رۆژنامەی ھەولێر

هۆکار و نیشانەکانی دڵکونی لە منداڵاندا

ماكوان عێزەت – هەولێر

نەخۆشیی دڵكونی، پێویستی بە چارەسەری نەشتەرگەری و قەستەرە هەیە، چەندین هۆكار هەن كۆرپە دوچاری نەخۆشی دڵكونی دەكەن، پزیشكان داوا لە دایك و باوكان دەكەن لەكاتی هەستكردن بە نیشانەكانی دڵكونیی كۆرپەكەیان، خێرا بچنە لای پزیشك تا پشكنینی بۆ بکرێت و لە تەندروستیی كۆرپەكەیان دڵنیا ببنەوە.

د. بیلال عەبدوڵڵا، پزیشکی پسپۆڕی منداڵان و پسپۆڕی وردی دڵی منداڵان نیشانەكان و هۆكارەكانی دڵكونی لە منداڵان ڕوون دەكاتەوە و ئاماژە بەوە دەكات كە نەخۆشییەكە یەكێكە لە نەخۆشییە باوەكانی زگماكی منداڵان، دەركەوتنەكەی بە گوێرەی قەبارەی دڵكونییەكە دیار دەدات. هەروەك ڕوونە دڵ چوار ژوورە؛ ژوورەکانی سەرەوە و ژوورەکانی خوارەوە. لە بەشی سەرەوەی گوێچكەڵەی دڵە، ئەگەر کون هەبێ نیشانەکانی هەندێ درەنگ دەكەوێت، بەپێی قەبارەکەشی ئەگۆڕێ. لە بەشی خوارەوەی دڵ، ئەگەر دڵکونی هەبێ لە نێوان هەردوو گوێچكەڵە، نیشانەکانی زووتر دەرئەکەون، زۆربەی زۆریان لە ساڵێك یان تا شەش مانگی یەکەم و هەندێ جار ئەگەر زۆر گەورە بێ لە بەشی خودەج دەردەکەوێ.
هەندێك جار نیشانەکانی بەو شێوەیەکە زووزوو پەتا ئەگرن، هەندێ جار نیشانەکانی بەو شێوەیەکە ناتوانێ شیر بخوا، هەندێ جار شیرخواردنیشی باشە، بەڵام گەشە ناکا. هۆکاری زووزوو پەتاگرتنیش بە هۆی دڵکونیەکەوە وای لێ ئەکا کە درەنگتر چاک بێتەوە، زۆر جار پێویستە لە نەخۆشخانە بخەوێندرێ.
هەروەها بەشێک لە دڵکونییەکان پێویست بەوە ئەکا کە زوو چارەسەر بکرێن، کونەکانیان بۆ داخرێت، لە تەمەنی زۆر منداڵیدا. هەندێکیان ئەتواندرێ دوا بخرێ بۆ تەمەنی چوار بۆ پێنج ساڵان و تا پێش قوتابخانە. دوای ئەوەی کە گەشتە قۆناغی پێش قوتابخانە بەشی سەرەوەی کونی دڵ دەبێ لە ڕێگە قەستەرەوە، ئەگەرهاتو گونجاو بوو بۆ ئەوەی کە جیهاز بکرێتە نێوان هەردوو دیواری گوێچكەڵەی سەرەوە. یان لە خوارەوە ئەگەرهاتو گونجاو بوو بۆ ئەوەی بە قەستەرە دابخرێت. ئەگەرنا پێویست بە نەشتەرگەری کرانەوەی دڵ ئەکا. واتە بە تەواوی نەخۆشەکە دڵی ئەوەستێنرێ لە ژێر ئامێری تایبەتە و دڵی دەکرێتەوە و کونەکەی بۆ دائەخرێت.
ئەمە ئەگەرهاتو کونەکە هیچ کێشەیەکی لەگەڵدا نەبوو. ئێمە پێی ئەڵێین (isolated) واتە بە تەنها، کونێک هەیە و بەشەکانی دڵی هیچ کێشەیەکی تری نییە.
د. بیلال عەبدوڵڵا دەڵێ: دەکرێ دڵکونی لەگەڵ کێشەی تری بۆرییەکانی خوێنا هەبێ. ئەمانە بابەتی جیاوازن. هەندێک جار منداڵەکە شین دەبێتەوە، هەندێ جار بۆرییەکانی پێچەوانەن. هەندێک جار دڵکونی هەیە بەڵام یەکێک لە بۆریەکانی دروست نەبووبێ. هەندێک جار دڵکونی هەیە، بەڵام یەکێک لە بۆریەکانی لە شوێنێکی کەوە دروست بوو یان هەر دروست نەبووبێ. ئەو کاتە ئێمە پێویستمان بە کونەکە هەیە، چونکە ئەو خوێنە بۆ بەشی سەرەوەی دڵ ناڕوا. واتە بۆ شاخوێنبەر ناڕوا، تەسك بووەتەوە، یا بۆ خوێنبەری سییەکان ناڕوا، تەسك بووەتەوە. ئەگەر لە لای ڕاست بێ بۆ خوێنبەری سییەکانە. ئەگەر لە لای چەپ بێ بۆ شاخوێنبەرە.
