رۆژنامەی ھەولێر

زانیاریی ورد دەربارەی دڵ

ماكوان عێزه‌‌ت-هەولێر

نەخۆشکەوتنی خوێنبەرەكانی دڵ، نەخۆشینێکی هەرە باو و بەربڵاوی دڵە و، هۆكارێکی سەرەكیی مردنی پێشوەختەیە لە سەرانسەری جیهاندا.

زۆربەی كات نەخۆشیەكانی خوێنبەرەكانی دڵ بەهۆی ڕەقبوونی (تەسكبوونی) خوێنبەرەكانی دڵ دێتك بەڵام هەندێك جاریش بەهۆی هەوكردنی شاخوێنبەر (Aortitis) یان هەوكردنی خوێنبەرەكان (Polyarteritis) یان بەهۆی نەخۆشی بەستەرە شانەكان دەبێت.
د. ئازاد مەنتک پزیشکی پسپۆڕی هەناو و دڵ ڕوونی دەكاتەوە نەخۆشکەوتنی خوێنبەرەكانی دڵ بەشێوەی یەك لەم دیاردانە دێت:
1. سینگەكوژێی جێگیر
2. سینگەكوژێی ناجێگیر
3. نۆرەی دڵ
4. پەككەوتنی دڵ
5. تێكچوونی ترپەی دڵ
6. مردنی لەناكاو.
سینگەكوژێ‌:
د. ئازاد مەنتک دەڵێت: سینگەكوژێ‌ لە ڕاستیدا كۆنیشانەیەكی ئاڵۆزە؛ کە ماسوولكەكانی دڵ، خوێنی بۆ چوو، سینگەکوژێی لێ پەیدا دەبێت، هەروەك دەزانین دڵ لە ترۆمپایەكی گۆشتی دەچێت و بەتایبەتی سكۆلەی چەپ كە گەورەترین بەشی دڵە، خۆراكی پێویستی لە ڕێگای خوێنبەرەكانی دڵەوە بۆ دەچێت كە دوو خوێنبەرن (راست و چەپ) كە چەند لقوپۆپێكیان لێ دەبێتەوە و تەواو ماسوولكەكانی دڵ بەهۆی ئەو دوو خوێنبەرەوە خۆراكی پێویستیان بۆ دەچێت؛ كەواتە سینگەكوژێ‌ دیاردەیە و نەخۆشی نیە. دیاردەكە لە ئەنجامی خوێن بۆ نەچوون بۆ ماسوولكەكانی دڵ پەیدا دەبن؛ بەزۆریش هۆكاركەی بەهۆی ڕەقبوونی خوێنبەرەكان دڵ یان بەهۆی نەخۆشییەكانی دڵەوە تووشی مرۆڤ دێت؛ وەك: نەخۆشیەكانی زمانەكانی شاخوێنبەر وە ئەستوورداگەڕانی دڵ.
سینگەكوژێ بە گوێرەی باری نیشانەكانی بۆ چەند جۆرێك دابەش دەكرێت، بۆ نموونە:
1. سینگەكوژێی بێدەنگ (بەناوساڵداكەوتووان و ئەوانەی نەخۆشینی شەكرەیان هەیە، دەیگرن).
2. سینگەكوژێی جێگیر (لە باری دیاریكراو و لە كاتی دیاریكراو) نیشانەكانی نەخۆشینەكە بۆ مرۆڤ دێت.
3. سینگەكوژێی ناجێگیر (كە نیشانەكان بۆ یەكەم جار بێت یان زۆرتر بێت یان وەك جاران نیشانەكان بە وەرگرتنی دەرمان چاك نەبێت).
نیشانەكانی
ئەو نیشانە گرنگانەی نەخۆشەكە باسی دەكا و، وەك چیرۆك بۆ پزیشكی دەگێڕێتەوە؛ گرنگترین هەنگاوی دەستنیشانكردن لە قسەی نەخۆشەكەوە دەست پێ دەكات و، پزیشكەكە دەبێت گوێگرێكی باش بێت؛ بەزۆریش نەخۆش سینگئێشانەکەی بە شێوەی گرانایی یان بلۆك لەسەر سینگ وەسف دەكات یان هەردوو دەستی توند دەكات و لەسەر سینگی دایدەنێت. دەربارەی نیشانەی تەنگەنەفەسی دەڵێت وەك ئەوەی بمخنكێنن وایە! ئەو نیشانانە بە خەم و پەستی (سترێس) و ماندوویەتی زیاد دەكات و بە حەوانەوە و ئارامش نیشانەكان نامینێن. هەندێك كەس دەبینین لەگەڵ ماندوویەتی نیشانەكانیان بۆ دێت و دوای گەرمبوون لە ماندووبوون نیشانەكان نامینێن.
ئەو نیشانە سەرەكیانەی پێویستە بەدوایدا بگەڕێیت، زۆربەی كات هیچ نیشانەیەك نییە، بەڵام دەبێت پزیشك بزانێت ئایا نەخۆشەكە نەخۆشی زمانەی شاخوێنبەری هەیە هەروەها ئایا نەخۆشیە مەترسیدارەكان وەك بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و نەخۆشی شەكرەو ئەستووربوونی دڵ و نیشانەكانی ڕەقبوونی خوێنبەرەكانی هەیە هەروەها ئایا نەخۆشەكە نیشانەی ئاڵۆزیەكانی وەك كەمخوێنی و زیادبوونی هۆڕمۆنی ڕژێنی دەرەقیی هەیە و هۆكارەكانی كە نیشانەكان زیاد دەكەن و وادەكات كەسەكە نۆبەی بۆ بێت:
