رۆژنامەی ھەولێر

چەوریی سەر هێلکەدان دژی دووگیانکەوتنە

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

 

چەوریی سەر هێلکەدان یاخود پێی دەوترێت کیسی دیرمۆید بە شێوەیەکی گشتی وەرەمێکی هێلکەدانی ناشێرپەنجەییە کە دەتوانێت شانە جۆراوجۆرەکانی وەک قژ و پێست و ددان لەخۆ بگرێت.

د. جوانیتا سەڵاح پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی ژنان و مناڵبوون و نەزۆکی ئاماژە بەوە دەكات ئەگەر چی لە کاتێکدا چەوری سەر هێلکەدان بەگشتی شێرپەنجە نییە، بەڵام هەندێک جار دەتوانێت کاریگەری لەسەر منداڵبوون هەبێت، ئەمەش بەپێی قەبارە و شوێن و تەندروستیی هێلکەدانەکانە.
دەربارەی کاریگەری چەوری سەر هێلکەدان لەسەر منداڵبوون د. جوانیتا سەڵاح ئاماژە بە چەند خاڵێك دەكات، لەوانە:
1-کارکردنی هێلکەدان: ئەگەر کیسەکە گەورە بوو، ئەوا دەتوانێ کاری ئاسایی هێلکەدان تێک بدات بە دەستێوەردان لە هێلکەدان یان دەبێتە هۆی پێچانی هێلکەدان، ئەمەش دەبێتە هۆی تێکدانی ڕۆیشتنی خوێن و زیان بە هێلکەدان دەگەیەنێت.
2-لابردن بە نەشتەرگەری: ئەگەر پێویستی بە لابردن بوو بە نەشتەرگەری، ئەوا ڕێکارەکە کاریگەری لەسەر شانەکانی هێلکەدان هەیە، ئەگەری هەیە کاریگەری لەسەر دووگیان بوون هەبێت، بە تایبەت ئەگەر کیسەکە گەورە بێت یان کاری لە هەردوو هێلکەدانەکە کردبێت.
3-ناهاوسەنگی هۆرمۆنەکان: لە حاڵەتە دەگمەنەکاندا چەوری گەورە دەبێتە هۆی ناهاوسەنگی هۆرمۆنەکان، ئەمەش ڕەنگە ڕێگری لە دروستبوونی هێلکە و سووڕی مانگانە بکات.
د. جوانیتا سەڵاح دەشڵێت خۆشبەختانە زۆرێک لەو خانمانەی کە چەوریی سەر هێلکەدانیان هەیە دەتوانن بەبێ کێشە دووگیان بن.