ماكوان عێزهت – هەولێر
3-3
وەزیری تەندروستیی هەرێمی كوردستان، لە بارەی دەستكەوتەكانی وەزارەتەكەی لە كابینەی نۆدا تیشكی خستە سەر چەند خاڵێكی گرنگ ئەوانەش شانازین بۆ كابینەی نۆ.
وەزیری تەندروستی ئاماژەی بە گەیاندنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ قەزا و ناحییەكان كرد و هەروەها چارەسەری نەخۆشانی شێرپەنجە و پرۆژەیەكی نوێ كرد كە بە نیازن ڕووپێو بۆ چەند بەشێكی كۆمەڵگە بكەن بە تایبەت ئەوانەی چەك هەڵدەگرن، یا شۆفێری دەكەن، ئەوانەشی کە دادەمەزرێن. تا بزانرێت لە ڕووی ئەقڵی، دەروونی و خوێنەوە پاکن.
د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەگەیاندنی خزمەتگوزاری تەندروستی كرد بۆ قەزا و ناحییەكان و گوتی: لە بە بابەتی ئامیری پزیشکی بۆ شوێنە دوورەکان (لەیزەر، سیتی سکان، ئێم ئاڕ ئای) جاڕان ھاووڵاتی دەبوو بچێتە دەرەوەی وڵات بۆ پێتی سکانێک، ئێستە خۆشبەختانە لە هەرسێ پارێزگاكە ھەیە. خزمەتگوزاری تەندروستی لە قەزا و ناحییەکان، ئەوەش ئەجێندای کابینەی نۆیەم بوو ھاوسەنگیی و یەکسانیی لە گەیاندن. ئێستا زۆربەی قەزا و ناحییەکان شوشتنی گورچیلەمان هەیە، نەخۆش لە قەزا و ناحییەكان نایەتە ناو سەنتەری شارەکان. ھەوڵ دەدەین بۆ ھەموو قەزا و ناحییەكانیش قەستەرەی دڵیشی لێبكرێتەوە. هەر بۆیە تەرکیزمان لەسەر قەزا و ناحییەكان هەیە و ھەموو پزیشکێکی پسپۆڕیش ھەیە. تاكو تراك ئەگەر بڵێم نەشتەرگەری کردنەوەی دڵ نەبێت لە قەزا و ناحییەكان، ئەگەر نا، ھەموو پسپۆڕییەك ھەیە.
هەروەها ڕەوانە كردنی نەخۆش لە قەزا و ناحییەكان بۆ سەنتەری شارەكان کەم بووە.
لە بارەی تاقیگەكانیشەوە وەزیری تەندروستی گوتی: كاركردن لە تاقیگەكان پڕۆژەیەکی زۆر گرنگە، پرۆژەكە پشکنین و بەسیستەمکردنی ئەلیکترۆنییە.
هەروەها متمانەی ھاوڵاتی زۆر گرنگە بۆیە كارمان كردوە بۆ ئەوەی متمانە بەهێز بكەین، ئێستا جێگەی خۆشحاڵییە كارەكانی کابینەی نۆ بووە ھۆکاری ئەوەی ھاوڵاتیان کەمتر ڕوو لە دەرەوەی وڵات کەن، نەك هەر ئەوەش بەڵكوو پێچەوانە بووەتەوە، ھاوڵاتیان لە دەرەوەی وڵات، لە ئەورووپا بۆ چارەسەری دێنەوە هەرێم.
لە بارەی سیستەمی ئەلیکترۆنی كە ئەمەش شۆڕشێکە لە نەخۆشخانەکان دەستمان پێکردووە بۆئەوەی دادپەروەری كۆمەڵایەتی پەیڕەوبکات. بەمەش کەمکردنەوەی رۆتین و چڕی داتای وەزارەتە بۆئەوەی بڕیاری پێویست بدرێت.
د. سامان بەرزنجی تیشكی خستە سەر نەخۆشانی شێرپەنجە و گوتی: من قسەكانی وەزیری تەندروستی عێراقی فیدراڵ دەکەمە گەواهیدەر د. ساڵح حسناوی كە دووجار ھاتووەتە هەرێمی كوردستان لە بارەی كارەكانی سەنتەرەکانی شێرپەنجە گوتی (ئەو خزمەتگوزارییەی بۆ شێرپەنجە لە کوردستاندا ھەیە لە عێراقدا نییە، چونکە سندوقی کۆمەک بۆ تووشبوانی شێرپەنجە ھەیە). هەر بۆیە شێرپەنجە پێویستی بە نەخۆشخانەی ئەھلی نییە، سەدا٩٨ چارەسەرەکان ھەمووی لە نەخۆشخانە حکومییەكان دەكرێت.
