رۆژنامەی ھەولێر

مامۆگرافی؛ خانمان کەی تیشكی مەمک بگرن؟

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر

پشکنینی مامۆگرافی یەکێک لە رێگە هەرە گرنگەکان بۆ خۆپارستن لە شێرپەنجەی مەمک، مامۆگرافی جۆێکی تایبەتی تیشکە بۆ مەمک دەکرێت، بەبەکارهێنانی وزەیەکی کەمی تیشک کە بەر نەخۆش دەکەوێت.

ئەم پشكنینیە،بۆ دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک ئەنجامدەدرێت. پشکنینی مامۆگرافی ناتوانێت ڕێگری لە شێرپەنجەی مەمک بکات، بەڵام دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دۆزینەوەی پێشوەختەی شێرپەنجە، پێش ئەوەی هەستی پێ بکرێت یان پێش ئەوەی نیشانەکانی هەبێت، هەموو ئافرەتێکی سەروو تەمەن ٤٠ ساڵان پێویستە ساڵی جارێک ئەو پشکنینە بکەن، بەتایبەتی ئەوانەی پێشینەی خێزانی تووشبووی شێرپەنجەی مەمکیان هەیە.

د. ژیان خەلیل مەحمود پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مەمک بەکارهێنانی مامۆگرافی لە خانمان ڕوون دەكاتەوە كە:
1. مامۆگرام یارمەتی پزیشکان دەدات بۆ دیاریکردنی هۆکاری نەخۆشی لە مەمکدا، لەو کاتەی کیس و گرێی لێ هاتبێ، کیس، یان گۆی مەمک گۆڕابێ.
2. بە مەبەستی زوو دەستنیشانکردنی هەر گرفتێک لەوانەی بە ڕوواڵەت هیچ نەخۆشییەکی مەمکیان نییە.
3. بەدواداچونی شێرپەنجە دوای چارەسەروەرگرتن.
4. دووهەم پشکنینی مەمک، بۆ ئەو خانمانەی مەمکێکیان تووش بووە.

کێ بۆی بکرێت؟
• هەموو ژنێکی تەمەن سەروو ٣٥ ساڵان، ساڵێ جارێک پشکنینی بۆ بکرێت؛ بە تایبەت لەو خێزانانەی بە بۆماوە شێرپەنجەیان بۆ دەمێنێتەوە.
• سەروو ٤٠ ساڵان، کە شێرپەنجەی بۆماوەیییان نییە ساڵێ جاریک یان دوو ساڵ جارێک .
• ئەوانەی شێرپەنجەیان هەیە و لە ژێر چاودێریی پزیشکیدان، سێ تا شەش مانگ‌ جارێک .

چۆن بۆ مامۆگرافی ئامادە ببم؟
دەبێت لە ڕۆژی مامۆگرافیدا کۆمەڵێک ڕێکاری تایبەت پەیڕەو بکەن.
نابێت دژەئارەقە، پاودەری جەستە، یان بۆن لە خۆتان بدەن. هەروەها نابێت هیچ جۆرە مەڵهەم و کرێمێک لە سینگ و بنباڵ بەکار بێنن. ئەم ماددانە دەتوانن وێنەکان بشێوێنن یان وەک بەڵخی کەلسیۆم دەرکەون. کەوابوو، زۆر گرنگە لێیان دوور بن.
ئەگەر دووگیانن یان بەرمەمکانەتان هەیە، پێش پشکنین بە پزشکی تیشکناسی بڵێنەوە. بە گشتی لەم قۆناغەدا، مامۆگرافی باش نییە.