ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر
ساڵانە لە 29ی ئەیلوول ڕۆژی جیهانی دڵ بەڕێوەدەچێت، ئامانجی ئەم ڕۆژە هۆشیاری جیهانییە سەبارەت بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان و هاندانی خەڵک بۆ گرتنەبەری شێوازێکی ژیانی تەندروست.
دروشمی ئەمساڵ بریتییە لە “هیچ ترپەیەک لەدەست مەدە”، بەمەش لایەنە پەیوەندیدارەكان و ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی داوا لە حکومەتەکان دەکات هەنگاوی کاریگەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکانی دڵ بگرنە بەر.
ئامانج لەم یادەیە بیرخستنەوەیەکی جیهانییە بۆ گرنگی تەندروستی دڵ و شەڕی بەردەوام دژی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان.
لەسەر ئاستی جیهان ساڵانە نزیکەی 17.9ملیۆن کەس بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکانەوە دەمرن كە نزیکەی 32% جیهان پێکدەهێنێت، ئەمەش وایکردووە هۆکاری سەرەکی مردنبێت, ئەم ئامارانە تیشک دەخەنە سەر پێویستی بەپەلەی هۆشیاری و خۆپاراستن و ستراتیژی چارەسەری کاریگەر. نەخۆشی دڵ چەندین هۆکاری مەترسی هەیە، هەندێکیان دەتوانین کۆنترۆڵی بکەین، هەندێکی تریش ناتوانین:
ئەو هۆکارانەی کە دەتوانیت کۆنترۆڵی بکەیت بریتین لە جگەرەکێشان، خۆراکی ناتەندروست، قەڵەوی، فشاری دەروونی، کەمی چالاکیی جەستەیی، دەموددانی خراپ، بەرزیی پەستانی خوێن، شەکرە و بەرزیی چەوراتیی خوێن.
ئەو هۆکارانەی کە ناتوانیت کۆنترۆڵی بکەیت بریتین لە تەمەن، ڕەگەز (پیاوەکان زیاتر تووشی نەخۆشییەکانی دڵ دەبن) و، بۆماوەی خێزان.
ئامانج لەم یادە جیهانییە:
1- بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری لە تەندروستی دڵ و خێراکردنی ڕێکارەکانی خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان، دۆزینەوە و، چارەسەركردنی.
2- هاندانی شێوازی ژیانی تەندروست و خووی باشی خواردن.
3- داڕشتنی پلانی وازهێنان لە جگەرەکێشان بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ.
4- کەمکردنەوە و هۆشیاری بەرزی پەستانی خوێن و شەکرە لە جیهاندا.
5- هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە گرنگیی وەرزشکردن بۆ ماوەی لانیکەم ٣٠ خولەک لە ڕۆژێکدا، بەو پێیەی وەرزشکردن ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ کەم دەکاتەوە.

