رۆژنامەی ھەولێر

سیستەمی بەئەلیکترۆنیکردنی داتاکانی نەخۆش

ماكوان عێزه‌‌ت – هەولێر

 

لە کابینەی نۆیەمدا، بۆ خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتیان لە رووی تەندروستییەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگییەکی زۆری داوە بە سێکتەری تەندروستی؛ جگە لە دروستكردن و نوێكردنەوەی چەندین نەخۆشخانە و بنكەی نوێی تەندروستی لە سنووری شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان، هەروەها بۆ پێشخستنی سێکتەری تەندروستی چەندین پێداویستی و ئامێری پزیشکیی دابین کردووە و دەیان تاقیگەی جۆراوجۆری پزیشکیی دروست کردووە یان نۆژەنی کردوونەتەوە؛ سیستەمی بە ئەلیکترۆنیکردنی داتاکانی نەخۆشیش یەكێكی ترە لە دەستكەوتەكانی تەندروستی.

لە كابینەی نۆیەمدا، كە وەزارەتی تەندروستی بەر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان كەوت، د. سامان بەرزنجی كرایە وەزیری تەندروستی و توانیی لە ژێر ڕۆشنایی هێڵ و بەرنامەكانی كابینەی نۆدا خزمەتێكی زۆر بەو بوارە بگەیەنێت، هەروەها تواندرا شۆڕشێكی گەورە لە بواری یەكخستنەوەی نرخی دەرمان و نەهێشتنی دەرمانی ساختەدا بكات.
لە بواری زیاتر خزمەتی هاووڵاتیان كار كرا بۆ بەکارهێنانی سیستەمی ئەلیکترۆنی و دیجیتاڵ لە کاروباری رۆژانە، وەکو مۆڵەتی هێنانی دەرمان و بەرنامەکانی چاودێری تەندروستی سەرەتایی و ڤاکسین و نۆرەی ھاووڵاتیان و دابەشکردنی پزیشکان بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین و چاودێریکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان.
وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان لە بارەی سیستەمی بە ئەلیکترۆنیکردنی داتاکانی نەخۆش لە نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر گوتی: سیستەمەكە هەموو جووڵەیەکی نەخۆش هەر لە هاتنی بۆ نەخۆشخانە تاوەکوو دەرچوونی هەمووی تۆماردەکرێت.
د. سامان بەرزنجی، ئاماژەی بەوەشدا كە: ناوەڕۆکی کارکردنی تەندروستی بریتییە لە سیستەمی بە ئەلیکترۆنیکردن و داتای نەخۆش، چونکە هەموو بڕیارێکی دروست لەسەر بنەمای داتا دەدرێت، هەروەها ئەو بڕیارانەی لەسەر نەخۆشیش دەدرێت، لەسەر بەنامەی پرۆفایل و دۆسیەی نەخۆشە، گوتیشی: وردەوردە لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان دەستمان بە سیستەمی ئەلیکترۆنی کردووە، کە دواهەمین پرۆژەی بەئەلیتکترۆنیکردنی سیستەمی تەندروستی بریتییە لە نەخۆشخانەکانی شێرپەنجە.
ئاماژەی بەوەش دا، ئەو پرۆژەیەی لە نەخۆشخانەی شێرپەنجەی هیوا لە سلێمانیدا هەیە، لە نەخۆشخانەی نانەکەلییشدا بە بودجەیەکی باش پەرەی پێ دراوە؛ بەهەمان شێوەش بۆ بەشی شێرپەنجەی نەخۆشخانەی ڕزگاری و نەخۆشخانەی ئومێد لە دهۆکیش دابین کراوە.
لە بارەی وردەكاری سیستەمەكەوە، د. سامان بەرزنجی گوتیشی: ئەم سیستەمە هەموو خزمەتگوزارییەکانی نەخۆشانی شێرپەنجە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، هەر لە هاتنەژوورەوەی نەخۆش تاوەکوو دەچێتە دەرەوەی نەخۆشخانە. جگە لەوەش سیستەمی داتاکانی نەخۆش بەیەکەوە دەبەسترێتەوە. لەڕێگەی ئەو سیستەمەوە داتای هەموو نەخۆشێکی شێرپەنجە تۆمارە، ئەمەش ڕێگە لە بەهەدەردانی دەرمانی شێرپەنجەش دەگرێت، چونکە دەرمانی شێرپەنجە نرخەکەی زۆر گرانە و لە دەرەوەی نەخۆشخانە نییە، بۆیە هیچ پشکنین و، دەرمان‌بەکارهێنانێک نامێنێت کە لەو سیستەمە تۆمار نەکرێت.
