ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
د. ئاکۆ کەریم جەلال پزیشکی نەخۆشییەکانی منداڵان و گەشەی منداڵان، دایكان و باوكان ئامۆژگاری دەكات لە ئەگەری هەبوونی ئەم نیشانانە لە منداڵەکەتدا بە پێویستی دەزانێت پشکنینی شەکرەی بۆ بکرێت.
د. ئاکۆ کەریم جەلال لە پێنج خاڵدا نیشانەکانی نەخۆشیی شەکرە لە منداڵدا دەخاتە ڕوو، كە بریتین لە:
1. ئاوخواردنەوەی زۆر؛
2. میزەتەڕەی زۆر (میزکردنی زۆر)؛
3. دانانی کێش (کەمکردنی کێش)؛
4. بێهێزی؛
5. هەندێ جار، سکئێشە و رشانەوە.
د. ئاکۆ کەریم جەلال دەشڵێت: ئەو نیشانانە ئەگەری هەیە نیشانەی نەخۆشینی تریش بن، تەنها نیشانەی نەخۆشیی شەکرە نییە، بۆیە لە هەبوونی ئەو نیشانانە باشترە سەردانی پزیشک بکەیت.
پاشخان
نەخۆشیی شەکرەی منداڵی، یان جۆری یەکەمی شەکرە، جۆرێکە لە نەخۆشیی شەکرە کە منداڵان تووش دەکات. هۆکار و میکانیزمەکانی جیاوازە لە نەخۆشیی شەکرەی جۆری دوو کە تووشی گەوران دەبێت و بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی خۆراكی ناتەندروست بخوات کە دەوڵەمەندە بە شیرینی و شەکر.
نەخۆشیی شەکرەی جۆری دووەم لە ئەنجامی بێتوانایی هۆرمۆنی ئەنسۆلین لە ئەنجامدانی ئەرکەکانی بە شێوەیەکی ئاسایی و ڕێکخستنی ئاستی شەکر لە خوێندا ڕوودەدات. سەبارەت بە منداڵان، پەنکریاسیان توانای دەردانی هۆرمۆنی ئەنسۆلینی نییە، بۆیە چارەسەرکردنیان بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر بنەمای دەرزی ئەنسۆلین یان دەرمانە، چونکە تاکە هۆرمۆنە لە جەستەدا کە ئەرکی دابەزاندنی ئاستی شەکری خوێن لەئەستۆ دەگرێت.
هۆکارەکان
پەنکریاس ئەندامێکی زۆر گرنگە لە جەستەی مرۆڤدا و دوو ئەرکی سەرەکی هەیە. یەکەمیان دەردانی ئەو ڕژێنانەیە کە یارمەتیدەرن لە هەرسکردنی خۆراکدا، بەشێکی تریش ئەو ڕژێنانە لەخۆ دەگرێت کە ئەنسۆلین بەرهەم دەهێنن، ئەو هۆرمۆنەی بەرپرسە لە هاوسەنگکردنەوەی ئاستی شەکر لە خوێندا. لە منداڵاندا ئەو خانانەی بەرپرسن لە بەرهەمهێنانی ئەنسۆلین زیانیان پێ دەگات بەهۆی ئەو هۆکارانەی کە یان بۆماوەیین، یان هەروەها بەهۆی لاوازبوونی سیستەمی بەرگریی لەشەوە. بەگوێرەی ئامارەكان ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە لە منداڵاندا زیاد دەکات بەهۆی لاوازبوونی سیستەمی بەرگریی لەش.
نیشانەکان
نەخۆشیی شەکرە لە منداڵاندا دەتوانرێت لە کاتی پشکنینی ڕۆتینی شەکری خوێن لە کلینیکێکی پشکنینی ئاساییدا دەستنیشان بکرێت، یان ئەگەر منداڵەکە هەستیاری گلۆتینی هەبێت، دەتوانرێت لە کاتی چاودێریکردنی ڕۆتینیدا دەستنیشان بکرێت. بەڵام بەزۆری منداڵان ئەو نیشانانە دەردەخەن کە ئاماژەن بۆ بوونی نەخۆشیی شەکرە، وەک سەرگێژخواردن و زۆر میزکردن و تینوێتی زۆر. لە کۆرپەدا بەزۆری نەخۆشیی شەکرە لە قۆناغە پێشکەوتووەکاندا دەستنیشان دەکرێت کاتێک کۆرپە تووشی سەرگێژخواردن یان کۆما دەبێت لە ئەنجامی تێپەڕاندنی ئاستی شەکری خوێن لە سنوورە ئاساییەکان. هەروەها دەتوانرێت لە ڕێگەی نیشانەکانی سەرگێژخواردن و نیشانەکانی وشکبوونەوە لە منداڵاندا بەدی بکرێت، دیارترینیان تینوێتیی زۆر و ڕشانەوە و هەناسەبڕکێیە.
