ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
وێڕای ئەوەی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان لە بودجەی فیدراڵی بۆ هەرێمی کوردستان دیاری کراوە، بەڵام بەغدا وەک پێویست بەشە دەرمان و پێداویستی پزیشكییەکەی هەرێمی کوردستان، بە تەواوەتی نانێرێت؛ بەڵام ئەوە نەبووەتە هۆی ئەوەی خزمەتگوزاری و پێداویستییە تەندروستییەکان لە نەخۆشخانە حکوومییەکانی هەرێم ڕابوەستێت؛ سەرباری ئەوە، هاووڵاتیانی هەرێم زیاتر خزمەت كراون.
لە كابینەی نۆیەمدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بایەخێکی زۆری بە پەرەپێدانی ژێرخانی تەندروستی داوە. بەهۆی ئەم بایەخدانەوە، لە هەرێمی كوردستان تا ساڵی پار 157 نەخۆشخانەی پێشکەوتووی حكومی و ئەهلی لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم دروست کراون. ئەو ژێرخانە بەهێزەش وای كردووە تەنانەت هاووڵاتیانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش ڕوو بكەنە هەرێم و چارەسەری وەربگرن. هەروەها 1049 بنكەی تەندروستی و سەنتەر هەیە بۆ خزمەتی هاووڵاتیان.
هاوكات 20 سەنتەر و 30 بنكە و 31 نەخۆشخانەی نوێ درەست كراوە، 8 نەخۆشخانەی تایبەتی نەخۆشی شێرپەنجە دروست کراون، دوو نەخۆشخانەی نوێ ئێستا کاریان تێدا دەکرێت، کە پێداویستییە پزیشکییەکان بەبێ بەرانبەر ئەنجام دەدرێن.
نەخۆشخانەکانی هەرێم تەنها بۆ هاووڵاتیانی کورد نییە؛ بەڵکو دەرگایان كراوەیە بۆ پێشکەشکردنی چارەسەری پزیشکی بە هاووڵاتییانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش، کە بەشێوەیەکی ڕاشکاوانە دەڵێن بە جوانی خزمەت دەکرێن و هەست بە جیاكاری ناكەن و دڵخۆشن بەو خزمەتگوزارییە تەندروستییەی لە هەرێمی كوردستان بەو شێوە بەرچاوە بەرەوپێش چووە.

