ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر
خانمان لە هەموو تەمەنەکان تووشی ئازاری مەمک یان مەمکئێشە دەبن، کە گرفتێكی خانمانە و دەکرێت لە پێش یان لە دوای ماوەی نەشۆران (راوەستانی سووڕی مانگانە) دروست ببێت، بەڵام بە زۆری لە خانمانی گەنج زیاترە و یەکێک لە گرفتەکانی ئازاری مەمکیش ئەوەیە کە زۆربەی خانمان شەرم دەکەن لای پزیشك، دایک و تەنانەت خوشکەکەیشی باسی بکەن.
د. ژیان خەلیل مەحمود پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مەمک لە حەوت خاڵدا تیشك دەخاتە سەر ئازارەكانی مەمك و دەشڵێت: هەرچەند لە 70%ی خانمان تووشی مەمکئێشە دەبن لە یەکێك لە کاتەکانی تەمەنیان، بەڵام لەو رێژەیە تەنیا 15%یان پێویستیان بە چارەسەری پزیشكی دەبێت.
د. ژیان خەلیل هۆکارە باوەکانی ئازاری مەمک ڕوون دەكاتەوە كە ئەمانەن:
1. کیسی مەمک:
مەمکی خانمان کۆمەڵێک قەبارە و شێوازی جیاوازی هەیە و مەترسی دروستبوونی ئازاری زیاترە، هەروەها لەکاتی دروستبوونی رژێن و جۆگەکانی شیرگواستنەوە لەنێو مەمک، مەترسیی دروستبوونی کیسەکانی مەمک زیاددەکات.
2. دەرمان:
کۆمەڵێک دەرمان هەن کە ئازاری مەمک دروستدەکەن، لەوانە:
• دەرمانەکانی نەزۆکی
• هۆرمۆنەکانی رێگریکرن لە منداڵبوون
• ئیسترۆجین و پرۆجیسترۆن لە دوای تەمەنی نەشۆران
• دەرمانەکانی خەمۆکی
• دەرمانەکانی میزکردن
3. نەشتەرگەریی مەمک:
ئەنجامدانی نەشتەرگەری و دروستبوونی برین و مانەوەی شوێنەواری برین هۆکارە بۆ ئازاری مەمک.
4. هەوکردنی شانە کڕکڕاگەییەکان:
هەوکردنی شانە کڕکڕاگەییەکانی کە پەراسووەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، هەرچەندە ئەمە پەیوەندی بە مەمک نییە، بەڵام زۆربەی خانمان بۆیان جیا ناکرێتەوە.
5. هەوکردنی مەمک:
ئەمانە چەند حاڵەتێکی بە ئازارن، زیاتر تووشی خانمانی شیردەر دەبن بەهۆی مانەوەی شیر و هەوکردنی روو دەدات و زۆرجار لەگەڵیدا ئازار، تا، بێهێزی و ئەستووربوونی مەمک روو دەدات.
6. سوخمەیەکی ناڕێک:
هەبوونی سوخمەیەکی زۆر تەسک، یان زۆر شل پاڵپشتی مەمکەکان لاواز دەکات و دەبێتە هۆی ئازار.
7. شێرپەنجەی مەمک:
زۆربەی حاڵەتەکانی شێرپەنجەی مەمک بێ ئازارن، بەڵام لە هەندێكیان ئازار و ناڕەحەتی دروستدەکات و پێویستیان بە پشکنین دەبێت.
د. ژیان خەلیل ئامۆژگاری خانمان دەكات كە پێویستە هۆشیاربن و لە کاتی پەیدابوونی ئازار سەردانی پزیشكی تایبەتی خۆیان بکەن، تاکو لە هۆکارەکەی دڵنیاببنەوە کە دەکرێت یەکێك لەمانەی سەرەوە بێت.

