ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر
گۆڕینی جومگەی ئەژنۆ، یان نەشتەرگەریی جومگەی ئەژنۆ، ڕێکارێکی نەشتەرگەرییە بۆ گۆڕینی ڕووی جومگەی ئەژنۆ کە تێک چووە.
گۆڕینەكە بەو بابەتە دەستکردانە دەکرێت کە لە کانزا و پلاستیک دروست کراون؛ بۆ ئەوەی ئازار کەم ببێتەوە و، لە ڕەقی دەرچێت و، رێک و رەوان بچەمێتەوە و کاری خۆی جێبەجێ بکات.
داخوران و تێکشکانی ناوپۆشە کڕکڕاگەییەکەی جومگەی ئەژنۆ دەبێتە هۆی کۆمەڵێک نەخۆشینی وەکو سەوەفان، ڕۆماتیزم، ماکەکانی پاش شکانی جومگە، دەردەپاشا.
گۆڕینی جومگەی ئەژنۆ چییە؟
د. دێدەوان نامیق رەسوڵ پسۆڕی نەشتەرگەریی ئێسک و شکان وەڵام دەداتەوە و، دەڵێت: جۆرێکە لە نەشتەرگەریی جومگەی ئەژنۆ، کە تیایدا بەشی خوارەوەی ئێسکی ڕان و بەشی سەرەوەی ئێسکی قاچ دەگۆڕدرێت بۆ پلاتین و جۆرێک لە ماددەی پلاستیک لە نێوانیان دادەنرێت بە مەبەستی دروستکردنی جومگەیەکی دەستکرد. هەندێک جار پێویستی بە گۆڕینی کڵاوەی ئەژنۆش دەبێت.
دەربارەی ئەوەی كە چ کاتێک پێویست و گونجاوە بۆ گۆڕینی جومگەی ئەژنۆ، د. دێدەوان دەڵێت: ئەم نەشتەرگەرییە بۆ بەتەمەنەکان دەکرێ و، کاتێک نەخۆش تووشی ئازارێکی زۆری جومگەی دەبێت لە ئەنجامی سەوەفان؛ کە هەموو ڕێگەچارەکانی دی تاقی کرایەوە و سوودی نەبوو، دەچینە سەر نەشتەرگەری. کاتێک نەخۆش لە بەر ئازار شەوانە خەوی لێ نەکەوێت و، ڕاستەوخۆ کاری کردە سەر چالاکی و ژیانی ڕۆژانەی، نەشتەرگەری چارەسەرێکی گونجاوە.
ئامادەکاری بۆ نەشتەرگەری
وەک هەر ڕێکارێکی نەشتەرگەری، نەشتەرگەریی گۆڕینی ئەژنۆ لەوانەیە چەند ئاڵۆزییەکیشی تێ بکەوێت؛ بۆیە بەزۆری ئامادەکاری بۆ ڕێکارەکە زۆر پێشوەختە دەکرێت بۆ ئەوەی هیچ کاریگەرییەکی لاوەکی ڕوو نەدات. لە قۆناغی پێش نەشتەرگەریدا، پزیشکەکان سەرەتا دڵنیا دەبنەوە لەوەی نەخۆشەکە دوورە لە میکرۆب یان هەوکردن. بۆیە ئەو شوێنانەی لەش کە هەوکردنیان زۆرە، وەک پێست، بەزۆری لەلایەن پزیشکی چاودێرەوە پشکنینیان بۆ دەکرێت. ئەمەش لە ڕێگەی پشکنینی کلینیکیەوە دەکرێت بۆ دڵنیایی لە سەلامەتی ئەژنۆ و پێست و تەواوی قاچ. هەروەها پشکنینی خوێن و میزی بۆ دەکرێت.
هاوكات لە قۆناغی ئامادەکاری بۆ نەشتەرگەرییەکە پێویستە دڵنیا بکرێتەوە لە توانای جەستە بۆ بێهۆشخستن، بەتایبەتی کە زۆربەی ئەو نەخۆشانەی ئەم نەشتەرگەرییەیان بۆ دەکرێت بەساڵاچوون، کە زۆرجار بەرگری لەشیان لاوازە و تووشی هەندێک نەخۆشینی درێژخایەن دەبن. بۆیە نەخۆشەکان ئاراستە دەکرێن کە هەندێک پشکنینی تایبەت كە پزیشكەكە دەستنیشانی دەكات ئەنجام بدەن بۆ دڵنیایی لە سەلامەتیی زۆربەی کارەکانی لەش. لە کۆتاییدا نەخۆش لەگەڵ پزیشکی بێهۆشکەر کۆ دەبێتەوە بۆ دڵنیایی لە سەلامەتی هەموو پشکنینەکان و هەڵبژاردنی بێهۆشکەری گونجاو.
قۆناغی نەشتەرگەری
نەخۆش لە ڕۆژی نەشتەرگەرییەکەدا دەگاتە نەخۆشخانە بۆ ئەوەی لەگەڵ پزیشکی پسپۆڕ کۆ ببێتەوە، کە وردەکارییەکانی نەشتەرگەرییەکە ڕوون دەکاتەوە. پاشان نەخۆشەکە دەگوازرێتەوە بۆ ژووری نەشتەرگەری.
دوای نەشتەرگەری
دوای نەشتەرگەرییەکە، نەخۆشەکە دەبێت هەوڵی جووڵاندنی ئەژنۆی بدات، وردەوردە لەسەری بڕوات و، دەست بە دانیشتنەکانی چارەسەری فیزیایی بکات تا توانستی ڕۆیشتنی ئاسایی خۆی بەدەست دەهێنێتەوە. بە شێوەیەکی ئاسایی لە ماوەی مانگێکدا نەخۆش دەتوانێت بەبێ هیچ هاوکارییەک بە پێ بڕوات.