1. هۆكاری باو
• ماندوویەتی؛
• سەرما؛
• زۆرخواردن؛
• خەم و دكەڕاوکێ و تووڕەیی.
2. هۆكاری دەگمە:
• پاڵكەوتن (سینگەكوژێی‌ پاڵكەوتن)
• زیندەخەون (سینگەكوژێی شەوانە)
پشكنینەكان:
1. هێڵکاریی دڵ (ECG) لە دۆخی ئارامشدا: لە زۆربەی كاتدا، هێڵكاری دڵ لە باری ئارامشدا ئاسایی دەبێت و، نیشانەی وای لێ بەدی ناكرێت. هەندێك جار لە كاتی هاتنی نیشانەكاندا هێڵکارییەکە دەگۆڕێت؛ هەروەها باری دڵ دیاری دەكات كە پزیشك بە لێكدانەوەی نیشانەكان و هێڵکاریی دڵ بەدەستیان دێنێت.
2. پشكنین، رێک دوای ماندوویەتی یان بە دەم ماندووکردنەکەوە:
أ. هێڵکاریی دڵ لەكاتی ماندووبوون: ئەو پشكنینە بە ماندووكردنی نەخۆشەكە بە پایسكیلسواری یان بە ڕۆیشتن، لەگەڵیدا هێڵکاریی دڵ و فشاری خوێن و، نیشاەنەكان چاودێری دەكرێت. بەو پشكنینەدا دەکرێ بزانین: ئایا نەخۆشەكە سینگەكوژێی هەیە؟ چەندە بەرگەی ماندوویەتی دەگرێت؟ كێن ئەوانەی مەترسییان لەسەرە؟ هەموو کاتێک ئەو پشكنینە دەرئەنجامی تەواو نادات بەدەستەوە؛ بۆنموونە: ئەوانەی دەرمانی دیجۆكسین وەردەگرن یان ئەستووربوونی دڵیان هەیە یان نەخۆشینی (دیاردەی وۆڵف پاركنسنیان) هەیە، ئەوانە پشكنینی هێڵکاریی دڵیان ڕاست دەرناچێت، تەنانەت لە کاتی ماندوویەتییشدا.
ب. ڕادەی ڕەنگوەرگرتنی ماسوولكەكانی دڵ: ئەگەر هێڵکاریی دڵ لە كاتی ماندوویەتییشدا، هیچ دەرئەنجامێكی نەبێت.
ج. ئیكۆ بە ماندووبوونەوە: هەروەك پشكنینەكەی ڕەنگكردنەكەیە و هەمان ڕێژەی ڕاستیان هەیە؛ پزیشکی پسپۆڕ بە ئیكۆ سەیری دڵ دەكا لە كاتی ئارامشدا و لە کاتی شەکەتی و ماندوویەتییشدا؛ گرژبوونی ماسوولكەكانی دڵ دەداتە بەر سەرنج، لە ئارامش و شەکەتیدا (چ بە دەرمان بێت یان بە وەرزشكردن)؛ دەبینین ئەو ماسوولكەیەی تووشی نەخۆشی سینگەكوژێ بووە، كرژبوونی نیە هەر كشانی هەیە بەڵام ماسوولكە ئاساییەكە كرژبوونەکەی ئاساییە.
3. تیشكی ڕەنگاوڕەنگی خوێنبەرەكان: بە زمانی خەڵک (قەستەرە)ی پێ دەڵێن. بەو تیشکەدا، پێكهاتە و توێكاریی خوێنبەرەكانی دڵ دەخوێندرێتەوە؛ بە زۆرییش لەگەڵ دانانی شەبەكە (PCI) یان گۆڕینی موولوولە خوێنبەرەكانی دڵ (CABAG) دەكرێت و، هەندێك جاریش ئەگەر پشكنینەكانی دی هیچ دەرئەنجامێكیان نەدا بەدەستەوە، كەسەكە هەر ژانەسینگی هەبوو، ئەو پشكنینەی بۆ دەكرێت.
چارەسەر
ئەو پزیشكەی سینگەكوژێی جێگیر چارەسەر دەکات، دەبێ ئەو خاڵانەی خوارەوە رەچاو بکات:
1. بەرچاوڕوونی و زانینەوەی تەواو؛ دڵی نەخۆشەکە چەند موولوولەخوێنی لێ گیراوە یان تەسك بووەتەوە؛ واتە: زانینی هۆكاری تووشبوونەكەی بە تەواوەتی.
2. زانین و دیاریكردن و چارەسەركردنی هۆكارە مەترسیدارەكانی سینگەكوژێ؛ وەك: بەرزبوونەوەی فشارخوێن، هەڵکشانی رێژەی چەوراتیی ناو خوێن و جگەرەكێشان.
3. جیاكردنەوەی ئەوانەی مەترسیی زۆریان لێ دەكرێت و چارەسەركردنیان.

