ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر
كۆكە پرۆسەیەكی ئاسایی و سروشتی لەشە بۆ پاككردنەوەی بۆڕییەكانی هەناسە، کۆکە نیشانەی نەخۆشی کۆئەندامی هەناسەیە و میکانیزمێکی بەرگری لەشە، یارمەتی دەرکردنی ماددە نامۆکان دەدات لە سییەکان بۆ پاککردنەوەیان. کاتێک کۆئەندامی هەناسەدان بەر ڤایرۆسێک یان مادەیەکی تری نامۆ دەبێت، جەستە بە جووڵەی نائیرادی سنگ کاردانەوەی دەبێت بۆ دەرکردنی ئەو ماددانە. ئەم جووڵانە ئەوەیە کە ئێمە پێی دەڵێین کۆکە.
لە بارەی هۆكارەكانی كۆكەوە د. شاگوڵ کەمال عەزیز پسپۆڕی هەناو و دڵ ئاماژە بەوە دەكات كە هوکارەکانی زۆرن:
1. هەستیاری
2. ڕەبو
3. بەرکەوتنی ماددەی کیمیایی، جامپاکەرەوە بێ یان ماددەی تر. سووتەمەنییەکان یان هەر مادە کیمیاییەکی تر.
4. چوونەخوارەوەی دەردراوەکانی پشتەوەی لووت، بەرەو بۆڕی هەناسە.
5. گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە، بەرەو سورینچک.
6. هەندێک دەرمان، بۆ نموونە هەندێک حەبی فشاری خوێن.
7. هەوکردن بە ڤایروس وەک پەتا و هەڵامەت.
8. هەوکردنی درێژخایەنی بۆڕییەکانی هەوا.
9. هەندێک هەوکردنی بەکتریایی.
10. هەنێک جار کێشەی خوێنبەرەکانی سییەکان.
11. کێشەی دڵ.
12. شێرپەنجەی سییەکان.
13. تەنی نامۆ لە ڕێرەوی هەوادا.
14. وەستانی هەناسە لە خەودا.
15. جگەرە و نێرگەلە و ماکەکانی.
16. کێشەی کۆئەندامی دەمار.
17. چەندین هۆکاری تریش.
د. شاگوڵ کەمال عەزیز ڕوونی دەكاتەوە كە چارەسەرییەكەشی بە پێی جۆرەکەی و هۆکارەکەی چارەسەر دەگۆڕڕێت. بەگشتی بەم هەنگاوەنە دەتوانیت خۆت بپارێزیت یانیش خۆ چارەسەر بكەیت تا دەچیتە لای پزیشکی پسپۆڕ:
١- دوورکەوتنەوە لە ماددە کیمیاییەکان.
٢- دەمپارێزی لە شەوچەرە و چەرەزات.
٣- غەرغەرەکردن سوودی هەیە.
٤- زۆر خواردنەوەی ئاو.
٥- چای هەنگوین بخۆنەوە.
٦- دوورکەوتنەوە لە دووکەڵ و سەرما.