لەبارەی پاراستنی ژینگەشەوە وەزیری تەندروستی گوتی: پێشتر سیستەمی پاشماوەی پزیشکی لە ناو نەخۆشخانەکان بە سیستەمە كۆن لەناودەبران، پاشماوەی پزیشکی دەسووتێندرا. ئەمەمان گۆڕی بۆ سیستەمی نوێ كە شێداری دەكا، ووردی دەکا، تەعقیمی دەکا، پاشان دەبێتە زبڵێكی ئاسایی. هەروەها خۆشبەختانە لە نەخۆشخانەکان مۆلیدە نەماوە بەهۆی كارەبای 24 سەعاتی.
د. سامان بەرزنجی لە بارەی هەوڵەكانیان بۆ چارەسەری ئالوودەبووانی ماددەی هۆشبەر گوتی: بابەتی ماددە ھۆشبەرەکان، دیارە ئەمە ھەزار جار بەداخەوە، ھەڕەشەیەکە کە لە بەشێک لە چین و توێژەکانی ئێمە دەکات. کوردستانی ئێمە شوێنێکی ترانزێتە لە نێوان چەند وڵاتێکەوە، ئەم بابەتە چەند لایەنێكی ھەیە (ناوخۆیی، دادگایی، تەندروستی).
لایەنی ناوخۆییەکەی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و دەروازەکانە، یان مەرزەکانە، یان شوێنە قاچاخەكانە. خۆشبەختانە لایەنە ناوخۆییەکانمان رۆژانە دەبینین کە ئەو باندانە دەستگیری دەکەن. لایەنە دادگایی (قەزاییەکەی) ئەوەیە کە بڕیاری سزادانیان هەیە، یان ڕاگیراون، یان سزادرازن. بەڵام ئەمە لە یاسای ھەرێمی کوردستان جیا کراوەتەوە، کەسێک کە ئالوودە بووە وەك نەخۆش مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت و کەسێکیش بازرگانە وەك بازرگان مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.
لایەنە تەندرووستییەکەی، یانی لایەنی چارەسەری و شیانەوەیە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە. كە ئەمەش شانازییەكی دیكەی کابینەی نویەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە، كە یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادەی ھۆشبەر دەرچوو بە ژمارە یەکی ساڵی 2020. ئەم یاسایەمان نەبوو، ئێمە بۆشایی یاسایمان هەبوو. حکومەتی ھەرێمی کوردستان لیژنەیەکی باڵای ھەیە لە ھەموو وەزارەتە پێوەنیدارەکان، مانگانە کۆبونەوەمان ھەیە، رێنمایمان ھەیە، و سندوقێکی بۆ مادە ھۆشبەر دانراوە، و چەندین ھەڵمەتی ھۆشیاریش دەستپێکراوە، ئێستاش دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەڵمەتێكی گەورەی ھۆشیاریی دەستپێكدروە چونکە کۆنترۆڵکردنی مادە ھۆشبەرەکان یان بەرەنگاربوونەوەی تەنها گرتن نییە و دەبێ هۆشیاری كۆمەڵگامان هەبێت.
هەروەها سەنتەری چارەسەری و شیاندنەوە، ئێمە چەند پڕۆژەیەکمان ھەیە لە سەنتەری شارەکانی ھەولێر و دهۆك و سلێمانی، بۆ ئەوەی ئەم راگیراوانە، ئەوانەی کە تاوانبار نین بە بازرگانیکردن و ھێنان و بردنی بابەتەكە، تەنھا ئالودە بووە بە بەکارھێنانی، ھەڵخەڵەتێنراوە. چارەسەریان بۆ بکرێت، و لە روی کۆمەڵایەتیشەوە پێویستی بە شیانەوەی کۆمەڵایەتی ھەیە. بەڵێ، تا ئێستا لە نەخۆشخانەکانی دەرونی، نۆرینگەمان ھەیە، و لە چاکسازییەکانیش. بەشێکی تەندروستی هەیە پزیشکیی دەروونی دەچێتە ئەو شوێنانە، بۆئەوەی ڕێنماییان بكەن.
پڕۆژەیەکی دیکەمان ھەیە لە وەزارەتی ناوخۆ، ئێستا کە ئێمە ڕووپێو بۆ چەند بەشێك بكەین بە تایبەت ئەوانەی چەك هەڵدەگرن، ئەوانەی شۆفێری دەكەن، ئەوانەی کە لە شوێنێکی دامەزراوەی دامەزراوە، یانیش دادەمەزرێن. ئەوانە دەبێت لە ڕووی عەقڵی، دەروونی و خوێن بزانن پاکە. هۆگر نییە بە ھیج مادەیەک. ئەمەش لە ئایندەیەكی نزیكدا دەیخەینە جێبەجێکردن.

