رۆژنامەی ھەولێر

ئۆكتۆبەر؛ مانگی پەمەیی مانگی هۆشیاری دەربارەی شێرپەنجەی مەمک

ماكوان عێزه‌‌ت – هەولێر

 

مانگی ئۆکتۆبەری هەموو ساڵێک وەک مانگی هۆشیاری دەربارەی شێرپەنجەی مەمک دەستنیشان کراوە؛ شێرپەنجەی مەمک، دووهەم شێرپەنجەی هەرە باو لە جیهاندا، بۆ ئەمساڵیش بە دروشمی “یەک پشکنین هەموو ژیانت دەگۆڕێت” بڕیار وایە لایەنە پەیوەندیدارەكان هەڵمەتی هۆشیاری ڕابگەیەنن.

هۆکارەکانی مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک بریتین لە مێیینایەتی، قەڵەوی، خواردنەوەی ئارەقەمەنی، تەمەنی بەرز، مێژووی خێزان، شێرپەنجەی پێشووی مەمک، تیشکبەرکەوتن، چارەسەری هۆرمۆن و، هەندێک گۆڕانکاریی بۆماوەیی.
بیرۆکەی دیاریکردنی مانگی ئۆکتۆبەر وەک مانگێکی هۆشیاری بۆ ژنان بەتایبەتی و کۆمەڵگا بەگشتی سەبارەت بە شێرپەنجەی مەمک، ٣٥ ساڵ لەمەوبەر لە ئەمریکاوە سەرچاوەی گرتووە. پرۆژەیەکی هاوبەشە لە نێوان کۆمەڵێک ئۆرگانی پزیشکی و ڕێکخراوەکان و دەزگاکانی حکومەتی ئەمریکادا.
ئامانج لێی هۆشیارکردنەوەی خەڵکە لە نەخۆشییەکە و هاوبەشکردنی زانیاری لەسەری و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی پشکنین و پشکنینی پەیوەندیدارە. لەسەر ئاستی جیهانی، ڕێکخراوە جیهانییەکەی تەندروستی، هانی بیرۆکەکە و جێبەجێکردنی لە وڵاتاندا داوە، لەبەر ئەو ڕۆڵەی کە دەیگێڕێت لە هۆشیارکردنەوەی خەڵک لەسەر شێرپەنجەی مەمک.

شێرپەنجەی مەمک
نەخۆشییەکە کاتێک پەیدا دەبێت کە خانەکانی ناو مەمک دەگۆڕێن و، بە شێوەیەکی نائاسایی دەست دەکەن بە زۆربوون. لە قۆناغەکانی دواتردا پەلمان (وەرەم)ـەکە بۆ بەشەکانی تری مەمک بڵاو دەبێتەوە یان دەگوازرێتەوە بۆ ناوچەکانی تری لەش.
ئامارەکانی ڕێکخراوە جیهانییەکەی تەندروستی ئاماژە بەوە دەکەن کە ساڵانە ملیۆنێک و ٣٨هەزار حاڵەتی نوێی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک تۆمار دەكرێت؛ ساڵانە ٤٥٨هەزار کەس بەو نەخۆشییەوە دەمرن. هەرچەندە نەخۆشییەکە تووشی ژنان دەبێت، بەڵام بە ڕێژەیەکی کەمتر پیاوانیش مەترسییان لەسەرە.
چەند هۆکارێک ڕۆڵیان هەیە لە شێرپەنجەی مەمکدا، وەك لە پێشەكیەكەدا باس كرا، بەڵام هێشتا زاناکان بە تەواوی لە میکانیزمی وردی نەخۆشییەکە تێنەگەیشتوون. بۆیە ڕێکخراوە جیهانییەکەی تەندروستی دەڵێت جگە لە گرنگیدان بە خۆپاراستن، گرنگە خەڵک پەروەردە بکرێت لەسەر شێوازەکانی زوو دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک.

ئامانج لە هۆشیاركردنەوەی خەڵك:
1. بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵگا سەبارەت بەو هۆکارانەی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک زیاد دەکەن.
2. بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری دەربارەی شێوازەکانی خۆپاراستن لە شێرپەنجەی مەمک.
3. بۆ تیشکخستنەسەر گرنگیی دەستنیشانکردنی پێشوەختە، پێشخستنی، گروپی ئامانج، شوێنی خزمەتگوزارییەکان و، پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتگیرەکانی خۆپاراستن لە شێرپەنجەی مەمک، لە دۆزینەوەوە تا چارەسەرکردن.

خۆپاراستن لە مەترسیی شێرپەنجەی مەمك
شێرپەنجەی مەمك بە یەكەمین جۆری شێرپەنجە دادەنرێت لە ڕووی ژمارەی تووشبوانەوە، لەڕووی مردن بەم شێرپەنجەیەشەوە بە دووەم هۆكار دێت لە دوای شێرپەنجەی سیپەلاک .
پزیشكان جەخت دەكەنەوە، لە كاتی دەركەوتنی گرێ یان هەبوونی ئازار و ناڕەحەتی لە مەمكدا نابێت ببێتە هۆكارێك بۆ دوودڵی و دڵەڕاوكێ‌، لەبەرئەوەی زۆربەی حاڵەتەكان لە جۆری شێرپەنجەی پاكن و ناكوشندەن؛ لە حاڵەتی شێرپەنجەی هاریشدا دەتوانرێت چارەسەر بكرێت، بە تایبەت ئەگەربێتو زوو دەستنیشان بكرێت .
واتە سەرەكیترین هۆكار بۆ چارەسەركردنی ئەم جۆرە شێرپەنجەیە، بریتییە لە زوو دەستنیشانكردن و ناسینی پێشوەختە، ئەویش بە چەند ڕێگایەك دەكرێت كە بریتین لە :
1. خۆپشكنینی مانگانە؛ كچ و ئافرەت، بە دەستی خۆی مەمکی خۆی بپشکنێت.
2. پشكنینی پزیشكی؛ پزیشكی پسپۆڕ و تایبەتمەندی بوارەكە، پشکنینەکە بکات .
3. پشكنینی مەمک بە تیشك؛ واتە مامۆگرافیکردنی مەمك .
4. هەروەها دەشتوانرێت بە ناسینەوەی نیشانە پێشوەختەكانی ئەو جۆرە شێرپەنجەیە، حاڵەتەكە زوو دەستنیشان بكرێت و، پرۆسەی چارەسەركردن ئاسانتر بكات؛ ئەوانیش بریتین لە :
• لێهاتنی گرێ‌ لە مەمكدا.
• چاڵداگەڕانی پێستی مەمك، نیشانەی شێرپەنجەیە .
• گۆڕانی ڕەنگی پێستی مەمك و سووربونەوە و، لێهاتنی برین لەسەر پێست .
• گۆڕانی ڕەنگی گۆی مەمك.
• دەرگاکردنی شلەی نائاسایی و خوێناوی لە گۆی مەمكەوە.
• پەیدایشتی گرێ لە بنباڵدا.
• مەمكئێشە.