رۆژنامەی ھەولێر

نەمانی تۆح و لەدەستدانی ئارەزووی خواردن؛ نیشانە و هۆکارەکانی

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

زۆر كەس لە گەورە و منداڵ گرفتی نەمانی تۆح (لەدەستدانی ئارەزووی خواردن)ـی بۆ پەیدا دەبێت و چیتر نایەوێت خواردن بخوات یان بڕێكی زۆر كەم دەخوات؛ تۆح‌نەبردن و نەمانی تۆح، چەند هۆكارێكی هەیە؛ یەک لەوانە بەكارهێنانی هەندێك دەرمانی پزیشكییە، كە كار دەکاتە سەر جەستە.

د. سەعدوون عومەر پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی دەربارەی نیشانەكانی نەمانی تۆح (لەدەستدانی ئارەزووی خواردن) ئاماژە بەوە دەكات كە دەبێتە هۆی لەدەستدانی كێشی جەستە بە رێژەیەكی بەرچاو، لەدەستدانی هەستی تامكردن و شەكەتی و، نەمانی ویستی خواردن.
د. سەعدوون عومەر لەبارەی هۆكارەكانی لەدەستدانی ئارەزووی خواردن ڕوونیشی دەكاتەوە كە: هەندێك بەكتریا و ڤایرۆس، لە جەستەدا دەبنە هۆی هەوكردن و، كەسەكە ئارەزووی خواردنی نامێنێت یانیش بەكارهێنانی هەندێك دەرمانی پزیشكی، كە كاریگەریی لاوەكی لەسەر جەستە جێ دەهێڵێت، هەندێك لایەنی دەروونی، وەكو خەمۆكی، نیگەرانی، فشاری دەروونی و دڵەڕاوكێ و تووشبوون بە هەندێك نەخۆشی وەكو ڕەبۆ، شەكرە، بەكتریای گەدە، غوددە، سستداگەڕانی دڵ، نەخۆشینی گەدە و قۆڵۆن.
پزیشكان ئاماژە بەوەش دەكەن كە: لەدەستدانی ئارەزووی خواردن دەتوانرێت بەسەر دوو بەشدا دابەش بکرێت. یەکەم بریتییە لە نەمانی تۆح و لەدەستدانی ئارەزووی خواردن بەهۆی بارودۆخەوە، کە لەوانەیە بەهۆی نەخۆشی یان فشارەوە ڕوو بدات، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی كەسەكە هەستی برسێتیی نەمێنێت. دووەم بریتییە لە دەمپارێزی و خۆبەدوورگرتن لە خواردن، کە كەسەكە هەستی برسێتی دەکات، بەڵام خواردنی خۆراك سنووردار دەکات لە ترسی قەڵەوی و زیادکردنی کێش.

هۆکارەکان
ئەم جۆرە لە بێئاگایی لە خواردن تووشی کچانی هەرزەکار دەبێت، بەتایبەت ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان ١٢ بۆ ٢٠ ساڵاندایە، ئەمەش بەهۆی لاوازیی دەروونی منداڵان لەم تەمەنەدا بە تایبەت کچان و، کاریگەریی سۆشیال‌میدیا و وێنەی لەشولارێكی جوان و جەستەی ڕێك. کچەکە بە خێرایی بڕیاری دابەزاندنی کێش و بەدەستهێنانی جەستەیەکی ڕێك دەدات و لە قۆناغی یەکەمیشدا دەست دەکات بە دەمپارێزی (ڕێجیم) و وەرزشکردن بە شێوەیەکی چڕ. زۆری پێناچێت، وەسوەسەی گەیشتن بە جەستەیەکی ڕێك دەگۆڕێت بۆ ناچارییەک کە بیرکردنەوەکانی هەرزەکارەکە دەگۆڕێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە بە شێوەیەک واز لە خواردن بێنێت کە دەبێتە هۆی لاوازی جەستەیی بەرچاو.
نیشانەکان
خێزانەکە دەبێت وریا بن ئەگەر هەستیان بە هەر نیشانەیەکی نەخۆشینی نەمانی تۆح و، لەدەستدانی ئارەزووی خواردن کرد، وەک وەرزشکردنی زۆر و کەمبوونەوەی بەرچاو لە خواردنی خۆراک. هەروەها ڕەنگە هەندێک لە کچان پەنا بۆ خواردنی ئەو دەرمانانە ببەن کە ڕشانەوە یان سکچوونیان لێ دەکەوێتەوە بۆ ئەوەی بە خێرایی ڕزگاریان بێت لەو خۆراکەی کە خواردوویانە. کاتێک گەیشتە ئەم قۆناغە، وەسوەسەی لاوازی و جەستەیەکی باریک دەگۆڕێت بۆ کێشەیەکی دەروونی کە کاریگەری لەسەر گەشەکردن دەبێت و دەبێتە هۆی ناڕێکیی سووڕی مانگانە. ئەمانە نیشانەن کە پێویستە ئەو كەسە ببرێتە لای پزیشکی پسپۆڕ.

چارەسەر
نەخۆشینی نەمانی تۆح و، پشتگوێخستنی خواردن، لەلایەن پزیشکی دەروونییەوە چارەسەر دەکرێت کە ڕێگەی چارەسەرکردن بەکار دەهێنێت بۆ یارمەتیدانی نەخۆشەکە بۆ زاڵبوون بەسەر دۆخی وەسوەسەییدا. هەروەها چارەسەری دەروونی یارمەتیدەرە بە ڕاستکردنەوەی ئەو تێڕوانینە هەڵانەی كەسەکە، سەبارەت بە جەستەی ڕێك و ڕوونکردنەوەی مەترسییەکانی پەیوەست بە خۆبێبەشکردن لە سوودەكانی خۆراک. هاوکات نەخۆشەکە چارەسەری پزیشکی پسپۆڕی خۆراک وەردەگرێت کە ڤیتامین و تەواوکەری خۆراکی دابین دەکات بۆ چارەسەرکردنی هەر کەموکووڕییەکی خۆراکی.