ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
خەوی ناڕێک، یان کەمخەوی، گرفتێکی باوە کە کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی جەستەیی و دەروونی مرۆڤ دادەنێت، خەوتن پێویستییەکی بنەڕەتی ژیانە و یارمەتی بنیاتنانەوەی خانەکانی لەش، بەهێزکردنی سیستمی بەرگری و پاراستنی تەندروستیی مێشک دەدات، هەربۆیە کاتێک خەو تێک دەچێت، کاریگەرییەکانی لە چالاکییەکانی ڕۆژانەدا بە ڕوونی دەردەکەون.
ئەوانەی گرفتی خەوزڕانیان هەیە چەند نیشانەیەكیان لێ بەدیار دەكەوێت، وێڕای هەستکردن بە ماندووێتی، ناتوانێت بە ئاسانی بخەوێت، زووزوو دادەچەڵەکێت (بەخەبەرهاتنەوە لە شەودا) و، کەسەکە زۆر زووتر لە کاتی پێویست لە خەو هەڵدەستێت و ناتوانێت لە بەیانیاندا بخەوێت.
د. سەردار ئیبراهیم فەقێ محەمەد پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی، ڕوونی دەكاتەوە كە خەوی بێکەڵک ( زۆر کەم بێت، کوالیتی خراپ بێت، یان ناڕێک بێت) دەتوانێت مەترسی زیادبوونی کێش و قەڵەوی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات.
ئەو پزیشكە ڕوونیشی دەكاتەوە كە چۆن خەوی خراپ دەبێتە هۆی زیادبوونی کێش:
1-هاوسەنگی هۆرمۆنەکان
*کەمخەوی واتە هۆرمۆنی گرێلینی زیاتر و لێپتینی کەمتر.
*گرێلین “هۆرمۆنی برسێتی” ئارەزووی خواردن زیاد دەکات.
*لێپتین “هۆرمۆنی تێری” کەم دەبێتەوە کاتێک کەمخەو دەبیت.
*ئەنجام: هەست بە برسێتی زیاتر دەکەیت، تەنانەت کاتێک جەستەت پێویستی بە وزەی زیاتر نییە.
2- ئارەزووی خواردنی کالۆری بەرز.
3-خاوبوونەوەی زیندەچالاکی لەش.
4- خراپی خەو کاریگەری لەسەر هەستیاری ئەنسۆلین و زیندەچالاکیی شەکر دەبێت، کە دەبێتە هۆی:
*بەرزبوونەوەی ئاستی شەکر لە خوێندا.
*هەڵگرتنی چەوریی زیاتر.
*مەترسیی زیاتری بەرگری ئەنسۆلین (پەیوەندی بە قەڵەوی و شەکرەی جۆری دووەمەوە هەیە.)
5- وزەی کەمتر بۆ چالاکیی جەستەیی کەسانی ماندوو:
*جووڵەی کەمتریان هەیە.
*وازهێنان لە ڕاهێنانەکان.
*بە گشتی کالۆری کەمتر دەسووتێنن.
*وزەی کەم (چالاکیی کەم) کۆبوونەوەی چەوری زیاتر.
د. سەردار ئیبراهیم ئاماژە بەوەش دەكات كە توێژینەوەکان دەریانخستووە كە ئەو کەسانەی لە شەوێکدا کەمتر لە ٦ کاتژمێر دەخەون، ئەگەری کێشی زیادە یان قەڵەوییان زیاترە بەراورد بەو کەسانەی کە ٧-٩ کاتژمێر دەخەون.

