رۆژنامەی ھەولێر

بۆ ئەوانەی ئازاری كۆمیان هەیە چۆن بزانن ئازارەكەیان کاتییە یان نەخۆشییەکی درێژخایەنە؟

ماكوان عێزەت – هەولێر

د. سەردار ئیبراهیم فەقێ محەمەد پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی ڕوونی دەكاتەوە كە ئازاری کۆم دەكرێت کاتی بێت یان درێژخایەن، ئەمەش بەندە بەوەی چەند دەخایەنێت و هۆکارەکەی چییە و ئایا دەگەڕێتەوە یان نا.
د. سەردار ئیبراهیم ئاماژە بەوە دەدات كە ئازاری کاتیی کۆم بەزۆری تەنها ماوەیەکی کورت دەخایەنێت، لە چەند کاتژمێرێکەوە تا چەند ڕۆژێک، و زۆرجار هۆکارێکی ڕوونی هەیە وەک قەبزی، درزی کۆم، مایەسیری، یان داخورانی ناوچەیی بەهۆی زەبر یان پیسایی ڕەقەوە. کاتێک هۆکارەکە چارەسەر کرا یان چاک بووەوە، ئازارەکە بە تەواوی نامێنێت.
د. سەردار ئیبراهیم دەشڵێت: ئازاری درێژخایەنی کۆم بۆ ماوەی زیاتر لە شەش هەفتە بەردەوام دەبێت یان بە تێپەڕینی کات دووبارە دەبێتەوە. زۆرجار ئاماژەیە بۆ کێشەیەکی بەردەوام وەکو درزی درێژخایەنی کۆم، مایەسیریی درێژخایەن، کیس، دومەڵی کۆم، گرێ، یان هەوکردن بەهۆی نەخۆشییەکانی وەک نەخۆشی هەوکردنی ڕیخۆڵە.
ئەو پزیشكە پسپۆڕە هەندێک نیشانەی ئاگادارکردنەوە ڕوون دەكاتەوە کە نابێت پشتگوێ بخرێت:
1-ئازارێک کە زیاتر لە شەش هەفتە بەردەوام دەبێت یان دەگەڕێتەوە.
2-خوێنەچۆڕە یان دەردراوی نائاسایی.
3-گۆڕانکاری لە خووەکانی ڕیخۆڵە وەک قەبزی بەردەوام یان سکچوون.
4-دابەزینی کێش بەبێ هۆ.
5-بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای لەش “تا”.
6-ماندوویەتی.
7-گرێیەک یان برینێک کە چاک نابێتەوە.