ماكوان عێزەت – هەولێر
ئەو کەسانەی نەخۆشیی شەکرەی جۆری دووهەمیان هەیە دوو هێندە زیاتر تووشی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان دەبن لە چاو ئەو کەسانەی کە نەخۆشیی شەکرەیان نییە.
د. كامەران حەسەن محەمەد پسپۆڕە لە بوواری دەستنیشانكردن و چارەسەری نەخۆشیەكانی هەناوی و دڵ و شەكرە و هەرس و جگەر لە حەوت خاڵدا رێگاكان بۆ پاراستنی دڵی تووشبووانی نەخۆشیی شەکرە دەخاتە ڕوو:
1. خواردنی ساغ و تەندروست
دڵنیا بە لە خواردنی بڕێكی باش لەو خواردنانەی كە فایبەریان تێدایە، وەكو دانەوێڵە و نانی گەنم و پاقلەمەنی و سەوزە و میوە؛ لە هەمانكاتدا دەبێت ڕێژەی خواردنی چەوریی جۆری تێر كەم بكرێتەوە، كە لە گۆشتی سوور و پێستی مریشك و پەنیر و شیردا ههیه، چونكە ڕێژەی چەوریی جۆری “كۆلیسترۆڵ” بەرز دەكەنەوە.
2. هیمۆگڵۆبینی شەكرە
ئەمە شیكارییەكی تاقیگەییە و لە ڕێی خوێنەوە دەکرێت و، رێژەی شەكری خوێن لەو سێ مانگەی دواییدا دیاری دەكات، دەبێت ڕێژەی هیمۆگڵۆبینی شەكرە لە %٦.٥ كەمتر بێت خۆ ئەگەر لەو ڕێژەیە بەرزتر بوو ئەوا پێویستە چارەسەر و دەرمانانەكانت بۆ زیاد بكرێت لەلایەن پزیشكەكەتەوە.
3. كۆنترۆڵكردنی فشاری خوێن
بەشێوەیەكی گشتی تووشبووانی نەخۆشیی شەكرە دەبێت فشاری خوێنیان ١٣ لەسەر ٨ بێت یان کەمتر.
4. كۆنترۆڵكردنی چەوریی خوێن
پێویستە ڕێژەی چەوریی خوێن بە شێوەیەكی گونجاو كۆنترۆڵ بكرێت؛ سەرچاوە زانستییەكان زۆرتر جەخت لە كۆنترۆڵكردنی چەوریی جۆری (LDL)دەكەنەوە بە ڕێژەیەك كە کەمتر بێت لە 100 میلیگرام لە ١ دسیلیتردا و، بەرزڕاگرتنی چەوری جۆریی (HDL) سەروو 50 میلیگرام لە ١ دسیلیتردا، كە بە چەوریی جۆری باش ناسراوە و گوێز و بایەم دەوڵەمەندن بەو جۆرە چەورییە.
5. وازهێنان لە جگەرەكێشان
تووشبووانی نەخۆشیی شەكرە دەبێت بە زووترین كات واز لە جگەرەكێشان بێنن، چونكە مەترسی نەخۆشییەكانی دڵ چەند هێندە زیاد دەكات.
6. وەرزشكردن
هەموو کەسێک سوود لە وەرزشكردن دەبینێت، بەڵام تووشبووانی شەكرە بە تایبەتتر، پێویستە وەرزشكردن لە ژیانی تووشبوواندا ببێتە ڕۆتینی ڕۆژانە، یەكێك لە هەرە ڕێگا ئاسان و كاریگەرەكان بۆ كەمكردنەوهی مەترسیی تووشبوونی بە جەڵتەی دڵ، پیاسەکردن و، بە پێ ڕۆیشتنە.
7. خواردنی حەبی ئەسپرین
بەشێكی زۆری سەرچاوە زانستیەكان ئاماژە بە خواردنی حەبی ئەسپرین دەكەن بۆ ڕێگەگرتن لە نەخۆشیەكانی دڵ و بۆرییەكانی خوێن و بەڵام دوای ڕاوێژكردن لەگەڵ پزیشكەكەتدا.
د. كامەران حەسەن جەخت دەكاتەوە كە ئەگەرهاتو کەسێک تووشی نەخۆشیی شەكرە بوو، دەتوانێ ژیانێكی زۆر ئاسایی بژیێت، بەو مەرجەی ئاگای لە خۆی بێت و، ئەو هەنگاوانەی سەرەوە رەچاو بکات؛ هاوكات نابێت ئەو دەرمانانە پشتگوێ بخات كە پزیشك بۆی داناوە.