ئاڵۆزییەکانی نەخۆشیی شەکرە لە منداڵاندا
وەک جۆرەکانی تری نەخۆشیی شەکرە، شەکرەی منداڵی دەبێتە مەترسی لەسەر تەندروستیی منداڵان. ئەم مەترسیانە کاتێک سەر هەڵدەدەن کە ئاستی شەکر لە خوێندا بەرز بێتەوە بەهۆی کەمی ئەنسۆلین یان زۆر خواردنی شیرینی. بە پێچەوانەوە، دابەزینی ئاستی شەکری خوێن، تەنانەت کاتێک شیرینی بە گەدەی بەتاڵ دەخورێت، دەتوانێت ببێتە هۆی بێهۆشکەوتن (لەهۆشخۆچوون) و کۆما؛ دۆخە مەترسیدارەکان کە پێویستیان بە چاودێری پزیشکی خێرا هەیە چونکە لە هەندێك حاڵەتدا مەترسیدارە.
هەروەها نەخۆشیی شەکرە کاریگەریی درێژخایەنی هەیە، ئەگەربێتو منداڵ خۆراکی گونجاو و تەندروست نەخوات. ئەگەر نەخۆشیی شەکرە بۆ چەندین ساڵ بە باشی کۆنترۆڵ نەکرێت، کاریگەرییەکانی وردەوردە کۆ دەبنەوە، سەرەتا کاریگەری لەسەر خوێنبەرە بچووکەکانی قاچەکان دەبێت. ئەمەش دەبێتە هۆی برینداربوونی قاچ لە نەخۆشانی شەکرەدا، هەندێکجار پێویستی بە بڕینی قاچ هەیە. هەروەها دەکرێت کاریگەری لەسەر خوێنبەرە بچووکەکانی گورچیلە یان دڵ هەبێت، ئەگەری هەیە ببێتە هۆی جەڵتەی دڵ یان جەڵتەی مێشک ئەگەر خوێنبەرەکانی ناو مێشک کاریگەرییان لەسەر بێت. جگە لەوەش نەخۆشیی شەکرە دەتوانێت لە دەمارەکاندا کۆ ببێتەوە و دەبێتە هۆی سڕی.
چارەسەر
تاکە چارەسەر بۆ جۆری یەکەمی شەکرە دەرزیی ئەنسۆلینە. لەوانەیە پزیشکان پێویستیان بە خەواندنی کۆرپە لە نەخۆشخانە بێت بۆ چاودێریکردنی ئاستی شەکری خوێنیان و دیاریکردنی ژەمی پێویستی ئەنسۆلین. لە هەمان کاتدا دایکان فێر دەکرێن کە چۆن چاودێریی شەکری خوێنی منداڵەکەیان بکەن و چۆن ئەنسۆلین بەکار بهێنن. نابێت دەرزییەکان لە یەک ناوچەی جەستەدا چڕ بکرێنەوە، چونکە شوێنەکە بە تێپەڕینی کات ڕەق دەبێت، ئەمەش ڕێگری دەکات لە چوونەژوورەوەی ئەنسۆلین بۆ ناو جەستە. بۆیە پێویستە شوێنی دەرزیلێدان بەسەر تەواوی لەشدا دابەش بکرێن، لەوانەش بەشی سەرەوەی قۆڵ و سک و قاچ. هەروەها زۆر گرنگە کە منداڵەکە ڕێجیمێکی تەندروست پەیڕەو بکات کە لەگەڵ بارودۆخەکەیدا بگونجێت.
خۆپاراستن
خۆپاراستن بە پلەی یەکەم لەسەر ڕێکخستنی خۆراک. لە گرنگترین لایەنەکان وازهێنان لە نانی سپی و گۆڕینی بە نانی بۆر کە یارمەتی جەستە دەدات شەکر باشتر هەڵبمژێت لە چاو ئەو نانەی کە بە ئاردی سپی دەکرێت. سەرەڕای ئەوەش، ئامادەکردنی ژەمە خۆراکییە گونجاوەکان بۆ منداڵەکە کە پێداویستییە خۆراکییەکانی دابین بکات و بە تەواوی بێشەکر بێت، زۆر گرنگە. ڕەنگە دایکان وردەوردە هەست بە باشتربوونی دۆخی منداڵەکەیان بکەن، کەمکردنەوەی خواردنی شەکر دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئەو برسێتییە توندەی کە نەخۆشانی شەکرە تووشی دەبن. ئەم برسێتییە لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی ئاستی ئەنسۆلین لە جەستەدا دروست دەبێت و نیشانەکانی بریتین لە برسێتیی زۆر و ئارەقکردنەوە و توڕەبوون. ئەمەش دەتوانێت یان بەهۆی چالاکییە ماندووەکانەوە بێت یان بەرگری لە ئەنسۆلین، کە دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی ئەنسۆلینی زیاتر. پێویستە دایکان زۆر گرنگی بە منداڵەکانیان بدەن بۆ ئەوەی زوو ئەم نیشانانە دەستنیشان بکەن پێش ئەوەی حاڵەتەکە خراپتر بێت.

