ماكوان عێزەت – هەولێر
لە بەردەوامی مانگی هۆشیاریی نەخۆشینی شەكرە، پزیشكانی ئەو بوارە بەردەوام هۆشیاری بە هاووڵاتیان دەدەن كە خۆیان بپارێزن لە نەخۆشینی شەكرە.
لەو بارەوە د. داهات حەوێزی پزشکی پسپۆڕی هەناوی و شەکرە و غودە ڕوونی دەكاتەوە كە ئەو کەسانەی پێشینەی خێزانی شەکرەیان هەیە، یان قەڵەون، یان دەمپارێزی ناکەن لە هیچ خواردنێک یان ژیانێکی بێجووڵەیان هەیە مەترسی تووشبوونیان بە شەکرە هەیە.
د. داهات حەوێزی ڕوونی دەكاتەوە بۆ ڕێگەگرتن لە تووشبون بە شەکرە پێویستە ئەم پێنج خاڵە لەپێش چاو بگرین:
١-وەرزشکردنی بەردەوام، بەلایەنی کەمیەوە هەفتەی سێ جار هەرجارەی سەعاتێک وەررزش بکرێت، وەرزشکردنێکی مامناوەند بۆ سەخت، بە شێوازێک بێت هیلاک بیت و لێدانی دڵت خێرا ببێت و ئارەقەی پێ بکەیت؛ بەردەوام بە لەسەر وەرزشکردن، ئەگەر شەکرەیەکی سەرەتایی هەبێت بەم شێوازە کۆنترۆڵ دەبێت.
١-خۆراکی تەندروست، دەمپارێزی لە شیرینیخواردنی زۆر و خۆراکی حازربەدەست (فاستفوود) و ساردی و خواردنی پارازتە (لەقوتووکراو)، هەروەها گرنگیدان بە سەوزە و میوە و چەرەزات، هەروەها وازهێنان لە جگەرەکێشان و خواردنەوەی مەی.
٢-دوورکەوتنەوە لە خەم (سترێس) و دڵەڕاوکێ و خەفەت خواردنی زۆر چونکە دوور نیە ئەمانە شەکرە بەرز بکەنەوە.
٤-پشکنینی چەوریەکانی خوێن و شەکرەی خوێن و فشاری خوێن ٦ مانگ-ساڵی جارێک، هەروەها دەمپارێزی و وەرگرتنی چارەسەر لە کاتی پێویستدا چونکە چەوری سەر جگەر دەبێتە هۆی شەکرە.
٥-دوورکەتنەوە لە بەکارهێنانی دەرمان و دەرزی بەبێ ڕاوێژی پزیشک چونکە هەندێ عیلاج و دەرزی شەکرە بەرز ئەکەنەوە.

