گومان لەوەدا نییە لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا، لە سەردەمی جیهانگیری و چاخی زیرەكیی دەستكرد و پێشكەوتنەكانی تەكنەلۆژیادا، نەخۆشی شەكرە وەك نەخۆشیەكی درێژخایەن، بە ڕێژەیەكی دیار و بەرچاو و بەربڵاو لە سەرتاپای ئەم هەسارەیەدا بڵاو بۆتەوە كە بە بكوژە بێدەنگەكە ناسراوە و لە هەمان كات بە نەخۆشییە مەترسیدارەكە ناوزەد دەكرێ و، مەبەست لێی ئەوەیە ئەگەربێتو كۆنترۆڵ نەكرێ ئەوە بە تێپەڕینی كات زیان بە خوێنبەرەكانی دڵ و چاو و گورچیلە و دەمارەكان دەگەیەنێ؛ بۆ نموونە: دەتوانێ لە ڕێی زیانگەیاندن بە خوێنبەرەكانی چاوەوە تووشی لەدەستدانی چاوی بكات و بیكاتە كەسێكی نابینا، وەكچۆن دەتوانێ لەڕێی تێكدانی دەمارەكانی قاچەوە، پێیەكانی بریندار بكات و تووشی لەدەستدانی بكات كە بەو هۆیەوە قاچەكانی ببڕێتەوە و ببێتە كەسێكی كەمئەندام و هتد.
ئێمە لێرەدا ئاماژە بە جۆرەكانی نەخۆشیی شەكرە ناكەین، هەروەها تیشك ناخەینە سەر هۆكارەكانی سەرهەڵدان و دروستبوونی ئەو نەخۆشییە و رێگاكانی چارەسەری؛ ئەوەی مەبەستمان هەڵوێستەی لەسەر بكەین، ئەو بارودۆخ و گوزەر و ژیانەیە كە خەڵكانێكی زۆر بەتایبەت ئەو خێزان و ماڵباتانەی منداڵی شەكرەگرتەیان هەیە بەهۆی نەبوونی و نەداری و دەستكورتییەوە دووچار و گیرۆدەی بارودۆخێكی سەخت و دژوار بوونەتەوە؛ ئێمە لە رۆژی جیهانیی شەكرەدا كە لە14/11ی هەموو ساڵێك لە هەموو جیهان ئەو یادە بە شكۆداری و بە كۆمەڵێك چالاكیی جۆراوجۆرەوە بەڕێ دەكرێ، وەلێ مەخابن ئێمە لە هەرێمی كوردستان دەرهەق بەو ژیانە پڕ كولەمەرگی و نالەبارەی منداڵان تێیدا دەژێن، بە بێنازی و بەدەم دەیان خەوی ئەرخەوانییەوە، ئەو رۆژە تێدەپەڕێنین، هەر لەو روانگەوە ئێمە لە هەمبەر نەبوونی توانایەكی ئەوتۆی دارایی كە لەو رۆژەدا دڵی منداڵانی پێ خۆش بكەین، نیگەرانین بۆ ئەو رەوشە وەك ناتوانین بەخۆشحاڵییەوە ئاهەنگێكی فراوانیان بۆ ساز بدەین و بۆ دڵنەوایی و دڵخۆشییان، دیارییان بەسەردا دابەش بكەین.
وەكو (كۆمەلەی منداڵانی تووشبوو بە شەكرە) كە ژمارەیەكی زۆری منداڵانی تووشبوو بە نەخۆشیی شەكرە لە كوردستان لەخۆ دەگرێ، بەردەوام تواناكانمان خستۆتە گەڕ و لەهەوڵداین، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدار و بەرپرسان و خێرخوازان لەسەر هێڵین تا لەو رێیەوە بتوانین یارمەتییەكی بچووك پێشکەش بەو منداڵانە بكەین. وەلێ لایەنە پەیوەندیدار و بەرپرس و خواپێداوان وەكو پێویست بەدەم ئەو بابەتەوە ناچن. ئەوە لەكاتیكدایە خەڵكێكی زۆر لە كەس و كاری تووشبوان كەمداهاتن، بەهۆی هەژارییەوە توانای كڕینی دەرزیی ئەنسۆلینیان نییە و بە چاوی ئومێدەوە لە داهاتوو دەڕوانن و، مافی خۆشیانە وەك هەموو كەسێكی ئاسایی ژیان بكەن، لەوەشدا بەردەوام پێداگرین بۆ لە دەرگادانی هەر شوێنێ كە پێویست بێ و بتوانین لەو ڕێیەوە خزمەت بەو منداڵانە بكەین.
لەكۆتاییدا بەپێویستی دەزانم لەو رۆژەدا رووی دەممان بكەینە ئەوانەی دەتوانن ژیانی كەسێك لە مردن رزگار بكەن، ئەوانەی دەتوانن دەستی هاوكارییان بۆ درێژ بكەن و خواپێداون، ئەوە وەك ئەركێكی ئایینی و ئەخلاقی و مرۆیی بەتایبەت وەزارەتی تەندروستی، داواكارین دەستبار و هاوكارمان بن؛ دڵخۆشكردنی منداڵێك، دڵخۆشییە بۆ خێزانێك و خێزانەكان ئەو كۆمەڵگایە دروست دەكەن كە هەموومان بە ئەشق و شادمانی و خۆشحاڵییەوە هەست بكەین لە كۆمەڵگایەكی دڵخۆش دەژێین.
*سەرۆكی كۆمەڵەی منداڵانی تووشبوو بە نەخۆشیی شەكرە*

