رۆژنامەی ھەولێر

شروبی هەڵامەت و پەتا وەرزییەکان زۆرترین بەکارهێنەری هەیە بۆ منداڵان

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر

 

پەتای وەرزیی تەنها پەتایەكی ئاسایی نییە، بە بڕوای پزیشكان، خەڵك بە تەواوەتی بەهەڵە لێی تێگەیشتوون كە وادەزانن تەنها دوو رۆژە، بەڵكو جاری وا هەیە بە تەواوەتی دەبێتە هۆی لاوازی ماندبوون. پێویستە بەزووترین كات سەردانی پزیشك بكرێت بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست.

د. كارزان محەمەد حەسەن پزیشكی پسپۆڕی منداڵان ڕوونیدەكاتەوە كە: پەتای وەرزیی لە منداڵاندا دەبێتە هۆی تووشبوون بە ئازاری قوڕگ، لوتگیران، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و پژمین و هەندێکجاریش هەستیاری، بەڵام ئەم نیشانانە لە ماوەی نزیکەی هەفتەیەک یان زیاتردا خۆیان دەبێت نەمێنن.
د. كارزان محەمەد لە بارەیە ئەوەی كە شروبی پەتا وەرزییەکان و هەڵامەت تا چەن ئاساییە بەکاربهێنرێت ڕوونیدەكاتەوە كە: بەداخەوە زۆرێک لە دایک و باوکان دوای بینینی یەکەم نیشانەکانی ئاوی لووت و هەڵامەت دەچنە دەرمانخانە و بە ڕاسپاردەی هاوکارانی دەرمانخانە یەکێک لە شروبەکانی هەڵامەت دەکڕن. هەروەها زۆربەی شروبەکانی هەڵامەت بۆ منداڵانی خوار تەمەنی یەک ساڵ بەکارهێنانیان باش نین. وە زۆربەی شەروبەکانی دژە کۆکە بۆ خوار تەمەنی یەک ساڵ بەکارنەهێنانی باشترە، چونکە ڕێگریکردن لە کۆکە وادەکات منداڵ نەتوانێت ئەو بەڵغەمە فڕێبدات کە لە قوڕگیدا دروست دەبێت.
وە پێویستە پێش بەکارهێنانی دەرمانی کۆکە هۆکاری کۆکەکە بزانرێت لە لایەن پزیشکەوە و بە پێی هۆکارەکەی چارەسەری بۆ بنوسرێت، چونکە لەوانەیە هۆکارەکەی (هەوکردنی سییەکان ، هەوکردنی توندی بۆرییەکانی هەناسە،یاخود هەوکردنی بەشی سەرەوەی کۆئەندامی هەناسە) بێت.
ئەو پزیشكە پسپۆڕەیە دەشڵێت: باشتر وایە ئەو دەرمانانەی کە دیفینهایدرامینیان تێدایە بۆ منداڵانی خوار دوو ساڵ نەنوسرێت. وە شروبەکانی دژە هیستامین (دژە هەستیاری ) وەکو سێتیریزین و زادیتن و کیتۆتیفێن لە خوار یەک ساڵەوە قەدەغەن.
جگە لەوەش تاکە دەرمانی ڕێگەپێدراو کە خۆت دەتوانیت بیدەیتە منداڵی سەرو دوو مانگ بریتییە لە ئەسیتامینۆفین(پاراسیتامۆڵ) بۆ کۆنترۆڵکردنی تا و بۆ ئاوی لووت و گیرانی لووت قەترەی ئاو و خوێ یان دیکۆسالین. سەرجەم دەرمانەکانی دیکە تەنها لەلایەن پزیشکی منداڵانەوە بۆی دەنووسرێت.
د. كارزان محەمەد تكا لە دایك و باوكان دەكات كە لە کاتی توشبوونی منداڵەکەت بە پەتا وەرزیەکان دوای بینینی پزیشک چاوەڕێ بکەن چونکە زۆربەی نیشانەکانی هەڵامەت بە شلەی زیاتر و چارەسەری ماڵەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت. ئامۆڤژگاری دایك و باوكانیش دەكات كە لە سێ حاڵەتدا منداڵەکانتان نیشانی پزیشکی پسپۆڕ بدەن:
1-کاتێک پلەی گەرمی لەشی منداڵ ٣٨.٥ پلەی تێپەڕاند.
2-ئەگەر منداڵەکە توشی هەستیارییەک بوو.
3-ئەگەر نیشانەکانی نەخۆشیەکەی دوای چەند ڕۆژێک کەمنەبووەوە.