هەروەها دڵکونییەکان بە شێوازێکە ئێمە ئومێد ئەدەین بە دایک و باوکان. هەندێجار دڵکونی هەیە بچووکە و نیشانەیەکی وای نییە. تەنها پزیشکی منداڵان لە ڕێگەی (سماعە)یەکەوە کە لەسەر دڵی دانێ لە کاتی پەتایە، لە کاتی نەخۆشکەوتنا یان لە کاتی پشکنینێکی گشتیا بۆ منداڵەکە دەکرێ و لەوێ دەنگێکی نائاسایی ئەبیسترێ و لەوێوە ئەنێرێ بۆ ئیکۆ. لە کاتی ئیکۆیا دەرئەکەوێ بەڵێ کونێکی تێدا هەیە بەڵام ئەم کونە بچووکە، ئێمە ئومێد ئەدەین بەوەی کە لەگەڵ گەورەبوونا دابخرێت؛ ئەمانە ئەو جۆرە کونانەن کە لە بەشی سەرەوە هەن بەشی خوارەوە داخستنی کەمترە و بەشی سەرەوە ئومێد زیاترە و، ئەگەرهاتو قەبارەی کونەکە کەمتر بێ لە هەشت میلیم. جاری وا هەیە پێویست بە بەدواداچوون ئەکا؛ شەش مانگ جارێ تا ساڵ بۆی دەکەی.
ئەگەرهاتو دانەخرا ئەو کاتە بڕیار ئەدرێ کە ئایا ئەمە قەستەرەی پێویستە یا پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە. ئەگەر پێویستی بە قەستەرە هەبوو، ئەو کاتە قەستەرەکە دیاری دەکرێ و ڕیسکەکانی واتە لێكەوتەكانی قەستەرەکە بە دایک و باوک ئەوترێ، ئەگەر بچووک بوو پێویست ئەکا هەندێک جار كە توانای قەستەرەی نەبوو، دەبێ نەشتەرگەریی بۆ بکرێت. بۆ هەندێك لەو کونانەی کە هەروەها کێشەی تری دڵی هەیە. وەک چووارینا وەک کونی پێچەوانە و یان بۆریەکانی دڵی پێچەوانە، پێی ئەڵێن (TGA)، یا بۆریەکانی دڵی هەردووکی لە یەک ژوورەوەیەن، یانی دابەش نەبوون. شاخوێنبەر لە لای چەپەوە بێ و بۆری سییەکان لە لای ڕاستەوە بێ بە پێچەوانەوە هەردووکی لە یەک ژوورەوەیە یا هەردووکی لە لای چەپەوەیە. یا جاری وا هەیە بەشێک لە دڵ دروست نەبووبێ. بۆ نموونە بەشی لای چەپی دڵ باش دروست نەبووبێ. کونێک مان هەیە. ئەو کاتە شێوازی نەشتەرگەرییەکانی ئەگۆڕێ بە پێی کۆی گشتی نەخۆشییەکەی دڵ. ئایا هەر کونێکی هەیە یان کونێکی هەیە و کێشەی لای چەپی هەیە، لای ڕاستی هەیە، یا سەمامەکانی تەواو نییە.
جاری وا هەیە کونی دڵ هەیە بەڵام یەکێک لە سەمامەکانی، سەمامی تاجی لای چەپ، لای ڕاست؛ هەروەها سەمامەکانی بۆری شاخوێنبەر، سەمام ئەو بەشەی دڵە کە لە ناو دڵا هەیە لە نێوان ژووری سەر و خوارەوە وەک دەرگایەک وایە. ئەهێڵێ خوێن بڕوا، ناهێڵێ بگەڕێتەوە. جاری وا یەکێک لە سەمامەکان شلە، خوێن ئەگەڕێتەوە. جاری وا یەکێک لە سەمامەکان تەسکە، خوێن باش ناڕوا بۆیە ئەو کاتە بە پێی ئەمە چارەسەرەکە ئەگۆڕێ. یانی ئێمە هەر تەرکیزمان لەسەر کونەکە نییە. کۆی گشتیی دڵ گرنگە لە لامان و سەمامەکە گرنگە. ژوورەکانی لای دڵ گرنگە. بۆریەکان باش دروست بوونە؟ باش دروست نەبوونە؟ هەمووی لە شوێنی خۆیەتی یا نا؟ بە کۆی گشتی بڕیار ئەدرێ.
بە خۆشحاڵیەوە زۆرێک لە کونەکانی دڵ، ژوورەکان ڕێكە. سەمامەکان زۆر چاکە، دروست بوونە. بۆرییەکان لە شوێنی خۆیەتی و تەسک نەبوونەتەوە و خوێن ئەڕوا. ئەمانە زۆرینەی حاڵەتەکان پێک دێنن. زۆرینەی حاڵەتەکان، شینبوونەوەی لەگەڵ نییە. بە پێچەوانەی ئەوەی کە دایک و باوک بیری لێ ئەکاتەوە.
د. بیلال عەبدوڵڵا گوتیشی: دواخستنی چارەسەری بۆ تەمەنێکی زۆر گەورە باش نییە، چونكە هەمانبوو تەمەنی سەروو 50 ساڵان بووە و ئیکۆ نەکراوە. ئێستا فشاری سییەکانی زۆر بەرز بۆتەوە و کونەکە پێچەوانە بۆتەوە. خوێن لە جیاتی ئەوەی لە لای چەپەوە بێ بۆ لای ڕاست. لە شوێنێکەوە کە فشاری دڵ بەرزە بۆ لای بەشی ڕاست کە فشارەكەی پێچەوانە دەبێتەوە، ئەو کاتە شینبوونەوە دروست دەبێ. ئەمانە ئەگەری زۆر کەم و سوپاس بۆ خودا وردەوردە کەمتر دەبێتەوە و ئێستاکە نایبینین، ئاخر دکتۆری منداڵان زیاتر ئیکۆ دەنێرێ و زیاتر دەکرێ و زووتر قەستەرەکە دەکرێ؛ جاران ئەم شتانە نەبوو.