چارەسەركردن، چەند هەنگاوێك دەگرێتەوە:
1. هۆشیاركردنەوەی نەخۆشەكە و ڕوونكردنەوەی باری نەخۆشینەكەی و، مەترسی و ماكەكانی. یارمەتیدانی دەروونی و پەیوەندیەكی باش و خولقانی متمانە لەنێوان پزیشك و نەخۆشدا؛ هەوڵ بدرێت نەخۆشەكە هەر پرسیارێكی هەبێت پزیشكێك وەك پزیشكی تایبەتمەندی كەسەكەی لێ بێت و، پرسیارەكان لەو پزیشكە بكرێت.
2. بەبێ دەرمان:
• دووركەوتنەوە لە جگەرەكێشان.
• خۆپاراستن لە قەڵەوی و چاودێریكردنی كێشی لەش.
• وەرزشكردن (بەڵام وەرزشكردن نابێت خۆكوژی بێت و بەدەر لە توانست).
• خۆپاراستن لە خۆماندووکردنی زۆر؛ بە تایبەتی لە دوای خواردنی خۆراكی زۆر و لە كەشوهەوای سارد و لە سەرمادا.
• بەکارهێنانی حەبی بن‌زمان پێش خۆماندووکردن.
3. نەشتەرگەری: بەگوێرەی چەندێتی و چۆنیەتی و ژمارەی خوێنبەرە گیراوەكان، پزیشك یەك لەو دوو نەشتەرگەریانەی خوارەوە بەكار دێنێت:
_ شەبەكە و باڵۆن
_ گۆڕینی خوێنبەرەكانی دڵ.