باسی لەوەش کرد، بایۆمەترییەک بۆ هەموو هاووڵاتیان دەکەین، واتە هاووڵاتی خاوەنی کۆدی تەندروستی دەبێت، ئەمەش دەبێتە بنەمایەک بۆ ئەو یاسایەی کە ئێمە ئامادەمان کردووە و درافتەکەی لە ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی شوورا تەواو بووە، بڕیارە لە زووترین کات لە پەرلەمان بڕیاری لەسەر بدرێت وەکو یاسای بیمەی تەندروستی. کە هەموو هاووڵاتیەک دۆسیەی لە دەستی حکوومەت دەبێت بە سیستەمی ئەلیکترۆنی.
د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر وێڕای خۆشحاڵی خۆی بۆ بوونی ئەو سیستەمە گوتی: یەکێک لە گرنترین کارنامەکانی حکوومەت جێبەجێ دەکەین، ئەویش کەمکردنەوەی ڕۆتین و بە ئەلیکترۆنیکردنی سیستەمی تەندروستییە، کە لە هەولێر لە نەخۆشخانەی پیرمام، سەنتەری تالاسیما و بەڕێوەبەرایەتی بانکی خوێن كاری پێ دەكرێت.
ئەو سیستەمە، كاردەكات بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتری هاووڵاتییان لەناو نەخۆشخانە بكرێت و نۆرە و كاتی سەردانی دیاریبكرێت و چارەخواز بە مافی خۆی چاوی بە پزیشکی پسپۆڕ بکەوێت، ئەوە جگە لە ڕێكخستنی کاروباری نەخۆشخانەکە، هەروەها ئەو سیستەمە هۆكارێكیشە بۆ كەمكردنەوەی پاڵەپەستۆی سەر نەخۆشخانەکە، ئەمەش لە پێناو باشتر پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ نەخۆش.
ئەندازیار حەربی ئەسعەد بەڕێوەبەری تەكنەلۆژیای زانیاری لە وەزارەتی تەندروستی گوتی: ئەم سیستەمەی كاری بۆ دەكەین لە كەرتی تەندروستی، بەهەدەرداچوونی كات و پارە كەم دەكاتەوە، هەر نەخۆشێك دەبێتە خاوەنی ژمارەیەكی تایبەت بە خۆی وەك ناسنامە، بەمەش هەركاتێك سەردانی نەخۆشخانە بكاتەوە تەواوی داتاكانی تۆمارە و، بە ئاسانی دەبینرێتەوە، هەموو زانیارییەكانی ئەرشیف دەكرێت، لە 2019 گرێبەستمان ئامادە كردوە كە سەرجەم نەخۆشخانەكانی شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان پێكەوە دەبەسرێتەوە.
ئەندازیار حەربی ئەسعەد گوتیشی: كار لەسەر ئەوە دەكەین كە لە داهاتوویەكی نزیكدا سێكتەرە تەندروستییەكان پێكەوە ببەستینەوە و ئەم سیستەمە كە دای دەنێین نەخۆشخانەكان هەمووی بەیەكەوە دەبەستێتەوە بەكەرتی تایبەت و گشتی.
ئەم خزمەتگوزارییە و بەرەوپێشچوونەی كەرتی تەندروستی، ڕەنگدانەوەی خەمخۆری و بەرەوپێشبردنی كەرتی تەندروستییە لە چوارچێوەی كارەكانی كابینەی نۆیەمدا، كە هەمیشە پارتی دیموكراتی كوردستان وەك ئەركی سەرشانی خۆی و بەجێگەیاندنی بەڵێنەكانی بە هاووڵاتیان و دەنگدەران دەیگەیەنێتە جێ؛ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش هاووڵاتیان دەنگ دەدەن بە كاندیداکانی پارتی بە ژمارە 275 و، دڵنیان تا پارتی بەهێز بێت كوردستانیش بەهێز دەبێت، پارتی لە كوێ بێت ئاوەدانییش لەوێ دەبێت.