هەنگوین و زەیتی زەیتوون وەک یارمەتیدەر.
* بەکارهێنانی پاراسیتامۆڵ: وەرگرتنی دەرمانەکە تەنها بە ڕێژەی دیاریکراو بۆ کەمکردنەوەی ئازاری لەش و دابەزاندنی تا.
د. پۆیلە حەبیب زەنگەنە ئامۆژگاری ئافرەتان دەكات كە ئەگەرهاتو پلەی گەرمای لەش بەرز بووەوە یان نیشانەکان توند بوون، پێویستە دەستبەجێ سەردانی پزیشك بکەیت بۆ وەرگرتنی چارەسەری تەواو و چاودێریی پزیشکی.