رۆژنامەی ھەولێر

زانیاری دەربارەی قەستەرە و جەڵتەی دڵ و چەوریی خوێن

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

 

نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان هۆکارێکی سەرەکیی مردنە لە سەرانسەری جیهاندا.

زۆرجار، هیچ نیشانەیەکی سەرەتایی بەدیار ناکەون و ڕەنگە جەڵتەی دڵ یەکەم نیشانەی نەخۆشییە بنەڕەتییەکان بێت. نیشانەکانی جەڵتەی دڵ بریتین لە:
– ئازار یاخود ناڕەحەتی لە ناوەڕاستی سنگدا.
– ئازار یان ناڕەحەتی لە قۆڵ، شانی چەپ، ئەژنۆ، چەناگە، یان پشت.
جگە لەوەش کەسەکە لەوانەیە تووشی کێشەی هەناسەدان یان هەناسەتەنگی بێت؛ سکچوون یان ڕشانەوە، سەرەسووکە یان بێهۆشکەوتن، ئارەقەی سارد و کاڵداگەڕانی رەنگی پێست. ژنان زیاتر لە پیاوان تووشی هەناسەتەنگی و سکچوون و ڕشانەوە و ئازاری پشت یان چەناگە دەبن.
لەکاتی هەبوونی ئەم نیشانانە پێویستە بە زووترین کات سەردانی نەخۆشخانە بکەن.
لێرەدا زانیاری دەربارەی قەستەرە و جەڵتەی دڵ و چەوریی خوێن دەخەینە ڕوو كە ئەم سێ زاراوەیە لە زۆربەی كاتەكات گوێبیستی دەبن:

قەستەرە:
قەستەرە بۆ دیاریکردنی نه‌خۆشینە‌ زگماكیه‌كانی دڵه‌، قەستەرە بۆ ناسینه‌وه‌ و ده‌ستنیشانكردنی گیران و ته‌سكبوونه‌وه‌ی دڵ و بۆڕیه‌كانی خوێنه‌.
د. دانا حەمەباقی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی دڵ و قەستەرە ڕایدەگەیەنێت قەستەرە بۆ ئەو كەسانە دەكرێت كە تووشی جەڵتەی دڵ بوون، یان ئەو كەسانەی ئازاری سنگیان هەیە یاخود تووشی تەنگەنەفەسی دەبن لەكاتی ڕۆیشتن و جووڵەكردن بەهۆی گیرانی دەمارەكانەوە.

جەڵتەی دڵ:
د. سوركێو لەتیف پسپۆڕی ورد لە نەخۆشییەكانی دڵ و قەستەرەی بۆڕییەكانی خوێن ڕوونی دەكاتەوە جەڵتەی دڵ لای كەسانی بەتەمەن و گەنجانیش روو دەدات، جەڵتەی دڵ یەكێكە لەو نەخۆشیانەی بەهۆی مەیینی خوێنەوە دەمارەكانی دڵ دەگیرێت یاخود دەبێتە هۆی تەسكبوونەوەی و سەرەنجام جەڵتە دروست دەكات، ئەم نەخۆشینە هەردوو ڕەگەز دەگرێتەوە و بەشێوەیەكی بەرچاو پیاوان تووشی دەبن، جەخت دەكاتەوە كە دەبێت تووشبووانی جەڵتە بەزووترین كات بگەیەنرێنە نەخۆشخانە.

چەوریی خوێن:
د. داهات جەمال ئاماژە بەوە دەكات كەوا بەرزبوونەوەی چەوریی خوێن نیشانەیەكی تایبەتی نییە، چەوریی خوێن سێ جۆری سەرەكی هەیە؛ چەوراتیی ناو خوێن و چەوراتیی سەر جگەر و چەوراتیی دڵ كە بە هۆكاری جیاجیا زیاد دەكات و زۆرێك لە مرۆڤەكان پێوەی دەناڵێنن.
د.داهات جەمال پزیشكی پسۆڕی نەخۆشینەكانی دڵ و هەناو ئاماژە بەوەش دەكات ئەو كەسانەی چەوریی خوێنیان بەرزە واباشە بجووڵێن و وەرزش بكەن و سەوزە و میوە زۆر بخۆن و خۆیان بەدوور بگرن لە شیرینی خواردن و، گۆشتی سوور كەم بخۆن.